كورد نه‌بوو به‌ به‌شێك له‌ توركیا ده‌بێت به‌ دراوسێیه‌كی دۆست



ئه‌وه‌ی كه‌مێك لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو هه‌ڵبداته‌وه‌ تا ده‌گاته‌ سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌تی سه‌ته‌ی ڕابردوو، پێوه‌ندییه‌كی پته‌وی نێوان تورگوت ئۆزاڵ سه‌رۆكی ئه‌وكاتی توركیا و جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌بینێ، ئه‌م پێوه‌ندییه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز بوو، هه‌ردوو كه‌سه‌كه‌ پلانیان بۆ لێكردنه‌وه‌ی باشووری كوردستان له‌ عێراق داڕشتبوو تا ببێت به‌ هه‌رێمێك سه‌ربه‌ توركیا. كۆمه‌ڵێ خاڵی هاوبه‌ش هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌و پێوه‌ندییه‌ و ئه‌مه‌ی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی ئێسته‌ی توركیا و مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان. 
ئه‌م دوو سه‌رۆكه‌ش هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی باشووری كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا، به‌ڵام كۆمه‌ڵێ خاڵ ئه‌مه‌یان له‌وه‌ی تاڵه‌بانی و ئۆزاڵ جیا ده‌كاته‌وه‌، هه‌ندێكیان گۆڕینی سه‌رده‌مه‌كان دروستی كردوون و هه‌ندێكیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئایدیا و بینین و خه‌ونی كه‌سه‌كان، بۆ نموونه‌ جاران بۆ كوردستانی باشوور باسی فیدراڵی ده‌كرا له‌گه‌ڵ توركیا، ئێسته‌ باسی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كرێ كه‌ ببێت به‌ دراوسێیه‌كی باش و هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵی به‌ ته‌واوی سه‌روه‌رییه‌وه‌.


سه‌رده‌می دووه‌می كۆماری توركیا
ئه‌گه‌ر مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك، سه‌رده‌می یه‌كه‌می بڕینی قۆناغی ده‌وڵه‌تی عوسمانیی بێت له‌ سیسته‌مێكی بۆماوه‌یی ئیسلامیی قۆرخكاره‌وه‌ بۆ كۆماریی عه‌لمانی، به‌ڵام به‌هه‌مانشێوه‌ دژی مافی گه‌لانی تری وڵاته‌كه‌، ئه‌وا سه‌رده‌می تورگوت ئۆزاڵ كه‌ له‌ ساڵانی 1989 بۆ 1993 سه‌رۆكی توركیا بووه‌، قۆناغی دووه‌می ئه‌و كۆماره‌یه‌، چونكه‌ ئیتر لێره‌وه‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م به‌ ڕووی ئیسلامییه‌كاندا ده‌ستی پێ كرد و مسوڵمانیش ده‌یتوانی له‌ژێر وڵاتێكی عه‌لمانیدا مافی سیاسییان هه‌بێ، نه‌ته‌وه‌كانی تریش ده‌یانتوانی بگه‌ن به‌ كه‌مێك له‌ مافه‌كانیان، به‌گشتی له‌ سه‌رده‌می ئه‌مدا هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و دیموكراتی له‌ توركیادا گه‌شه‌ی كرد و به‌ باوكی ڕاستیی لیبراڵییه‌ت له‌و وڵاته‌ هه‌ژمار ده‌كرێ.

ئۆزاڵ ئه‌گه‌رچی دوای كۆده‌تایه‌كی سه‌ربازی ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرت و ماوه‌ی شه‌ش ساڵ (1983-1989) سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا بوو، پێش ئه‌وه‌ی بۆ چوار ساڵی داهاتوو ببێت به‌ سه‌رۆكی وڵات، ئه‌و هه‌وڵی زۆری دا تا ڕۆڵی سه‌رباز كه‌م بكاته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی هیچ پێكهه‌ڵپژانێكی له‌گه‌ڵ ئه‌واندا دروست نه‌كرد.

