لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی تەنگژەی دارایی، ژمارەی كتێبە چاپكراوەكان لە چاپخانەكانی دهۆك بە رادەیەك دابەزیوە كە دەكرێ بە پەنجەكانی دەست بیانژمێری، سەرباری ئەوەش حكوومەت و دەزگە ئەهلییەكان بۆ چاپكردنی كتێب، بەرێژەی 95% روویان كردووەتە چاپخانەكانی تری هەولێر و سلێمانی.
ئیسماعیل تاهیر، بەڕێوەبەری كتێبخانەی حكوومیی بەدرخانییەكان بە "وشە"ی رادەگەیەنێت: "چاپكردنی كتێپ لە پارێزگای دهۆك گرانە و ئەمە بووەتە هۆكار كتێبخانە و دەزگەكانی چاپ روو لە دەرەوەی كوردستان و پارێزگاكانی تر بە تایبەتی هەولێر بكەن ".
نیوار ئەترووشی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، "هیچ كتێبێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەرێم چاپ ناكرێت، بەڵكو رەوانەی دەرەوە دەكرێت و لەوێ چاپ دەكرێت، چونكە چاپكردنی كتێپ لە دەرەوە زۆر هەرزانتر دەكەوێت و كوالێتی باشترە لە چاپخانە ناوخۆیییەكانی كوردستان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان كتێبەكان لە ناوخۆ چاپ بكات یا چاپخانەی گەورە لە كوردستان دابمەزرێنێت كە بەهەمان شێوە و نرخ كتێپ چاپ بكرێت".
زیاتر روونی كردەوە، "بۆ درۆستكردنی رێكلام و پۆستەر و هەندێ نامیلكەی بچووك، هانا بۆ چاپخانەكانی دهۆك دەبەین، ئەگەر نا هەموو كتێب و شتەكانی تر لە دەرەوە و هەولێر و سلێمانی چاپ دەكرێن، هەرچەندە لە دهۆك چاپخانە زۆرە، بەڵام جێگەی داخە كە ئەوان ناتوانن لە كوالێتی و نرخدا ركابەرایەتی هەولێر و سلێمانی بكەن".
ئەواب ئەحمەد، خاوەنی كتێبخانەی جزیری بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە بۆ "وشە" ئاماژە بەوە دەدات، "بەپێی گرنگی و ناوەڕۆكەكەی، كتێب بۆ نووسەر و لایەنەكان چاپ دەكەین و بۆ چاپكردنیشی روو لە چاپخانەكانی دەرەوەی كوردستان بەتایبەتی چاپخانەكانی لبنان و توركیا و ئێران دەكەین، چونكە ئەوان زۆر هەرزانتر لە كوردستان چاپ دەكەن، ئەمە وێڕای ئەوەی كوالێتی كتێبەكانیان باشترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ جار هەر لە ناوخۆی كوردستان بەتایبەتی لە هەولێر كتێپ چاپ دەكەین، چونكە ئێستە چاپخانەكانی هەولێر ركابەرایەتی دەرەوە دەكەن".
"ئەمساڵ بە لەبەرچاوگرتنی تەنگژەی دارایی، توانیومانە زیادر لە 30 كتێپ چاپ بكەین و 11 كتێبی تریشمان ئێستە لە ژێر چاپكردندان، بەڵام هیچ كام لەم كتێبانە لە دهۆك چاپ نەكراون و ئەگەر شتێكیش لە دهۆك چاپ بكەین، ئەوا شتێكی زۆر سادەیە، نووسەری زۆر لە دهۆك هەن كتێبەكانی خۆیان راگرتووە و لەبەر گرانی ناتوانن چاپی بكەن"، ئەواب ئەحمەد وای گوت.
ئەیاد بەرواری، كارگێڕی بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوكردنەوەی دهۆك لە لێدوانیكدا بۆ "وشە" روونی كردەوە، "زیاتر لە دوو ساڵە بەهۆی پێنەدانی بودجە و تەنگژەی دارایی، بەرنامە و سیستمی چاپكردنی كتێب راگیراوە، پێشتر بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوكردنەوەی دهۆك، كتێبێكی زۆری چاپ دەكرد و وەك ئەركێكی نیشتمانی و پەرەدان بە چاپخانەكانی دهۆك، سەرجەم كتێبەكان هەر لە ناوخۆی دهۆك چاپ دەكران".
دووپاتی كردەوە، "لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، نێزیكەی 180 كتێپ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوكردنەوەی دهۆك چاپ كراون، ئەگەر جارێكی تر بارودۆخی كوردستان بگەڕێتەوە بواری ئاسایی خۆی، دووبارە دەست بە چاپكردن و بڵاوكردنەوەی كتێب دەكەینەوە و هەروەك پێشتر گرنگی بە چاپخانە ناوخۆیییەكانی پارێزگای دهۆك دەدەین".
دهۆك- نەوزاد هلوری