گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ..سوكایەتی بە مامۆستایان دەكەن

:: PM:02:17:01/11/2016 ‌

بەشێك لە مامۆستایانی دڵسۆز بە پرۆسەی خوێندن پێیان وایە، ناڕەزایەتییەكانی مامۆستایان بە حزبی كراوە و قسەی نەشیاو بەو مامۆستایانە دەگوترێت كە دەیانەوێت دەست بە دەوام بكەنەوە.

مامۆستا شاهۆ حەمیدی خۆپیشاندەر بە "وشە"ی راگەیاند، "ئێمە بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانمان بەشێوەی مەدەنییانە هاتووینەتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گەرمیان و بۆمان دەركەوتووە بەداخەوە ئەو خەباتە مەدەنییە بەحزبی كراوە.

ئەو گوتی، بەشی زۆری ئەو مامۆستایانەی كە خۆیان ناوناوە نوێنەری ناڕەزایەتییەكان، سەر بە گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵن و داوای كرد خەباتەكە بە حزبی نەكرێت و رێگری لێ بكرێت.

هاوكات شەیما محەمەد وەك كچە مامۆستایەك بۆ "وشە" پێداگری لەسەر ئەوە كرد، بۆ بەرژەوەندی منداڵی پێشمەرگە و شەهیدان، بەشێكی بەرچاو لە مامۆستایان لە هەوڵی گەڕانەوەدان بۆ ناوەندەكانی خوێندن، كەچی سووكایەتییان پێ دەكرێ. ئەو داوای لە بەرپرسانی پەروەردە كرد قبووڵی نەكەن سووكایەتی بەمامۆستایان بكرێت.

ئەمڕۆ لە میانەی پێشكەشكردنی گوتاری دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە گەرمیان، پێشكەوت ئیبراهیم گوتەبێژی دەستەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، لەسەر سەكۆی بەردەم پەروەردەی كەلار رای گەیاند، "لە هیچ مامۆستایەك خۆش نابین ببێتە ئەڵقە لەگوێی دەسەڵات و بەداواكاری حكوومەت بگەڕێتەوە ناوەندەكانی خوێندن. نوێنەری ئەو دەستەیە مامۆستا گەڕاوەكانی بە كۆیلە پێناسە كرد .

خۆپیشاندانی ئەمڕۆی مامۆستایانی كەلار بە بەراورد بەخۆپیشاندانەكانی پێشتر رووی لە كەمی كرد، بەو هۆیەشەوە ئەگەرچی بڕیاربوو رێپێوان ئەنجام بدەن بۆ بەردەم قایمقامیەت، بەڵام  لەو بڕیارە پەشیمان بوونەوە .

گەرمیان – سەبری هۆرینی


وشە - سلێمان تاشان