ساڵی 1989 هه‌زاران كوردی له‌ گرتووخانه‌كان ئازاد كرد كه‌ ده‌یان سه‌ركرده‌ی باڵای پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)شیان له‌ناودا بوو، به‌ڵام ئه‌و حزبه‌ به‌رده‌وام بوون له‌ چالاكییه‌كانیان. ساڵی 1990 كه‌مێك له‌ قه‌ده‌غه‌ی قسه‌كردن به‌ زمانی كوردی هێواش كرده‌وه‌ و خه‌ڵكی ده‌یانتوانی له‌ شاره‌ كوردییه‌كان به‌ كوردی بدوێن، ته‌نانه‌ت خۆی ئاشكرای كرد كه‌ به‌ ڕه‌گه‌ز كورده‌ و ڕێی دا له‌ژێر چاودێریی حكوومه‌تدا، بڵاوكراوه‌ به‌ زمانی كوردی چاپ ببن، به‌ڵام به‌بێ هیچ ئاماژه‌یه‌كی سیاسی، ڕۆژنامه‌ و گۆڤاری وه‌ك "وه‌ڵات، ئۆغر كۆندام و نه‌وبه‌هار" چاپ كران. ساڵی 1991 په‌یمانگه‌ی كوردی له‌ ئیسته‌نبوڵ كرایه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی نه‌یهێشت هه‌وڵه‌كانی ئۆزاڵ تا سه‌ر بن، سوپای توركیا كه‌ به‌ده‌ست شۆڤێنییه‌كانه‌وه‌ بوو، له‌گه‌ڵ ئۆقره‌نه‌گرتنی په‌كه‌كه‌، هه‌ردوولا سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێ به‌ توندوتیژی كێشه‌كانیان چاره‌ بكه‌ن و هیچیان نه‌یانتوانی وه‌ك پێویست پابه‌ند بن به‌و هه‌واڵانه‌ و ڕێزیان لێ نه‌گرت. ته‌نانه‌ت له‌ ساڵی 1992 سوپای توركیا هێزێكی سه‌ربازیی تۆكمه‌ی هێنایه‌ باشووری كوردستان تا لێره‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ په‌كه‌كه‌ بدات، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان به‌ ته‌واوی شكستی هێنا و زیانی گیانی زۆریان تێ كه‌وت.


ئۆزاڵ و تاڵه‌بانی
تورگوت ئۆزاڵ ڕه‌نگه‌ تا ئه‌و سه‌رده‌مه‌، تاكه‌ سه‌رۆكی توركیا بێت كه‌ پێوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌یه‌كی كورد دا هه‌بووبێت كه‌ جه‌لال تاڵه‌بانیی سكرتێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌، ئه‌م پێوه‌ندییانه‌ قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر ده‌كرا، ئێسته‌ ناتوانین بڵێین ئه‌م پێوه‌ندییه‌ بوو كه‌ وای كرد سوپای توركیا سنووری خاكی باشووری كوردستان ببه‌زێنێ كه‌ له‌ ڕووی دیپلۆماسییه‌وه‌ به‌زاندنی عێراق بوو، هه‌ڵبه‌ت ناشتوانین بڵێن وا نه‌بووه‌، چونكه‌ هه‌ردوو حزبی زلهێزی كوردستان به‌شدارییان له‌و شه‌ڕه‌دا كرد، هه‌ڵبه‌ت په‌كه‌كه‌یش له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرا، بۆیه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ دیسان خرایه‌ ناو ئه‌و جه‌نگه‌ گه‌وره‌یه‌ی بۆ ڕێگریكردنی پاوانخوازیی تاران ده‌كرێ و كوردستانیش له‌ به‌ره‌ی دژی ئێران بووه‌، تا ساڵی 1996 كه‌ ویستی به‌ هاوكاریی سوپای پاسداران شه‌ڕی ناوخۆ له‌ پارتی بباته‌وه‌ و به‌په‌له‌ به‌ داوایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی سوپای عێراق له‌ 31ی ئاب هات و ڕێی نه‌دا ئه‌و هه‌وڵه‌ سه‌ر بگرێ و هه‌ولێر بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریی ئێران.

