بەمەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا وەك پەنابەر، بەشێك لە خەڵكی سلێمانی دەستیان بە فرۆشتنی كەلوپەلی ناوماڵیان كردووە، كڕیارەكانی ناو بازاڕیش دەڵێن، كۆچێكی خێزان دەستی پێ كردووە و هاووڵاتییان كەلوپەلەكانی ناوماڵیان هەرزانفرۆش دەكەن و لە ماوەی دوو مانگدا 70 ماڵ لە ڕێی ئەوانەوە كەلوپەلەكانیان فرۆشتووە.
ماوەی سێ ساڵە كۆچی بە لێشاو دەستی پێ كردووە و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە زۆری ڕوو دەكەنە ئەوروپا وەك پەنابەرێك، لە ماوەی ڕابردووشدا ئەو كۆچە لە ناو خێزانەكان دەستی پێ كردووە، بۆ ئەو مەبەستەش تا پارەی ئەو ڕێیە بە دەست بهێنن ماڵباتەكان كەلوپەلەكانی ناو ماڵیان دەفرۆشن.
خالید ڕەحیم كە ماوەی یەك ساڵە هاوسەرگیری كردووە و بە نیازە بچێتە وڵاتان دەڵێت، پێشتر هیچ بیری لەوە نەكردووەتەوە وەك پانابەرێك بچێتە وڵاتان، ئەو پێی باش بووە لە بری ئەوەی بچێتە ئەوروپا وەك پەنابەر، هاوسەرگیری كردووە و تەنیا یەك ساڵ بەسەر ژیانی هاوسەرگیرییەكەیان تێپەڕیوە، بەڵام لە ناو بازاڕ بە دوای كڕیارێك دەگەڕێت تا كەلوپەلەكانی ناوماڵی پێ بفرۆشێت.
هەروەها گوتی، پارەی ئەوەی بە دەستەوە نییە كە لەگەڵ خێزانی بەشێوەی پەنابەر دەرچن، بۆیە ناچار بۆ بەدەستهێنانی بڕە پارەیەك دەیەوێت ناوماڵەكەیان بفرۆشێت و بڕە پارەیەكی دەست بكەوێت بۆ ئەو ڕێیە، ڕەحیم كە سەرجەم كەلوپەلەكانی لە مۆبیلیات و پێشانگەكان بە بڕە پارەیەكی زۆر كڕیوە، بەڵام ئێستە لە بازاڕ بە بڕە پارەیەكی زۆر كەمتر دەیانفرۆشێتەوە. وەك خۆشی دەڵێت، هەموو كەلوپەلەكانی نوێن، بەڵام لە بازاڕ پارەیەكی كەم دەكەن.
هێمای بۆ ئەوەش كرد، زیاتر لە پێنج ملیۆن دیناری لە كەلوپەلی ناو ماڵ خەرج كردووە لە كاتی هاوسەرگیرییان، بەڵام ئێستە هەموو كەلوپەلەكانی كەمتر لە دوو ملیۆن دینار دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا ناچار بووە كە بیفرۆشێت و وەك پەنابەر بچێتە یەكێك لە وڵاتەكان.
بازاڕی كۆنەی سلێمانی كە ئێستە زۆر لە ساڵانی ڕابردوو گەرمتر بووە، كڕین و فرۆشتنێكی زۆری تێدا دەكرێت بەهۆی ئەو خێزانانەی كە وەك پەنابەر دەچنە وڵاتان و ناچار كەلوپەلەكانیان بفرۆشن. هاووڵاتییەك كە كاری كڕینی كەلوپەلی ناوماڵە دەڵێت، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو زۆرترین كڕینی و فرۆشتنی بەسەر كەلوپەلی ماڵان كردووە.
محەمەد حوسێن خاوەنی پێشانگەی مەریوان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو خێزانانەی كە دەیانەوێت وەك پەنابەر بچنە وڵاتان، ناچار كەلوپەلەكانیان دەفرۆشن، بۆ ئەو مەبەستەش كڕیارێك دەبەنە سەر كەلوپەلەكانیان، ئەگەرچی كەلوپەلەكانیان پارەی زۆر ناكەن، بەڵام ناچار دەبن بەو نرخە بیفرۆشن.
