زیاتر لە 900 هەزار دۆلار بەسەر منداڵانی بێ باوكدا دابەش دەكرێت

:: PM:02:16:01/11/2016 ‌

دەزگەی خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ دەوڵەمەند و سەرمایەدار و كەسایەتییەكانی كوردستان، بڕی (928,600) دۆلاری ئەمەریكی بەسەر (4,643) منداڵی بێ باوك لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دابەش دەكات، هەر منداڵێك مووچەی چوار مانگ كە دەكاتە بڕی 200 دۆلار وەردەگرێت.

لە ڕاگەیەندراوێكی دەزگەی خێرخوازیی بارزانیدا كە وێنەیەكی بۆ (وشە) نێردراوە، هاتووە: ئەمڕۆ سێشەم یەكی تشرینی دووەم/نۆڤەمبەری 2016 بە هاوكاری لەگەڵ دەوڵەمەند و خاوەنكار و سەرمایەداران و كەسایەتییەكانەوە، لە قۆناغی "كوردستان لە ڕێگەی پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانەوە" كە تایبەتە بە هاوكاریكردنی منداڵانی بێ باوك لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، بڕی (928,600) دۆلاری ئەمەریكی بەسەر (4,643) منداڵی بێ باوك لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دابەش دەكات.
 
مووسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی رای گەیاند: دەست دەكەین بە دابەشكردنی مووچەی چوار مانگی سەرەتای ساڵی 2016 بەسەر 4,643 منداڵی بێ باوك لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان.

موسا باسی ئەوەشی كرد: دەمەوێ لێرەوە زۆر سوپاسی خاوەنكار و كۆمپانیا و كەسایەتی خێرومەندی كوردستان بكەم، كە سەرەڕای تەنگژەی دارایی و خراپی بارودۆخی ناوچەكە، بەردەوامن لە پاڵپشتیكردن و هاوكاریكردنی پڕۆژەكانی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی، بەتایبەتی پڕۆژەی چاودێریی ئازیزان، كە پڕۆژەیەكی گرنگ و درێژمەودایە و ئامانج لێی خزمەتكردنی منداڵانی بێ باوكە لە سەرتاسەری كوردستاندا.

جێگری سەرۆكی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی گوتی: ئەم پرۆسەیە سەرجەم شار و شارۆكەكان دەگرێتەوە و تیایدا بەم شێوەیە دەست بە دابەشكردنی هاوكارییەكان دەكرێت: سەرەتا لە شاری هەولێر دەست پێ دەكات و تیایدا (1,211) منداڵی بێ باوك دەگرێتەوە و بڕی (242,200) دۆلاری ئەمەریكی بەسەریاندا دابەش دەكرێت، هاوكات لە شاری دهۆكیش بەهەمان شێوە دەست دەكرێت بەدابەشكردنی هاوكارییەكان و تیایدا (833) منداڵ بڕی (166,600) دۆلاری ئەمەریكی وەردەگرن، هەروەها ئەم هەڵمەته بەردەوام دەبێت و لە شاری سلێمانی ئۆفیسی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی هەڵدەستێت بە دابەشكردنی هاوكاری بەسەر (1,058) منداڵ و بڕی (211,600) دۆلاری ئەمەریكییان پێ دەدرێت، هاوكات لە دەڤەری گەرمیان و دەوروبەری (1,541) منداڵ بڕی (308,200) دۆلاری ئەمەریكییان بەسەردا دابەش دەكرێت.

پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی خۆی لە دوو قۆناغ دەبینێتەوە، قۆناغی یەكەم بریتییە لە هاوكارییەكانی مانگی سووری ئیمارات، كە تایبەتە بەو هاوكاری و یارمەتییە دارایییانەی كە لەلایەن وڵاتی ئیماراتەوە بۆ منداڵانی بێ باوك لە هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت، لە ئێستەشدا دەست دەكرێت بە دابەشكردنی هاوكارییەكان و لەم قۆناغەدا 4,643 منداڵی بێ باوك سوودمەند دەبن و چاوەڕوانیش دەكرێت لە ساڵی ئایندەدا ژمارەیەكی زیاتری ئازیز سەرپەرشت بكرێن، هاوكات قۆناغی دووەم پێی دەڵێن قۆناغی كوردستانی و بەهاوكاری لەگەڵ دەوڵەمەند و  كەسایەتی و خێرەومەندانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت و تیایدا (4,690) منداڵ بەشێوەی چوار مانگ جارێك هاوكاری مادییان بەسەردا دابەش دەكرێت.

دەزگەی خێرخوازیی بارزانی لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی كافلی زیاتر بۆ منداڵانی بێ باوك لە هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دەرەوە پەیدا بكات، بۆ ئەمەش لە ئێستەدا لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئیمارات و كوێت پڕۆژەی چاودێریی ئازیزان بەڕێوە دەبرێت.

پڕۆژەی چاودێریی ئازیزان، پڕۆژەیەكی بەردەوامە و زیاتر لە شەش ساڵە بە بەردەوامی هاوكاری بەسەر ئەو منداڵانەدا دابەش دەكات كە لە چوارچێوەی پڕۆژەكەدا لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ناویان تۆمار كراوە و تەمەنیان لەژێر 18 ساڵییەوەن


وشە - موحسین شابان