با واز له‌و به‌شه‌ی مێژوو بهێنین و بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ شه‌ڕه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌ و سوپای توركیا. دوای ئه‌وه‌ی توركیا نه‌یتوانی له‌ ڕێی سه‌ربازییه‌وه‌ كۆتا به‌ په‌كه‌كه‌ بێنێ، به‌ داوایه‌كی به‌په‌له‌، ناردی به‌شوێن جه‌لال تاڵه‌بانیدا و به‌ هه‌لیكۆپته‌رێكی تایبه‌ت له‌ قه‌ڵاچۆلانه‌وه‌ بۆ ئه‌نكه‌ره‌ گوازرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌تی سه‌ده‌ی ڕابردوو، بۆ كورد به‌ شتێكی زۆر و گرنگ ده‌هاته‌ ژماردن، تا ئه‌و كاته‌ش تاڵه‌بانی و یه‌كێتی، له‌لایه‌ن توركیاوه‌ به‌ هێزێكی نزیكتر له‌ خۆیان هه‌ژمار ده‌كران. (ئه‌گه‌رچی له‌ ڕووی جیۆگرافیاوه‌ نزیكتر بوون له‌ ئێران و ئه‌وانیش به‌ هه‌مانشێوه‌ ده‌یانویست ئه‌و نزیكییه‌یان ده‌ست بكه‌وێ و وه‌ك پێشتر ئاماژه‌ی پێ كرا، ئێران له‌م یارییه‌دا یه‌كێتیی ده‌ست كه‌وت). له‌و سه‌ردانه‌دا، ئۆزاڵ داوای له‌ تاڵه‌بانی كرد ببێته‌ نێوانگیری حكوومه‌تی توركیا و په‌كه‌كه‌، ئه‌وه‌بوو جه‌لال تاڵه‌بانی گه‌یشته‌ دیمه‌شق و له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان ڕابه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان كۆ بووه‌وه‌ و توانی ڕازی بكات، له‌ 20ی ئاداری 1993 ئاگربه‌ستیان ڕاگه‌یاند، ئه‌مه‌ش هه‌ڵبه‌ت به‌بێ ڕه‌زامه‌ندیی ئێران نه‌كرا.

پێوه‌ندیی تاڵه‌بانی و ئۆزاڵ وای كرد نه‌ك جارێك، چه‌ندان جار سه‌ردانی دیمه‌شق و توركیا بكات و بووه‌ هۆی كۆمه‌ڵێ ئاگربه‌ست له‌ نێوان په‌كه‌كه‌ و ئه‌و وڵاته‌دا و مێژوو له‌ یادی ناكات، زۆریی ئه‌م سه‌ردانانه‌ بوو وای كرد پاسپۆرتی توركیای بدرێتێ تا بوو به‌ سه‌رۆك كۆماری عێراق، وه‌ك هاووڵاتیی توركیا هه‌ژمار ده‌كرا و ئۆتۆمبێله‌ گوله‌نه‌بڕه‌كه‌یشی له‌وێوه‌ به‌ دیاری بۆ هاتبوو.


تاڵه‌بانی و فیدڕاڵی له‌گه‌ڵ توركیا
تا ئێسته‌یش هه‌ندێك پسپۆڕی سیاسیی ئه‌مه‌ریكی پێیان وایه‌، تورگوت ئۆزاڵ ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی كوردی عێراق شوێنێكی سه‌قامگیری تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێ، به‌تایبه‌تی به‌هۆی ئه‌و پێوه‌ندییه‌ باشه‌ی له‌گه‌ڵ جۆرج بۆش هه‌یبوو، له‌ سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕینی به‌هاری 1991 و داگیركردنی كوێت له‌لایه‌ن سه‌دامه‌وه‌ و ڕزگاركردنه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌، ڕۆژانه‌ پێوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی له‌ نێوان سه‌رۆكی توركیا و سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكادا هه‌بوو. ئۆزاڵ پێی وابوو پێویسته‌ كوردی عێراق به‌ ته‌واوی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام ده‌ربهێنرێن و ئه‌وانیش وه‌ك نیازپاكی یان وه‌ك هه‌ر مه‌رامێكی تر بێت، سه‌رپه‌رشتیی ئه‌و ناوچانه‌ بكه‌ن و شێوه‌یه‌كی نیمچه‌ فیدڕاڵی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیادا دروست ببێت. 

