باوكێك پارە بە منداڵەكانی پەیدا دەكات

:: PM:09:50:02/08/2017 ‌

لە گوندێكی سەر بە پارێزگای سلێمانی باوكێك پارە بە منداڵەكانی پەیدا دەكات، ئەو باوكە خاوەنی پێنج منداڵە، دوای ئەوەی لە دایكیان جیا دەبێتەوە و هاوسەرگیری دووەم دەكات، ئەو لە پڕۆگرامی تەلەڤزیۆنیدا منداڵەكانی بەكار دێنێت بۆ ئەوەی خەڵكی خێریان پێ بكات و دواتر ئەوەی لەو ڕێگەیەوە دەستی دەكەوێت، تەنیا بۆ خۆی و ژنی دووەمی خەرجی دەكات.

دایكی ئەو منداڵانە كە ماوەیەكی زۆرە بەهۆی كردەوەكانی باوكیان تووشی نەخۆشی دەروونی بووە، ئێستە كار بۆ ماڵان دەكات بۆ ئەوەی خەرجی منداڵەكانی دابین بكات و دەڵیت، گیانی خۆی لە پێناوی ئەوەدا دادەنێت بەوەی منداڵەكانی دوور لەو كردەوە نەشیاوانەی باوكیان گەورە بكات.

"بۆكان" دایكی ئەو پێنج منداڵەیە كە باوكیان جارێك لە ڕێگەی پڕۆگرامی تەلەڤزیۆنییەوە و جارێكیتر لە ڕێگەی نەخۆشخستنیان و داواكردن لە خزم و ناسیاوەكانیانەوە پارەیان پێ پەیدا دەكات، "بۆكان" تەمەنی ٤٥ ساڵە و ٢٤ ساڵ هاوسەری "عوسمان" بووە، پێنج منداڵی لێی هەیە و ماوەی چەند ساڵێكە "عوسمان"ی مێردی ژنی بەسەر هێناوە، "بۆكان" باسی ژیانی خۆی بۆ "وشە" دەكات.

ئەو دەڵێ، مێردەكەم دوو ساڵ پێوەندی لەگەڵ كچێكی دراوسێی خۆمان هەبوو، هەموو خەڵكی ئەو گوندە بەو پێوەندییەیان دەزانی، بە زۆر ماڵی بە من و منداڵەكان چۆڵ دەكرد بۆ ئەوەی ئەو كچە بێنێتە لای خۆی، ئەو پێوەندییە قێزەوەنەیان بەم شێوەیە بەردەوام بوو، تا ڕۆژێك بەیەكەوە گرتیانن و ماڵێ باوكی ئەو كچە داوایان كرد كە كچەكەیان لە عوسمان مارە بكرێ، هەروەها داوای پارەشیان كرد.

"بۆكان" زیاتر دەڵێت، "عوسمان" من و منداڵەكانی ناردە ماڵی باوكی و خانووەكەی منیشی فرۆشت و پارەكەی دایە مالێ باوكی "كەنار"، واتە ئەو ژنەی كە بووە هاوسەری دووەمی "عوسمان".

دوای دوو مانگ لە هاوسەرگیریی "عوسمان" و "كەنار"، "عوسمان"، "بۆكان" تەڵاق دەدات و پێی دەڵێت بۆ ئەوەی منداڵەكانیشت لێ نەستێنمەوە دەبێت هەركات بمانەوێ بێیت و وەك خزمەتكار خزمەتمان بكەی، "بۆكان" ئاماژە بەوە دەكات بۆ ئەوەی سەر لە منداڵەكانی تێك نەچێت هەموو شتێكی قبوڵ كردووە.

"بۆكان" باسی پارە پەیداكردن بە منداڵەكانی لەلایەن باوكیانەوە دەكات و دەڵێ، دوای ئەوەی میراتم لە مالێ باوكم وەرگرت، "عوسمان" هەڵی كوتایە سەرمان و پێی گوتم ئەگەر ئەو بەشە میراتەی خۆت نەدەی بە من خۆت و منداڵەكانت لەناو دەبەم، بۆیە منیش بە ناچاری بەشە میراتەكەم پێ دا و ئەویش ئۆتۆمۆبێلێكی پێ كڕی بۆ "كەنار"ی ژنی.

دوای ماوەیەك "عوسمان" و "كەنار" تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبن و "عوسمان" هەردوو قاچی دەپەڕێت و كەناریش بەسەختی بریندار دەبێت، لە دوای ئەم ڕووداوەش ئیدی "عوسمان" هەر جارە و بەجۆرێك منداڵەكانی بەكار دێنێت بۆ پارە پەیداكردن.

"كەنار" دەڵێت لە ماوەی سێ ساڵدا لە شەش بەرنامەی تەڵەڤزیۆنی منداڵەكانمی لە دەوری خۆی كۆ كردووەتەوە و داوای پارە و هاوكاریان پێ دەكات، دوای دەستكەوتنی پارەش، تەنیا بۆخۆیی و "كەنار" خەرجی دەكات، جگە لە بەرنامە هەركات پارەی پێ نامێنێ یەكێك لە منداڵەكان نەخۆش دەخات و دەچێت لە مالی خزم و ناسیاوەكانمان داوای پارە دەكات.

كچە گەورەكەی "كەنار" كە تەمەنی ١٩ ساڵە، زیاتر باس لە كێشەكانی خێزانەكەی دەكات  بۆ "وشە" و دەڵێ، بەهۆیی كردەوەكانی باوكمەوە نەمتوانی درێژە بەخوێندن بدەم، چونكە زۆرێك من و خوشك و براكانم دەناسنەوە كە لە بەرنامەی تەلەڤزیۆنیدا باوكم سواڵمان پێ دەكات، ئێستەش دایكم بە هۆیی باوكمەوە تووشی نەخۆشی دەروونی بووە و من و براكەم كە ساڵێك لە من منداڵترە، لە خاڵ و مامەكانم دەپاڕاینەوە تا بیبەن بۆ لای پزیشك و چارەسەری بكەن. 

باس لەوەش دەكات، ئەو كارەی باوكی لەگەڵیاندا دەكات لە ڕووی دەروونییەوە كاریگەری نەرێنی زۆری كردووەتە سەر دەروونی ئەو خوشك و براكانیشی، چونكە جگە لەوەی هاوڕێكانیان لەسەر ئەم كارە لۆمەیان دەكەن، دەڵیت دایكیان پەروەردەیەكی ئاوای نەكردوون كە بۆ دەستكەوتنی پارە خەڵكی بخەڵەتێنن.

"بۆكان" ئێستە باری دەروونی جێگیرە، لەگەڵ منداڵەكانیدا لە نزیك مالێ باوكی لە خانوویەكی پەنجا مەتری قوڕیندا دەژین، "عوسمان" و ژنەكەشی لە خانوویەكی 200 مەتری كە لەلایەن خێرخوازانەوە بۆیان دروست كراوە، دەژین، بە قسەی "بۆكان"، "عوسمان"ی باوكی منداڵەكانی بژێوی ژیانی لەسەر بەكارهێنای منداڵەكانیەتی.

هەولێر/ئیڤان عەبدورەحمان 

 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل