لە سلێمانی هەڵمەتی پشتگیریی ڕیفراندۆم دەستی پێ‌ كرد

:: AM:11:50:05/08/2017 ‌

ژمارەیەكی زۆری ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەری ئاینەكان و چەند كەسایەتییەكی ناسراوی شاری سلێمانی، بڕیاریان دا پشتگیری بۆ ڕیفراندۆم بكەن و بە بنەمای ئاشتی و پێكەوەژیانی دەزانن.

ئەمڕۆ شەموو پێنجی ئاب، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی، ژمارەیەكی زۆری ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی نوێنەرایەتی ئاینەكان و چەند كەسایەتییەكی شارەكە، پشتگیریی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند.

لەم كۆنگرەیە ئاشكرایان كرد، پشتگیریی ڕیفراندۆم و بوون بە دەوڵەت، هەوێنێكە بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان لە شاری سلێمانی و داوایان كرد خەڵكی سلێمانی سەرجەمیان بەشداری بكەن و دەنگ بە بەڵێ‌ بدەن لە ڕۆژی 25 ئەیلوول.

لەم كۆنگرەیە كە لیژنەیەكی سەرپەرشتییان ڕاگەیاند ئاشكرایان كرد، ناكرێت خزمەتگوزاری بكرێتە پێوەر بۆ ڕەتكردنەوەی مافی دەوڵەتبوون لە ناوخۆ، هەروەها ئاشكرایان كرد كە ئەو پشتگیرییە بەردەوامی دەبێت و چەندان هەڵمەتی تر ئەنجام دەدەن و چەندان ڕۆژنامەنووسیش چوونەتە ناو لیژنەكەیان بۆ كارەكان.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.



وشە - رامیار جەواد