شەڕ كەوتە نێو هۆزێكی دوژمنی كورد

:: PM:02:36:05/08/2017 ‌

ناكۆكییەكانی نێو هۆزی كەرەوی كە بە هاوكاریی داعش و دوژمنی كورد ناسراوان،  لە پەرەسەندندایە و بەهۆی رێگەنەدانیشان بە گەڕانەوە بۆ شارەدێی گوڵاڵە، لە سنووری حەمرین و شارەبان ناكۆكی كەوتووەتە نێوانیان و چەند كەسێكیان لە یەكتر كوشتووە.

سەرچاوەیەكی تایبەت لە پارێزگای دیالەوە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، چەكدارانی هۆزی كەرەوی كە ماوەی دوو ساڵە بە رێی جیاجیا هەوڵی گەڕانەوە بۆ شارەدێی گوڵاڵە دەدەن و رێی گەڕانەوەیان پێ نادرێت و لە ناوچەكانی دەرەوەی جەلەولا گیرساونەتەوە، زۆربەیان لە شارۆكەی شارەبان و باقووبە و سنووری حەمرینن .

ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای كرد، "ناكۆكییەكانیان لەسەر ئەوەیە هەندێكیان دەڵێن دان بەتاوانەكانماندا بنێن كە لە ساڵی 2014دا هاوكاری داعش بووینە بەڵكو بگەڕێینەوە بۆ جەلەولا، بەشێكیشیان دەڵێن وا باشە بە پاڵپشتی حكوومەتی ناوەند بگەڕێنەوە، بۆیە لەم دوو رۆژەدا پێنج كەسیان لە یەكتر كوشتووە و تەرمی یەكێكیان هێنراوەتەوە بۆ گوڵاڵە.

بەشیر عەبدوڵا ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی گوڵاڵە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، دوا هەوڵی ئەوان سەرەتای ئەم مانگە بوو بۆ گەڕانەوە بۆ جەلەولا، بەڵام ئەنجوومەن و بەڕێوەبەری شارەدێی گوڵاڵە و كەسوكاری شەهیدان رێگرن لەو هەوڵە.

ئەو رای گەیاند، چەكدارانی ئەو هۆزە پێشتر باڵادەست بوون و فەوجی تایبەتیان لە جەلەولا هەبوو، بەڵام بەئاشكرا لە ساڵی 2014دا بۆ دژایەتیكردنی كورد چوونە پاڵ داعش .

عەقید جموور رۆستەم یەكێك لە فەرماندەكانی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، ئەوانیش وەك پێشمەرگە لە سنووری گوڵاڵە بە ئاگان لەو ناكۆكییانەی لە نێو كەرەوییەكاندا دروست بووە و گەیشتووەتە ئاستی كەرتبوون.

ئەو گوتی هیچ هاوكارێكی داعش رێی بۆ خۆش ناكرێت بێتەوە جەلەولا. هۆزی كەرەوی هۆزێكی سوننەی عەرەبی دیالەن و لە پێش رووخانی رژێمی بەعس هاوكاری بەعس بوون، لە سەروبەندی حكوومەتی مالیكیدا فەوجی تایبەتیان بۆ دامەزرێنرا و لە جەلەولا بە هۆزێكی دژ بە كورد ناسراون، 120 كەس لەو هۆزە هاوكاری داعش بوون، هەر جارە و بە بیانوویەك هەوڵی گەڕانەوە دەدەن بۆ جەلەولا، بەڵام كورد گەڕانەوەیان قبووڵ ناكات .

گەرمیان / سەبری هۆرینی 




وشە - سلێمان تاشان