هه‌ڵبه‌ت مه‌رامه‌كه‌ی تری ئۆزاڵ بریتی بوو له‌ هه‌نگاوێك بۆ به‌هێزكردنی توركمان و گه‌یشتنیش بوو به‌ شاخه‌كانی كوردستان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌. لای خۆشییه‌وه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی یه‌كه‌م كه‌س بوو له‌ میدیاكانی توركیا و له‌ چه‌ند گوتارێكدا گوتبووی، "ئێمه‌ وه‌ك گه‌لی كورد به‌ ته‌واوی له‌ عه‌ره‌ب دوورین و تێكه‌ڵبوونی مێژووییمان له‌گه‌ڵ توركدا هه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین ببین به‌ هه‌رێمێكی فیدڕاڵی له‌گه‌ڵ توركیا و بۆ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئۆزاڵ هه‌نگاومان بڕیوه‌". ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی ئۆزاڵ و تاڵه‌بانی پێشوه‌خته‌ بوون، بۆیه‌ تا ئێسته‌ش وا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن شۆڤێنییه‌كانی توركیاوه‌، سه‌رۆكه‌كه‌یان ژه‌هرخوارد كرابێت، نزیكترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ڕۆژی 17ی نیسانی 1993 كه‌ تاڵه‌بانی واده‌یه‌كی ڕێكخستبوو، تێیدا ئۆزاڵ خۆی ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان بكات، به‌ چه‌ند سه‌عاتێك پێش پێوه‌ندییه‌كه‌، ده‌مرێ و كۆمه‌ڵێ هه‌نگاوی داهاتوو له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌خاته‌ چاڵه‌وه‌.


سه‌رده‌می سێیه‌می كۆماری توركیا
دوای كوشتن یان مردنی ئۆزاڵ، توركیا هه‌نگاوێك چووه‌وه‌ دواوه‌ و سوپا هه‌وڵی دا هه‌موو شتێك وه‌ك خۆی لێ بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ نه‌توانرا وه‌ك پێویست بێت، به‌ڵكو قۆناغێكی نوێی به‌دوای خۆیدا هێنا كه‌ بریتییه‌ له‌ سه‌رده‌می ئیسلامییه‌كان، ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌ نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان و حزبی فه‌زیله‌ ده‌ستی پێ كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی توانی به‌ باشی بیقۆزێته‌وه‌، بریتی بوون له‌ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، فه‌تحوڵا گوله‌ن، عه‌بدوڵا گول، ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵوو و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی تر. ئه‌مان توانییان به‌ ته‌واوی مۆدێلێكی نوێ له‌ توركیا دروست بكه‌ن و دیموكراتییه‌كی تازه‌ پێشكه‌شی دنیا بكه‌ن كه‌ له‌ نێوان عه‌لمانییه‌ت و ئیسلامیدا جێی بووه‌ته‌وه‌. 

