ڤینۆس فایه‌ق هه‌م وه‌ك نووسه‌رێكى تایبه‌ت به پرسى ژنان و هه‌میش وه‌ك شاعیر ناوێكى دیاره، به‌ڵام وه‌ك شاعیر له دنیاى عه‌ره‌بیدا زیاتر گرنگى پێ دراوه. "وشه" له‌باره‌ى چه‌ند ته‌وه‌رێكى تایبه‌ت ئه‌م دیداره‌ى له‌گه‌ڵ ساز كردووه كه پێوه‌ستن به ئاماده‌یى ژن له كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستاندا و ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ى له به‌رده‌م به‌شداریى ژناندا كراوه‌ن.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌ده‌بی كوردی بكه‌ین، زۆر كه‌م یان به‌لاوازی به‌ر ئه‌ده‌بێكی یاخییانه ده‌كه‌وین لای خانمه ئه‌دیبه‌كانی كورد. ده‌پرسم خۆكوشتنی ئه‌دیبانه یان خۆكوشتنێكی یاخییانه زۆر نائاماده‌یی هه‌یه له ئه‌ده‌بی كوردیدا به‌تایبه‌ت لای خانمه ئهدیبهكانمان. ئه‌مه پێوه‌ندی به تێڕوانینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه هه‌یه له‌سه‌ر ژن یا حاڵه‌تێكی تایبه‌ته و ژن خۆی نه‌یتوانیوه له كۆتوبه‌نده سهرهتایییهكان ده‌رباز بێ تا ده‌گات به‌و یاخیبوونه؟
پێوه‌ندی ژنانه به ئه‌وی پیاوه‌وه، له كۆمه‌ڵگه رۆژهه‌ڵاتییه‌كاندا هێشتا پێوه‌ندییه‌كی پێناسه نه‌كراو و شێواو و ناجێگیره، چونكه ئه‌و پێوه‌ندییه له‌سه‌ر بنه‌مای "ئه‌و"ی پیاو و "ئه‌م"ی ژن، ئه‌وی باڵا و ئه‌می كه‌م، ئه‌وی به‌هێز و ئه‌می لاواز، ئه‌وی بڕیارده‌ر و ئه‌می ملكه‌چ، ئه‌وی خاوه‌ن ماڵ و ئه‌می كابان، ئه‌وی به‌ئیراده و ئه‌می له ئیرادهخراو.
ئه‌وی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و ئه‌می بێده‌سه‌ڵات بینا كراوه، ئه‌م پێوه‌ندییه ناته‌با و نادادوه‌رییه به‌چه‌ند پێوه‌رێكی نامرۆیی رێك خراون و ده‌خوێنرێنه‌وه و به‌درێژایی مێژوو ئاین به پله‌ی یه‌كه‌م به‌هێزترین پاساوی بۆ ئه‌و نادادییه هێناوه‌ته‌وه و به یه‌كسانی و عه‌داله‌ت پیشانی داوه و داونه‌ریتی دواكه‌وتووی كۆمه‌ڵایه‌تی كه هێزی له ئاینه‌وه وه‌رگرتووه چه‌سپاندوویه‌تی و كردوویه‌تی به كولتوورێكی باوه‌ڕپێكراو، دیارترین و زه‌قترین پێوه‌ری كۆی ئه‌م تێڕوانین و پێوه‌ندییه ناهه‌مواره‌ی نێوان و پیاو "نامووس"ـه.
لێره‌وه ئه‌و ئیشكالییهتهی ئه‌ده‌ب سه‌رهه‌ڵده‌دات. زۆرجار ده‌بینی نووسه‌ری ژنمان هه‌ن زۆر باش ده‌نووسن، به‌ڵام خه‌ڵك ده‌پرسێ بۆچی ژنی بوێرمان نییه؟
زۆر كه‌س پرسیارێكی زۆر گێلانه ده‌كه‌ن: بۆچی سیمۆن دۆبۆڤوارێك، ڤێرجینیا وۆڵف یان ئۆپرایهكمان نییه؟ ئاخر ئه‌مه ته‌نیا به ژنه‌كه ناكرێ، ئه‌مه پێویستی به وه‌رگر (خوێنه‌ر و بینه‌ر)ی هوشیار و دنیابین هه‌یه. ئه‌مه پێویستی به كه‌شوهه‌وایه‌كی عه‌قڵی فكری و ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ته‌ندروست هه‌یه كه لای ئێمه هێشتا نییه، پێویستی به پێوه‌ندییه‌كی ته‌بای مرۆیی نێوان ژن و پیاو هه‌یه كه ململانێی نێوان ژن و پیاو له‌سه‌ر هه‌موو پرسه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه له نێوان دوو بوونه‌وه‌ری یه‌كساندا بێت نه‌ك له نێوان ئه‌وی زاڵ و ئه‌می ملكه‌چ، ئه‌وی موڵكدار و ئه‌می كۆیله.