ئەو دەڵێت، بە گشتی كەلوپەلی دەستی دوو لە بازاڕ نرخی زۆر نییە، ناتوانین هەمان ئەو نرخە بدەینە كەلوپەلەكان كە پێشتر ئەو كەسە كڕیویەتی، چونكە ئەو شێوازی كڕینی كەلوپەلی دەستی دووە كە نرخێكی كەم دەكەن، چونكە ئەوانیش پێویستیان بەوەیە قازانجێك بكەن. دەشڵێت، هەندێك جار كاتێك كەلوپەلەكان نافرۆشرێن، ناچار دەبن بە نرخی خۆی یان كەمتر بیفرۆشنەوە.
ئەو دەڵێت، كاتێك دەچینە ماڵێك و سەیری كەلوپەلەكان دەكەین، بە گشتی نرخێك بۆ هەموویان دادەنێن، ئەو كەسەش بەردەوام ناڕازییە لەو نرخە، بەڵام دەبێ بزانن وەك كۆنەیەك مامەڵە بەو كەلوپەلەوە دەكرێت.
ئەو دەڵێت، لە ماوەی دوو مانگدا زیاتر لە 70 خێزان لە ڕێی ئەوەوە كەلوپەلەكانیان هەرزانفرۆش كردووە و بەمەبەستی بەدەستهێنانی پارە و كۆچكردن بە شێوەی پەنابەر. بە گوتەی خۆشی بەشی زۆری ئەو خێزانانەی كە كەلوپەلی ناو ماڵ دەفرۆشن زیاتر كرێچین.
هەروەها زیاد ئەحمەد، یەكێتی ترە لەو كڕیارانەی كە كەلوپەلی ناوماڵ دەكڕێت ئەو دەڵێت، چووینەتە ناو ماڵ بە بڕی زیاتر لە 10 هەزار دۆلار ناوماڵی تێدا بووە، تەنیا سیسەمی خەوەكەی و قەنەفەكانی بایی 30 وەرەقە بووە، بەڵام سروشتی كڕین و فرۆشتن لە بازاڕ بەو شێوەیە كە پارەیەكی زۆر كەم دەكات.
ڕوونی كردەوە، ڕۆیشتنی خێزان بۆ ئەوروپا بەڕێی قاچاخ ماوەی دوو مانگە دەستی پێ كردووەتەوە و بەوەش بازاڕی كڕینی و فرۆشتنی كۆنە زۆر گەرم بووە و ڕۆژی وا هەیە 10 مامەڵەی كڕین و فرۆشتن دەكەن.
ئاماژەی دا، ئەو ماڵانەی ئەوان دەچن بۆ كڕینی كەلوپەلەكانی ناوی، زۆرترین پارە كە دابێتیان چوار هەزار دۆلار بووە، ماڵیش هەبووە هەزار دۆلاریان داوە بە كەلوپەلەكانی ناو ماڵەكە.
كەیوان جەعفەر هاووڵاتییەكی ترە كە ئەو لە ڕێی پێشانگەكانی بازاڕی دارەسووتاوەكەی سلێمانی كەلوپەلەكانی دەفرۆشت، بە "وشە"ی گوت، لەگەڵ هاوسەرەكەی بەنیازن وەك پەنابەر بچنە ئەوروپا و هاتووە تا بزانێت ئەو كەلوپەلەی كە ئەو هەیەتی لە بازاڕدا نرخی چەندە.
ئەو دەڵێت، بە فرۆشتنی ئەو كەلوپەلانەی ناوماڵەكەی ئەگەرچی ئەو بڕە پارەیەی كە دەستی دەكەوێت زۆر نییە، بەڵام كە بڕیاریان داوە بچنە ئەوروپا، نازانن چی لە كەلوپەلەكان بكەن و ناچارن بیفرۆشن.
سلێمانی/هۆشیار عەلی.