ساڵانی زێڕینی سه‌رده‌می سێیه‌می توركیا، تا ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان هاوڕێكانی پاشكۆ نه‌خستبوو، تا ئه‌وكاته‌یه‌ كه‌ ده‌ستكاری ده‌ستووری توركیای له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆی له‌ ده‌سه‌ڵات نه‌كرد و سیسته‌می وڵاتی نه‌كرد به‌ كۆماریی، تا ئه‌و كاته‌یه‌ له‌ ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی هه‌وڵی ئاشته‌وایی دا و له‌ ده‌ره‌وه‌ش پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ باشووری كوردستان به‌هێز كرد و له‌ ئه‌وروپا به‌ شێوه‌یه‌ك خۆی نزیك كرده‌وه‌ ده‌یویست بچێته‌ یه‌كێتییه‌كه‌وه‌ و ئابووریی توركیای له‌ وڵاتێكی قه‌رزداری گه‌وره‌وه‌ گۆڕی بۆ وڵاتێك ئێسته‌ به‌ سه‌دان ملیار دۆلاری داوه‌ به‌ وڵاتان به‌ قه‌رز.
ئێمه‌ لێره‌ شیكارییه‌كه‌مان له‌سه‌ر قۆناغه‌كانی گۆڕانی سیاسه‌تی ئه‌ردۆغان و پارتی داد و گه‌شه‌پێدان نییه‌، بۆیه‌ به‌ وردی ناچینه‌ ناو ئه‌و باسه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستمانه‌ پێوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ به‌ باشووری كوردستانه‌وه‌ بخه‌ینه‌ ڕوو، به‌ تایبه‌تی پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ هه‌میشه‌ له‌ میدیا جیهانییه‌كان و میدیاكانی توركیا و كوردستانیش به‌ دوو دۆستی یه‌كتر، هاوشێوه‌ی دۆستایه‌تییه‌كه‌ی تاڵه‌بانی و ئۆزاڵ ته‌ماشا ده‌كرێن.


بارزانی و پێوه‌نديی ئاشته‌وایی و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش
هه‌ر له‌ سه‌رده‌می ئه‌ردۆغاندا، سوپای توركیا تا سنووری باشووری كوردستان جووڵه‌ی پێ كرا و هیچی نه‌مابوو بێنه‌ ئه‌مدیویشه‌وه‌، بارزانی به‌ زمانێكی توند وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و خه‌ڵكی جووڵاند و زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن كه‌س له‌ شاره‌كانی كوردستان ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین خۆپیشاندان له‌ باشووری كوردستان هه‌ژمار ده‌كرێ، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و دۆخه‌ گۆڕا، ڕه‌نگه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كان وه‌ك زافر كاگلیان وه‌زیری بازرگانیی ده‌ره‌وه‌ی گوتی: بازرگانی ده‌رگه‌ی سیاسه‌تیش ده‌كاته‌وه‌ و پێوه‌ندییه‌كان گه‌شه‌ پێ ده‌دات، وا ده‌كات هه‌موو كێشه‌كانمان چاره‌ بكه‌ین. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ و هۆی تریش هه‌ن، هه‌مووی له‌و كاته‌وه‌ بوو كاتێك ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵۆ سه‌رۆكی حكوومه‌تی توركیا سیاسه‌تی "سفركێشه‌"ی ڕاگه‌یاند و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی به‌ ڕووی دنیادا ڕاگه‌یاند و ده‌رگه‌ی بۆ هه‌ر وڵات و وه‌به‌رهێنه‌ر و ڕێكخراوێك كرده‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێ هاوكاری كوردستان بێت بۆ پته‌وكردنی ژێرخانه‌ ئابوورییه‌كه‌ی.

له‌وه‌ته‌ی بارزانی و ئه‌ردۆغان دۆستن، چه‌ندان جار سه‌ردانی توركیای كردووه‌، ئه‌م سه‌ردانانه‌ و ئه‌م پێوه‌ندییانه‌ كۆمه‌ڵێ به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی دروست كردووه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌ندێكن له‌و خاڵانه‌:

- بازرگانییه‌كی پته‌و له‌ نێوان باشووری كوردستان و توركیا كه‌ به‌پێی ڕاپۆرته‌ فه‌رمییه‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر له‌ 10 ملیار دۆلار، ئه‌گه‌ر ته‌نگژه‌كان ڕێی نه‌گرتایه‌، چاوه‌ڕێ ده‌كرا بگاته‌ 15 ملیار دۆلار، هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و غازی كوردستان له‌ ڕێی به‌نده‌ری جه‌یهانه‌وه‌ كه‌ ڕێككه‌وتنێكی درێژخایه‌نه‌ و ئه‌مانه‌ش توركیا ناچار ده‌كه‌ن خۆی به‌ خه‌مخۆری نه‌شڵه‌ژانی دۆخی ته‌ناهیی كوردستان بزانێ.