له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ته‌نیا ناوی ئه‌و ژنانه نه‌مر ده‌مێنێته‌وه كه به‌هۆی پیاوێكه‌وه ناسراون، بۆ نموونه حه‌پسه‌خانی نه‌قیب ئه‌گه‌ر ئامۆزای شێخ مه‌حموودی حه‌فید و خێزانی شێخ قادری حه‌فید نه‌بووایه و زۆر له‌وه‌ش زیاتر خه‌باتگێڕ و چالاك و داكۆكیكار له مافه‌كانی ژن بووایه، هه‌رگیز به‌وجۆره ناوی به نه‌مری نه‌ده‌مایه‌وه.
بێگومان ژیانی هه‌ریه‌ك له ژنه چالاك و ئه‌دیب و نووسه‌ره‌كان به‌سه‌رهاتی سه‌رنجڕاكێشی تێدایه، به‌ڵام ئایا كۆمه‌ڵگه قبووڵ ده‌كات ژنێك به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆی و یاده‌وه‌رییه‌كانی به راستگۆیی بنووسێته‌وه و له دووتوێی كتێبێكدا بڵاوى بكاته‌وه؟
بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك سوودی لێ ببینن، كێن ئه‌وانه‌ی به‌چاوی رێزه‌وه سه‌یری ده‌كه‌ن؟ خۆم زۆرم بیر له‌وه كردووه‌ته‌وه ژیاننامه و یاده‌وه‌رییه‌كانم یان چیرۆكی وێستگه گرنگه‌كانی ژیانم بنووسمه‌وه، به‌ڵام به‌رده‌وام بیرم له كاردانه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ر و كۆمه‌ڵگه كردووه‌ته‌وه و په‌شیمان بوومه‌ته‌وه. ئه‌مه هێند پێوه‌ندی به ژنهكهوهیه، دوو ئه‌وه‌نده پێوه‌ندی به هزری كۆیی "ده‌سته‌جه‌معی" كۆمه‌ڵگه و دنیابینی و ئاستی هوشیاری و مه‌عریفی خوێنه‌ر هه‌یه. ئاخر ژنێكی شاعیر ده‌قێكی عاشقانه ده‌نووسێ ده‌یان كه‌س ده‌پرسن ئه‌مه بۆ كێت نووسیوه؟ له كاتێكدا هه‌رگیز ئه‌و پرسیاره له پیاوێكی شاعیر ناكه‌ن، ره‌نگه ئه‌گه‌ر بشكرێ بۆنی تاوانباركردنی تێدا نییه.
له‌لایه‌كی تره‌وه، ئه‌و حاڵه‌ته پێوه‌ندی به ژنانیشه‌وه هه‌یه، ئافره‌تێكی له ئیرادهخراو وا به ئاسانی به‌رگه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه سه‌خت و دڕه‌كان ناگرێ، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه قسه زۆر هه‌ڵده‌گرێ و له ژنێكه‌وه بۆ ژنێكی تر ده‌گۆڕێ. مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ چه‌مكی یاخیبوون پێویستی به ئاستێكی رۆشنبیری و هوشیاری به‌رز هه‌یه، یه‌كێكه له پله باڵا و ئاڵۆزه‌كانی هزری ئاده‌میزاد، ژنانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له هه‌لومه‌رجێكی قاسی وادا په‌روه‌رده ده‌بن سه‌خته بگه‌ن به‌و دنیابینییه فراوان و به‌پیته‌ی زه‌وینه‌سازی بۆ یاخیبوونێكی جوان و قبووڵكراو بكات.
