جیمناستیكی عێراق بۆ یەكەمجار مێژوویەكی زێڕین دەنووسێتەوە

:: PM:12:03:01/11/2016 ‌

یاریزانانی جیمناستیكی عێراق لە پاڵەوانیەتیی ئەمجارەی عەرەب مێژوویەك دەنووسنەوە كە لە مێژووی 43 ساڵەی دامەزراندنی یەكەتیی جیمناستیكی عێراقدا تۆمار نەكراوە.

ناوەڕاستی مانگی رابردوو هەڵبژاردەی جیمناستیكی عێراق بەشداریی لە پاڵەوانیەتیی جیمناستیكی عەرەب كرد كە لە وڵاتی توونس بەڕێوە چوو و توانیان 12 ملوانكەی جیاواز بەدەست بێنن كە ئەمە یەكەمجارە هەڵبژاردەكە بتوانێ ئەو رێژەیە ملوانكەیە لە پاڵەوانیەتییەكەدا بەدەست بێنێ.

سەعدوڵا عەباس جێگری سەرۆكی یەكەتیی جیمناستیكی عێراق كە لە پاڵەوانیەتییەكەدا سەرۆكی شاندی جیمناستیكی عێراق بوو، تایبەت بۆ (وشە) گوتی "وەك جیمناستیكی عێراق بە 8 یاریزان بەشداریمان لە پاڵەوانیەتیی ئەمجارەی عەرەب كردبوو كە لەسەرەتای مانگی رابردوو بۆ ماوەی 10 رۆژ هاتە ئەنجامدان و تێیدا 11 وڵات كێبەڕكێیان تێدا دەكرد كە ئەوانیش پێكهاتبوون لە عێراق، سووریا، توونس، مەغریب، لیبیا، میسڕ، قەتەڕ، بەحرێن، ئوردن، سعوودیە و كويت".

جێگری سەرۆكی یەكەتیی جیمناستیكی عێراق زانیاری زیاتری لەسەر پاڵەوانیەتییەكە خستەڕوو كە بەشێوەی كراوە بووە و بۆ هەردوو ئاستی كوڕان و كچان بووە.

عەباس گوتیشی "یاریزانەكانمان توانیان ئاستێكی جیاواز پێشكەش بكەن و 12 ملوانكە بەدەست بێنن كە لە 4 ملوانكەی زێڕ، 4 ملوانكەی زیو و 4 ملوانكەی بڕۆنز پێكهاتبوون.

سەرۆكی شاندی جیمناستیكی عێراق ئاماژەی بەوەشدا كە یەكەتیی جیمناستیكی عێراق لەوەتەی لە 1973 هاتووتە دامەزراندن، ئەمە یەكەمجارە لە پاڵەوانیەتییەكدا بەو رێژەیە ملوانكە بەدەست بێنێ.

زیاتر گوتی "جگە لە بەدەستهێنانی ئەم ملوانكانە، یاریزانێكمان بەناوی عەبدوڵا جەمال توانی لەسەر هەموو ئامێرەكانی جیمناستیك پلەی یەكەمی پاڵەوانیەتیی عەرەب بباتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو كە پێش دەستپێكردنی پاڵەوانیەتییەكە وەك سەرۆكی یەكەتیی جیمناستیكی عێراق بەشداریی لە كۆبوونەوەی یەكەتیی جیمناستیكی وڵاتانی عەرەبی كردووە كە هەر لە وڵاتی توونس بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی یەكەتییە عەرەبییەكە هاتووەتە ئەنجامدان.

سەعدوڵا عەباس ئاماژەی بەوەشدا كە هەر لە چوارچێوەی پاڵەوانیەتییەكەدا چاویان بە چەندان بەرپرسی باڵای وڵاتی توونس كەوتووە لەوانە وەزیری دەوڵەت و وەزیری وەرزش و لاوان و سەرۆكی لیژنەی ئۆڵەمپی و سەرۆكی یەكەتیی جیمناستیكی توونس و بیرورایان لەبارەی یاریی جیمناستیك و پاڵەوانیەتییەكە گۆڕیوەتەوە.

عەباس ئەوەشی خستەڕوو كە دوای گەڕانەوەیان بۆ عێراق، شاندی بەشداربووی پاڵەوانیەتییەكە چاویان بە فوئاد مەعسووم سەركۆماری عێراق كەوتووە و دوای بەخشینی خەڵات ماددی و تایبەت بەسەر سەرجەم یاریزانان، دەستخۆشی لێ كردوون و هیواشی خواستووە لە پاڵەوانیەتییەكانی داهاتووشدا بەهەمانشێوە دەستكەوتی گەورەتریش بەدەست بێنن.

ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوانیش وەك یەكەتیی جیمناستیكی عێراق دیاری قەڵغانی یەكەتییەكەیان پێشكەش بە سەركۆماری عێراق كردووە.

جێگری سەرۆكی یەكەتیی جیمناستیكی عێراق لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوەشدا كە هەڵبژاردەی جیمناستیكی عێراق لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوودا بەشداریی لە پاڵەوانیەتیی جیمناستیكی جیهان دەكەن كە بڕیارە لە وڵاتی قەتەڕ بێتە ئەنجامدان، جەختیشی كردەوە كە هیوایان بە یاریزانان هەیە وەك پاڵەوانیەتیی عەرەب، باشترین ئاستی پێشكەش بكەن و چەندان ملوانكە بەدەست بێنن.




























وشە - ئامانج ئه‌كره‌م