- به‌رزبوونه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك توركیا بۆ یه‌كه‌م جار له‌ سه‌رده‌می بارزانی و ئه‌ردۆغاندا، دان به‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی ده‌نێت، كونسوڵخانه‌ی خۆی لێ بكاته‌وه‌ و ئاڵای كوردستانیش له‌ سه‌ردانه‌كانیدا هه‌ڵبواسێ و له‌ هه‌ولێر و ئه‌نكه‌ره‌ فه‌رشی سوور بۆ یه‌كتر ڕا بخه‌ن كه‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌ به‌ به‌راورد به‌و مێژووه‌ خوێناوی و تاڵه‌ی له‌ نێوان هه‌ردوو میله‌تدا هه‌یه‌.

- پێوه‌ندییه‌كانی بارزانی و ئه‌ردۆغان، ئاشته‌وایی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كرانه‌وه‌ی له‌ باكوری كوردستان دروست كرد، بۆ یه‌كه‌م جار له‌وێ قوتابخانه‌ به‌ زمانی كوردی كرایه‌وه‌ و هه‌زاران كه‌سایه‌تیی كورد وه‌ك شڤان په‌روه‌ر لێخۆشبوونیان بۆ ده‌ركرا، جگه‌ له‌ كه‌ناڵێكی حكوومی به‌ زمانی كوردی، چه‌ندان كه‌ناڵی ناوخۆیی و ئاسمانی به‌و زمانه‌ كرانه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی خه‌ڵكی باكور له‌ هه‌موو مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و كولتوورییه‌كانیان ئازاد كران.

- ئه‌م پێوه‌ندییانه‌ ڕێی له‌ به‌رده‌م ڕێككه‌وتن له‌ نێوان په‌كه‌كه‌ و حكوومه‌تی توركیا خۆش كرد و چه‌ندان ئاگربه‌ستی لێ كه‌وته‌وه‌، به‌ڵام به‌ هه‌مانشێوه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كانی ئۆزاڵ و تاڵه‌بانی، دیسان شكستیان هێنا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌رچی هێشتا مانۆڕی سه‌ربازیی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا به‌رده‌وامه‌، هێشتا په‌كه‌كه‌ له‌ شاخه‌كانی باشووری كوردستاندان و ده‌توانن به‌ شه‌قامی شاره‌كانیشدا پیاسه‌ بكه‌ن.


سه‌ربه‌خۆیی و مامه‌ڵه‌ی توركیا به‌رامبه‌ر پرۆسه‌كه‌
رۆژی حه‌وتی حوزه‌یران/یۆنیۆی 2017 كاتێك مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و حكوومه‌ت و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمه‌كه‌ی، رۆژی 25ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2017یان وه‌ك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانه‌وه‌ یان جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق" دیاری كرد، چاوی دنیا له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی وڵاتانی دراوسێی كوردستان بوو، چۆن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ده‌دوێن، ئه‌وه‌ی جێی تێڕامانی به‌شێك له‌ پسپۆڕان بوو، توركیا وه‌ك زۆربه‌ی وڵاتان باسی له‌ پابه‌ندبوون به‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا ئه‌تیكێتێكی دیپلۆماسییه‌ و به‌پێی ڕێككه‌وتنی وڵاتان له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، نابێ هیچ وڵاتێك پشتیوانی پارچه‌بوونی وڵاتێكی تر بكات، وه‌ك چۆن له‌ به‌رامبه‌ردا نابێ دژی مافی ڕه‌وای هیچ میله‌تێك بن. 

