فڕۆكەیەكی نوێی ئەمەریكا شەش هێندە لە‌ دەنگ خێراترە

:: AM:11:30:02/08/2017 ‌

كۆمپانیای لۆكهید مارتنی ئەمەریكی، فڕۆكەیەكی سیخوڕی نوێی بەرهەم هێنا بەناوی "ئێس ئاڕ 72" كە شەش هێندە لە دەنگ خێراتر دەڕوات و بە پێشكەوتووترین فڕۆكەی دنیا دادەنرێ.

پێشتر لۆكهید مارتن فڕۆكەی "ئێس ئاڕ71"ی بەرهەم هێنا كە بۆ مەبەستی سیخوڕی و چاودێریكردن بەكار دەهێنرا، بەڵام لە ساڵی 1998 ئەمەریكا ئەو فڕۆكەیەی لەكار دوور خستەوە، ئێستە ئەو كۆمپانیایە "ئێس ئاڕ 72"ی بەرهەم هێنا كە بە قەلەڕەشیش ناسراوە، خێرایییەكەی شەش جار لە خێرایی دەنگ زیاترە و لە سەعاتێكدا چوار هەزار میل كە دەكاتە شەش هەزار و 400 كیلۆمەتر دەڕوات، هیچ ئامێرێكی زەوی و ئاسمانی ناتوانێ ئاشكرای بكات بەهۆی خێرایییە سەرسوڕهێنەرەكەیەوە.

فڕۆكەكە بێفڕۆكەوانە و دەتوانێ بە وردی چاودێری و سیخوڕی بەسەر هەر شوێنێكەوە بكات، هاوكات مووشەكیشی لێ بار كراوە و توانای ئەنجامدانی هێرشی مووشەكیشی بۆ سەر ئامانجەكە ئاراستەكراوەكانی هەیە.

ئێستە ئەو فڕۆكەیە لەلایەن كۆمپانیای لۆكهید مارتن و ئیرۆجیت رۆكیتداین لە كالیفۆرنیا بەردەوام پەرەی زیاتری پێ دەدرێ و بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەسەر فڕۆكەكە ئاشكرا بوون، قەبارەكەی هێندەی قەبارەی فڕۆكەی "ئێف22" دەبێ، پێشبینی دەكرێ لە ساڵی 2020 بەشێوەیەكی ئەزموونی فڕۆكەكە تاقی بكرێتەوە و ساڵی 2030 بخرێتە خزمەتكردن لە سوپای ئەمەریكا.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د