ئەردەوان كامكار مامۆستا و ژەنیاری بەتوانای ئامێری سەنتوور، كۆمەڵێك ئاوازی بە بۆچوون و شێوازی كوردانە بۆ سەنتوور داڕشتووە و لە چوارچێوەی كتێبێكدا بەچاپی گەیاندووە.
كتێبی "كۆمەڵە میلۆدییەكان" لە نووسین و ئامادەكردنی ئەردەوان كامكارە و بڕیارە رۆژی هەینی 4ی تشرینی دووەم/نۆڤەمبەر لە تەلاری وەحدەتی تاران بە ئامادەبوونی كۆمەڵێك هونەرمەندی ناوداری كورد و ئێرانی، نمایش بكرێت.
وەك نەریتێك كە لەناو بنەماڵەی كامكارەكاندا هەیە، بڕیارە لەو رێوڕەسمەدا بیژەن كامكار، مامۆستا و بەڕێوەبەری گرووپی كامكارەكان، لێكدانەوە بۆ كتێبەكەی ئەردەوان كامكار بكات و باس لە جیاوازیی هەردوو موزیكی كوردی و دەزگایی ئێرانی بكات.
"كۆمەڵە ملۆدییەكان"ی ئەردەوان كامكار پێك هاتووە لە ۳۷ ئاوازی تایبەت بە ژەندنی ئامێری سەنتوور و بە وردبینییەكی تایبەتەوە لە لایەن ئەو هونەرمەندە كوردە نووسراوە، ناوەندی چاپ و بڵاوكردنەوەی "نار و نەی" لە تاران ئەركی بڵاوكردنەوەكەی گرتووەتە ئەستۆ.
ئەردەوان كامكار لە كەناڵی تایبەت بەخۆی لە تیلیگرام ئاماژەی بەوە داوە كە زیاتر لە دوو ساڵ بە نووسینی ئەو كتێبەوە سەرقاڵ بووە و رای دەگەیەنێت: "لەم كتێبەدا بە وردی ڕا و بۆچوونی خۆمم لە سەر ئامێری سەنتوور دەربڕیوە و هەوڵم داوە كارێك بكەم بۆ ئەوەی میلۆدییەكان دەربڕی نیگا و بۆچوونی من بن".
ئەردەوان كامكار خاوەنی چەندان داهێنان و رێچكەی تایبەتییە لە ئامێری سەنتووردا و هەركات لە كۆی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستاندا باس لە ئامێری سەنتوور دەكرێت، هەمووان سەرنجیان بۆ لای ئەو هونەرمەندە بەتوانایە رادەكێشرێت كە وەك خۆی ئاماژەی پێ دەدات، هەمیشە هەوڵی داوە بە هەست و شێوەزارێكی كوردانەوە تەلەكانی سەنتوور بهێنێتە دەنگ.