ڤێرجینیا وۆڵف به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ستی ده‌كرد به‌ته‌واوی شێت ده‌بێ، یان به‌رده‌وام بێزار بوو له خۆی به‌ده‌ست ئه‌و ده‌نگه‌ی له ناوه‌وه‌یدا به‌رده‌وام بانگی ده‌كرد، بۆیه خۆی كوشت! ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌م جۆره له خۆكوشتن لووتكه‌ی ره‌شبینی ده‌رده‌خات؟ یان دداننانه به شكستێكدا كه ئه‌ویش وه‌ك هه‌ر مرۆڤێكی ئاسایی به‌هۆكارێك كه ڕه‌نگه لای كه‌سانێكی تر زۆر بێ به‌ها بن خۆكوژی ده‌كات؟
ڤێرجینیا وۆڵف له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی تێیدا هاتووه‌ته دنیاوه و ئه‌و كولتووره‌ی تێیدا په‌روه‌رده بووه، ئه‌گه‌ر ئاسایی نه‌بووبێت كه باسی له ئه‌زموونه سێكسییه‌كانی كردووه و دووچاری ئاڵۆزی ده‌روونی بووه‌ته‌وه و نه‌یشاردووه‌ته‌وه، ئه‌وكاته‌ی كه بڕیاری خۆكوشتنی داوه له ئاكامی زۆر بیركردنه‌وه و قووڵبوونه‌وه، یانی ئه‌وكاته‌ی هاوكات بووه له‌گه‌ڵ شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م و كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ری رووداوه‌كانی ئه‌وه شه‌ڕه‌وه، ڤێرجینیا وۆڵف له‌به‌رئه‌وه خۆی نه‌كوشتووه چونكه بۆی نه‌بووه خۆشه‌ویستی بكات، له‌به‌رئه‌وه بڕیاری خۆكوشتنی نه‌داوه چونكه به‌هۆی پیاوێكه‌وه، باوك یان برا یان مێرد چه‌وسابێته‌وه و له كه‌مترین و ساده‌ترین مافه سهرهتایییهكانی ئینسانێكی ئاسایی بێبه‌ش كرابێت. وۆڵف خۆی كوشت چونكه چیتر دنیای به‌شێوه‌یه‌كی تر ده‌بینی و نه‌یده‌توانی درێژه به ژیانی خۆی بدات، ڤێرجینیا وۆلف و هه‌زارانی تری وه‌ك ئه‌و به بڕیار و به ئیراده و ویستی خۆیان، خۆی كوشتووه، چونكه ئه‌و سه‌یری دنیای كردووه و لێی ورد بووه‌ته‌وه و ئاده‌میزادێكی به‌هێز و خاوه‌ن ماف و مردنی خۆی بووه.
ئه‌گه‌رچی رووداوی خۆكوشتنی ڤێرجینیا وۆڵفیش لای خه‌ڵك به‌ده‌ر نه‌بووه له هۆنینه‌وه‌ی چیرۆكی سه‌یر و سه‌مه‌ره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و نامه‌یه‌ی دوای خۆی بۆ مێرده‌كه‌ی جێی هێشتووه بخوێنیته‌وه، تێده‌گه‌یت وۆڵف لووتكه‌ی هۆشیاری و دنیابینی تێپه‌ڕاندووه، بۆیه ئیتر بڕیاری خۆكوشتنی داوه و ئێسته دنیا به‌و چاوه لێی ده‌ڕوانێت و له داهێنان و به‌رهه‌مه‌كانی ده‌ڕوانێت. ئاخۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه چه‌ندی مابێت بۆ ئه‌وه‌ی ژنێك ئاوا قبووڵ بكات و دوای مردنی ئاوا خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكات ئه‌گه‌ر پیاوێكی له پشت نه‌بووبێت؟ كه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه وای لێ دێت له ژنی به‌هره‌مه‌ند و بیرمه‌ند دوور له چه‌مكی شه‌ره‌ف و به‌ستنه‌وه‌ی هه‌موو شتێكی به نامووسه‌وه بڕوانێت؟
