هەفتەی داهاتوو مووچە دابەش دەكرێ

:: AM:11:41:01/11/2016 ‌

هەفتەی داهاتوو مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەنێردرێت.

ئەمڕۆ سێشەم، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی گوت: داوامان لە وەزارەتەكان كردووە جارێكی تر وردبینی بە لیستی مووچەدا بكەن ئینجا ڕەوانی بكەن و ئەوانی لای خۆیانەوە دەستیان بە وردبینی كردووە و هەندێك وەزارەتیش كۆتای پێ هێناوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتی: یەكەم وەزارەت كە مووچەی پێ دەدرێ، وەزارەتی پێشمەرگەیە، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەكانیان بۆ دەنێرین، ئەمەش دوای ئەوەی وردبینییەكەیان تەواو كرد.

زیاتر گوتی: بەپێی پلانی وەزارەت، هەوڵ دەدەین بە زووترین كات مووچەی مانگی ئەیلوول/سێپتەمبەر دابەش بكەین.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە بەهۆی بڕینی مووچە و بودجەی بە بڕیارێكی كەسی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی حكوومەتی عێراق، تووشی تەنگژەی دارایی بووە، هەرچەند لە سەرەتای ساڵی 2015 لەگەڵ حكوومەتی نوێی عێراق بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی رێككەوتنێكیان ئیمزا كرد، بەوەی هەرێمی كوردستان مانگانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی خۆی و 300 هەزار بەرمیل نەوتی كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك لە رێی بۆڕیی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە بگەیەنێتە بەندەری جەیهانی توركی، لە بەرامبەریشدا حكوومەتی عێراق بڕی 17%ی بودجەی هەرێمی كوردستان دابین دەكات، بەڵام رێككەوتنەكە تا مانگی شەشی ساڵی 2015 بەردەوام بوو، دواتر بەهۆی نەناردنی پارەی تەواو لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، هەرێمی كوردستان بڕیاری راستەوخۆ فرۆشتنی نەوت و هەناردەكردنی بۆ بازاڕەكانی جیهان دا، بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعشەوە بارگرانییەكی زۆر لەسەر شانی حكوومەت پەیدا بوو و تا ئێستە نەیتوانیوە لەو تەنگژە دارایییە رزگاری ببێت.


وشە - كوردۆ شابان