ڤایرۆسێكی نوێ هەڕەشە لە ملیۆنان مۆبایل دەكات

:: PM:02:52:02/08/2017 ‌

پسپۆڕانی  بواری تەكنەلۆجیا لە پرۆگرامی "Dr.Web"ی تایبەت بە ئاسایشی تەكنەلۆجیا، دووپاتیان لەوە كردەوە كە ڤایرۆسێكی زۆر مەترسیداریان ئاشكرا كردووە و ئەو ڤایرۆسە بووەتە هەڕەشە لەسەر مۆبایلی ملیۆنان بەكارهێنەری مۆبایلە زیرەكەكان لە وڵاتی چین.

پسپۆڕان دەڵێن، ئەو ڤایرۆسە ناوی Triadaیە و لە ژمارەیەكی زۆری مۆبایلە زیرەكەكانی وڵاتی چین دۆزراوەتەوە، لە ئاپی داونلۆدكردنی پرۆگرامەكان ئەو ڤایرۆسە بە چڕی بڵاو بووەتەوە و هەڕەشە لەسەر ملیۆنان مۆبایلی زیرەك دەكات.

ئەو جۆرە ڤایرۆسە، جۆرێكە لە شێوازی "ترۆجان" كە بێ ئەوەی هەستی پێ بكەن ڤایرۆسە دەچێتە ناو مۆبایلەكانتان و بڵاو دەبێتەوە و كێشە بۆ پرۆسیسەر و داتاكان دروست دەكات و سەرەنجام دەبێتە هۆی لەكارخستنی مۆبایلەكانتان.

ئێستە ئەو جۆرە ڤایرۆسە لە مۆبایلە زیرەكەكانی "Leagoo M5، LeagooM8، Nomu S10، Nomu20" و چەندان جۆری تری مۆبایلی زیرەك بڵاو بووەتەوە و زیانی زۆری بە بەكارهێنەرانی گەیاندووە.

Triada یەكەم ڤایرۆس نییە كە لە ناو مۆبایلە هۆشمەندەكان بڵاو دەبێتەوە، پێشتریش شارەزایانی كۆمپانیای چێك پۆینتی تایبەت بە بواری تەكنەلۆجیا بەرنامەی سیخوڕی و ڤایرۆسی زۆر مەترسیداریان لە نێو مۆبایلە هۆشمەندەكان دۆزییەوە كە ترۆجان بوون و ڤایرۆسیان پێوە لكێنرابوو.

هاوكات ساڵی ڕابردوو ڤایرۆسی "wanacray" بڵاو بووەوە و هەڕەشەی لەسەر سەتان ملیۆن مۆبایل و ئامێری هۆشمەند دروست كرد، زۆرێك لەو ڤایرۆس و بەرنامە پیسانە بۆ ئەوە لە مۆبایلە زیرەكەكان دادەنرێن تا سیخوڕی و چاودێری لەسەر مۆبایلەكان بكەن و زانیاری لێ وەربگرن.

سەرچاوە/RT.




وشە - باز ئه‌حمه‌د