لە دوو هەفتەی رابردوودا شەش ھەزار كەس لە مووسڵەوە ئاوارە بوون

:: AM:11:36:01/11/2016 ‌

بەڕێوبەرایەتی كۆچ وكۆچبەران ئاشكرای كرد، نۆ كەمپ بۆ ئاوارەكان ئامادە كراون و لە دوای دەستپێكردنی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵیش تا ئێستە، نزیكەی شەش ھەزار كەس لە مووسڵ و دەوروبەری ئاوارە بوون.

 بەگوێرەی زانیارییەكان لە كەمپی خازر ھەزار و٤٠٠ ئاوارەی تێدا نیشتەجێ كراون. فەرماندەیەكی پێشمەرگەش دەڵێت، ھیچ ئاوارەیەك بەبێ لێكۆڵینەوە تێپەر نابێت و تا ئێستەش ژمارەیەك ئاوارە بەگومانی ئەوەی ئەندامی داعش بن، گیراون.

بەرپرسی بەشی پەنابەر و رەوەندی كوردی لە بەڕێوبەرایەتی كۆچ و كۆچبەران نەزھەت حوسێن بە "وشە"ی راگەیاند، "نۆ كەمپ لە سنوورە ئازادكراوەكانی مووسڵ دروست كراون بۆ پێشوازیكردنی ئەو خەڵكەی بەھۆی دەستپێكردنی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ ئاوارە دەبن و تا ئێستە نزیكەی شەش ھەزار كەس ئاوارە بوونە و لەو كەمپانە نیشتەجێ كراون و پێداویستیشیان بۆ دابین كراوە.

نەزھەت حوسێن گوتی، ئەو خەڵكەی ئاوارە بوون، لە ھەموو پێكهاتە و نەتەوەكانی تێدایە لەوانە كورد، عەرەب، توركمان، كریستیان و كوردی شەبەك.

هاوكات بەڕێوبەری كەمپی خازر بە "وشە"ی راگەیاند، "تا ئێستە ٢٥٠ خێزان كە دەكاتە نزیكەی ھەزار و٤٠٠ كەس لە خەڵكی ناو مووسڵ و دەوروبەری ئاوارە بوونە و خۆیان گەیاندووەتە سنووری پێشمەرگە و ئێستە لە كەمپی خازر نیشتەجێ كراون كە زۆرینەیان كوردی شەبەكن."

ئەو گوتی، ھەموو پێداویستییەك بۆ ئاوارەكان دابین كراوە و دەزگەی خێرخوازیی بارزانیش رۆژانە دوو ژەم چێشتی گەرمیان بۆ ئامادە دەكات.

لە لایەكی ترەوە لیوا سەید ھەژار فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو خەڵكەی لە مووسڵ و دەوروبەری ئاوارە دەبن، لەلایەن لیژنەیەكی تایبەت لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت و ھیچ كەسێك بەبێ لێكۆڵینەوە تێپەڕ نابێت، بۆیە تا ئێستە شەش كەس بەگومانی ئەوەی ئەندامی داعش بن گیراون.

زۆرینەی حاڵەتەكانی ئاشكرابوونی كەسانی گومانلێكراو، هەر لە لایەن خەڵكی ئاوارەوە بووە و زانیاری لەبارەی پێوەندی هەندێك كەسی تر بە چەكدارانی داعش ئاشكرا دەكەن.

بەگوتەی ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، ئەوەی گومانیان لێی ھەبێت نایبەنە كەمپەكان، بەڵكو رەوانەی لیژنەی لێكۆڵینەوە دەكرێت، بۆ ئەوەی بزانن ئەو زانیارییانەی لەبارەیانەوە ھەیە تا چەند راستە.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم


وشە - سلێمان تاشان