خۆ ئه‌گه‌ر ته‌ماشای پێوه‌ندییه‌كانی باشووری كوردستان و توركیا دوای ڕاگه‌یاندنی واده‌ی ڕیفراندۆم بكه‌ین، ده‌بینین نه‌ك تێك نه‌چووه‌، پێوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان خه‌ریكه‌ به‌ره‌و گه‌شه‌ی ساڵانی 2007 بۆ 2013 ده‌چنه‌وه‌ و كۆمه‌ڵێ كۆمپانیای نوێ گرێبه‌ستیان له‌ كوردستاندا كردووه‌، ئه‌مه‌ش دانپێدانانێكی شاراوه‌یه‌ به‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌یانه‌وێ له‌ داهاتووی كوردستاندا، له‌ ڕووی ژێرخانی ئابوورییه‌وه‌ جێی خۆیان جێگیر بكه‌ن.
توركیا باش بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ تازه‌ ناتوانێ ڕێگر بێت له‌ به‌رده‌م سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، به‌ڵام ده‌توانێ ببێته‌ هاوپه‌یمانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌، ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ كۆمه‌ڵێ قازانجی لێ ده‌كات كه‌ ڕه‌نگه‌ ببێته‌ به‌هێزبوونی و بیكات به‌ زلهێزی یه‌كه‌م له‌ ناوچه‌كه‌ و پێشی ئێران بداته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ته‌نیا به‌ پێوه‌ندیی ئابووری نا، به‌ڵكو به‌ پێوه‌ندیی ستراتیجیی سه‌ربازی و ڕێككه‌وتنی سیاسی و دیپلۆماسیی گه‌وره‌. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانی سه‌ربازی له‌ نێوان ده‌وڵه‌تی كوردستان و توركیا هه‌بێت، قازانجه‌كه‌ی بۆ كوردستان ئه‌وه‌یه‌ له‌ مه‌ترسی هێرشی عێراق و ئێران ڕزگاری ده‌بێ، توركیاش له‌ مه‌ترسیی هه‌ر هێزێك كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بێت بۆ سه‌قامیگریی وڵاته‌كه‌ی خۆی ده‌رباز ده‌كات. 

له‌ ڕووی سیاسیشه‌وه‌ توركیا ده‌توانێ ببێته‌ ڕزگاركه‌ری سوننه‌ی عێراق و ئه‌و بۆشایییه‌ی سعوودیه‌ پێی پڕ ناكرێته‌وه‌، ئه‌و بیكات، بۆ ئه‌مه‌ش باشترین شوێن ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌ كه‌ هه‌میشه‌ ده‌رگه‌ی بۆ ئاواره‌ سوننه‌كانی عێراق كراوه‌ بووه‌ و شوێنی داڵده‌ی سه‌ركرده‌كانیان بووه‌. توركیا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یه‌ڵێت له‌ ڕێی عێراقه‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی ئێران كه‌ په‌كه‌كه‌ به‌ ده‌ستی ئه‌وان ده‌زانێ لێی نزیك بێته‌وه‌، ده‌بێ ددان به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا بنێ، ده‌بێ له‌و ده‌وڵه‌ته‌ش نزیك بێت، پێش ئه‌وه‌ی ئێران و هاوپه‌یمانیی شیعه‌، ده‌ستی هاوكاری بۆ نزیك بكه‌ن.

ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ی جێی پرسیار و مه‌ترسی بێت، ئایا توركیا له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه‌ ماوه‌ی 12 ساڵه‌ گۆڕانكاری گه‌وره‌ به‌سه‌ر هزری ئه‌ردۆغاندا هاتووه‌ و مه‌ترسی هه‌یه‌ به‌سه‌ر ڕێككه‌وتنه‌كانیشی له‌گه‌ڵ كوردستاندا بچێته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی ئه‌گه‌ری كۆده‌تای سه‌ربازی جارێكی تر له‌ توركیا لاوازه‌، چونكه‌ ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ هه‌موو ڕیسه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌ خووری، به‌ڵام خۆ ده‌كرێ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو هاوپه‌یمانییه‌ك له‌ نێوان جه‌هه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ دروست ببێ و به‌ ته‌واوی ئه‌كه‌په‌ بكه‌ن به‌ پاشكۆ، ئه‌و كاته‌ پێوه‌ندییه‌كانی كوردستان و توركیا چییان لێ دێ. ئایا بارزانی پلانی دووه‌می به‌رامبه‌ر توركیا داناوه‌؟.


شيكاريى:


وشە - كوردۆ شابان


PM:04:55:05/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 13355 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