نێچیرڤان بارزانی:
كار بۆ ئاوەدانكردنەوی شنگال و ناوچەكانی تر دەكەین

:: PM:01:35:03/08/2017 ‌


لەژێر چاودێری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یادی سێیەمین كارەساتی شنگال لە سەنتەری شاری دهۆك بە ئامادەبوونی ژمارەیەك بەرپرسانی ناوخۆ و بیانی و كەسوكاری ئێزیدییەكان كرایەوە و لە رێوڕەسمەكەدا نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد و باسی لە چالاكییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ رزگاركراوەكانی كوردانی ئێزیدی و باشتركردنی بژێوییان.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، كارەساتی شنگال ئازاری هەموو گەلی كوردە كە ئەویش كوشتن و رفاندنی كچ و ژن و هاووڵاتییە ئێزیدییەكانە. ئەو گوتی "حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە بەدەم كوردە ئێزیدییەكانەوە چووە و هەوڵی داوە  لە ئازاریان كەم بكاتەوە، بەپێی توانا كار بۆ ناوچە ئێزیدینشین و شنگالییەكان دەكات، بۆ ئەوەی تابلۆی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت و نامانەوێت دوژمنانی گەلی كورد كەیفخۆش بن بە تێكچوونی پێكەوەژیان لە كوردستان، پەیمان دەدەین كە جارێكی تر ئارامی و سەقامگیری بگەڕێتەوە ناوچەكە و ئێزیدییەكان و ئاوارەكانی تر بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و هاوكارییەكانمان بە مادی و مەعنەوی بۆ ئەوان بەردەوام دەبێت".

ئەو گوتی، "لە مێژە ئەوەمان زانیوە ئەو چەكانەی لە دەست پێشمەرگەن شایانی بەرگری لەخۆكردن نین، بەڵام بەهۆی چەند هۆكارێك نەمانتوانیوە چەك پەیدا بكەین، دوای ئەوەی داعش بۆ عێراق و سنووری هەرێمی كوردستان هات و بووە هۆكاری ئەوەی، سەربازانی عێراق بشكێن و هەڵبێن و چەكە قورسەكانیان كە پێشكەوتووترین جۆری چەك بووە كەوتە دەست داعش، بۆیە پێشمەرگە نەیتوانی لەو كاتەدا بە چەكە بچووكەكانی وەك پێویست بەرگری لە گەلی كورد و كوردانی ئێزیدی بكات، لەبەر ئەوە ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەكی زۆری كوردانی ئێزیدی لەلایەن داعشەوە شيهید کران و رفێنران و ئەوەی بەسەر گەلی ئێزیدیدا هاتووە، تراژیدیایەكی خەمناك بووە و هەمیشە داوامان ئەوە بووە بەرگری لە كوردانی ئێزیدی بكەین."

لە درێژەی وتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی رای گەیاند كە حكوومەتی عێراق زۆر پەیمانی بە گەلی كورد داوە، بەڵام لە سایەی ئەوان 72 فەرمان دژ بەر گەلی ئێزیدی دراون. ئەو دەڵێت "تا ئێستە حكوومەتی عێراق هێزەكانی پێشمەرگەی بە هاوبەشی سوپای عێراق نەبینیوە، ئەمە لە كاتێكدایە پێشمەرگە بە دەستوور و یاسا هاوبەشی سوپای عێراقە و حەشدی شەعبی هێزێكی یاسایی و دەستووری نییە، كەچی چەكی قورس و پێشكەوتووی بە ئەوان داوە و بە پێشمەرگەی نەداوە. هەروەها خراپیی بارودۆخی عێراق و ناوچە دابڕاوەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی شكستی عێراقە و ئێمە وەك گەلی كورد هەموو رێگایەك بۆ دابینكردنی ئەرك و مافی گەلی كورد لەگەڵ عێراق تاقی كردەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ ئەنجامێكی نەبووە."

بە گوتەی نێچیرڤان بارزانی، دەنگی گەلی ئێزیدی لە سەرخستنی ریفراندۆم زۆر گرنگە و دەنگی ئەوان دەنگی كارەسات و ئازارەكانی كچ و ژنانی ئێزیدییە و ریفراندۆم ئامانجمان نییە، بەڵكو ریفراندۆم رێگەیەكە بۆ گەیشتن بە ئامانج و بەدەستهێنانی ماف كە ئەویش سەربەخۆیییە. گوتی "لە سایەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە سێ‌ هەزار كوردی ئێزیدی لە دەستی داعش رزگار كراون و لێرەوە سوپاسی هەموو لایەك دەكەین كە كاریان بۆ گەڕانەوە و رزگاركراوەكانی ئێزیدی كردووە  و سوپاسی خەڵكی پارێزگای دهۆك دەكەین بە مەردانە دەرگەی ماڵ و مزگەوتەكانیان بەڕووی هاووڵاتییانی ئێزیدی كردەوە و هاوكاریی حكوومەتیان كرد، شانبەشانی دروستكردنی كەمپ، كاتێك كە ئێزیدییەكان ماڵ و حاڵیان بەجێ هێشت و بەرەو دهۆك هاتن".

لە بەشێكی تری قسەكانیدا نێچیرڤان بارزانی گوتی، "ئێستە بارودۆخی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەو باشتر دەچێت و هەوڵی رژدیش هەیە بۆ باشتربوونی رەوشی بژێوی هاووڵاتییان، داوا لە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەم كە پشتیوانیی تەواو بۆ كوردانی ئێزیدی بكەن و دڵە شكاوەكانیان ساڕێژ بكەین."

پێویستە بگوترێت کاتێک داعش مووسڵی گرت، هەرچی جبەخانە و چەکی قورسی سوپای عێراق هەیە، کەوتە دەستی داعش و ئەو چەکە قورسانە هۆکار بوون لەوەی داعش بتوانێت بە ئاسانی سنووری دەسەڵاتەکەی بەرفراوانتر بکات. سوپای عێراق سەرەڕای ئەوەی ئەو چەکە پێشکەوتووانەی هەبوو هیچ بەرگرییەکی نەکرد.


جێی باسە یادی كارەساتی شنگال لە شاری دهۆك بەردەوامە و بڕیارە چەند چالاكییەكی هونەری و كولتووریش بۆ ئەو یادە بەڕێوە بچن.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری:










وشە - سلێمان تاشان