ئەمەریكا لە ئاسمانەوە شەڕی حەشدی شەعبی وێنە دەگرێ

:: AM:11:17:01/11/2016 ‌

گوتەبێژی میلیشیاكانی عەسائیبی ئەهلی حەق ئاشكرای كرد، فڕۆكەكانی ئەمەریكا لە ئاسمانەوە لە جیاتی پشتیوانیكردنمان، وێنەی ڤیدیۆییمان دەگرن و بە وردی چاودێریمان دەكەن.

جەواد تەلیباوی ئاشكرای كرد، فڕۆكەكانی ئەمەریكا بنكە و بارەگا و سەنگەرەكانی شەڕی حەشدی شەعبی لە مووسڵ بە ڤیدیۆ تۆمار دەكەن.

هەروەها گوتی، ئەمەریكا و توركیا كۆسپ لە بەردەم پرۆسەی رزگاركردنەوەی مووسڵ دروست دەكەن، ئەوان دەیانەوێ وێنەمان بگرن و كێشە بخەنە نێو سەنگەرەكانمان و دواتر بڵاوی بكەنەوە.

ئاماژەی دا، ئەمەریكا نایەوێت لە میحوەری رۆژئاوای شارەكە پێشڕەوی هەبێت، بۆیە خەریكی كۆسپ دروستكردنە بۆ حەشدی شەعبی.

تۆماركردنی سەنگەرەكانی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆكەكانی ئەمەریكاوە، بۆ ئەوەیە تۆماری هەر پێشێلكارییەكی میلیشیاكانی شیعە بكات و دواتر بیكات بە بەڵگە لەسەریان و بەكاری بهێنێت.

میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە باشوور و رۆژئاوای مووسڵەوە، پێشڕەوی بۆ گەمارۆدانی زیاتری شاری مووسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەوا دەكەن.

حەشدی شەعبی لە 13ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 لەسەر بنەمای فەتوایەكی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەف بۆ پاراستنی شوێنە ئاینییە پیرۆزەكانی شیعە و پاڵپشتیكردنی سوپای عێراق دامەزرا، ژمارەیان 140 هەزار چەكدار دەبێت و بودجە و چەكیان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ دابین كراوە و لە میانەی بەشدارییان لە شەڕەكانی ئەنبار و  تكریت و فەلووجە و ناوچەكانی دیالە و باشووری كەركووك پێشێلكاری گەورەیان بەرامبەر بە یاساكانی جەنگ و بنەماكانی مافی مرۆڤ ئەنجام داوە، لە تكریت ماڵ و سامانی خەڵكیان دزی و لە فەلووجە بە مووشەك هاووڵاتییانی سڤیلیان بۆردمان كرد و لە دیالە و ناوچەكانی تریش نزیكەی 250 مزگەوتیان وێران كردووە و تەقاندوویانەتەوە.

سەرچاوە/ ئەلتەغیر


وشە - باز ئه‌حمه‌د