به‌گشتی قسه‌یه‌ك هه‌یه به‌چه‌ندان شێوه كراوه له‌باره‌ی ئه‌ركی بنه‌ڕه‌تی ئه‌ده‌ب، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، پێویسته ئه‌ده‌ب له خزمه‌تی مرۆڤدا بێت، یان به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئه‌ده‌ب یانی ئیشكردن له جوانكردنی دنیادا، به‌بۆچوونی ئێوه ئه‌م دیده دیدێكی سروشتی ئه‌ده‌به و هه‌ر تێڕوانینێكی تر بۆ ئه‌ده‌ب له ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی ئه‌ده‌به؟
به‌ده‌ر له هه‌موو بۆچوونه‌كان، من باوه‌ڕم وایه ئه‌ده‌ب بۆ ئه‌ده‌به، ئه‌ده‌ب بۆ به‌تاڵبوونه‌وه‌ی نووسه‌ره‌كه خۆیه‌تی، بۆ پاككردنه‌وه و سڕینه‌وه‌ی ده‌روونمانه له ئاسه‌واری ئه‌و پیس و پۆخڵهییهی كه له ده‌ورمانه. دواجار پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئامانجی ئه‌ده‌ب چییه، ئایا ئامانجه‌كه‌ی به‌خشینی ئاسووده‌یی و ئارامییه به خودی ئه‌دیبه‌كه كه له تێكستێكدا یان كارێكی هونه‌ری... خۆی به‌تاڵ ده‌كاته‌وه؟ یان ئامانجی ئه‌ده‌ب سنووری ئارامی تێده‌په‌ڕێنێت بۆ خزمه‌تكردن یان وه‌ك خۆت گوتت ئیشكردنه له‌سه‌ر جوانكردنی دنیا؟ به‌باوه‌ڕی من دنیا خۆی ناشیرینه، مرۆڤه‌كانیش ناشیرینتریان كردووه، ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یكه‌ین له رێی ئه‌ده‌به‌وه ته‌نیا هه‌وڵه و له هه‌وڵ زیاتر نییه بۆ ته‌كاندن و فوو لێ‌كردن، چونكه ئه‌م دنیایه ته‌نیا به نه‌مانی ئاده‌میزاد پاك ده‌بێته‌وه!.
هه‌ڵبه‌ته پێوه‌ندی نێوان ئه‌ده‌ب و ژیان سوود گه‌یاندنه، به‌ڵام بۆ خودی ئه‌دیب ئارامییه. ده‌بێ بزانین ئه‌دیب یان نووسه‌ر بۆ كێ ده‌نووسن؟.
من وه‌ك شاعیر كه ده‌نووسم بۆ خۆم ده‌نووسم، بۆ ئه‌وه‌ی ئاسووده و ئارام بم، هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌شم له بیره بۆ كێ ده‌نووسم و كێ ده‌خوێنێته‌وه. به‌ڵام ره‌نگه وه‌زیفه‌ی رۆمان جیاواز بێت. دواجار ئه‌ده‌ب وه‌زیفه‌ی زۆره، له‌وانه كۆمه‌ڵایه‌تی، هۆشیاری، ته‌نانه‌ت سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی. به‌و پێیه‌ی ئه‌ده‌ب به‌رهه‌مێكی ئینسانییه، كه‌واته له خزمه‌تی ئاده‌میزاددایه به‌هه‌ر جۆرێك بێت. به‌ڵام وه‌ك نووسه‌ری وتار بۆ خه‌ڵك ده‌نووسم، وه‌ك رۆژنامه‌نووس بۆ خه‌ڵك ئیش ده‌كه‌م.
ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌ب بۆ ئه‌وه بخوڵقێت كه له خزمه‌تی مرۆڤدا بێت، ئایا ئێمه تووشی ئیشكالییه‌ت نابین به‌رامبه‌ر پێناسه‌ی (خزمه‌تی مرۆڤ)؟ یانی ڕه‌نگه لای مرۆڤێكی ڕه‌شبین یان به‌سروشت ڕه‌شبین، خزمه‌ت ئه‌وه بێت كه پرۆسه‌ی ژیان ره‌ت بكاته‌وه؟ بۆیه لێره‌دا نووسینی ئه‌و نووسه‌ره ڕه‌شبینه له خزمه‌تی مه‌رگدۆستیدا ده‌بێت؟
ده‌زانی مهرگدۆستیش جۆرێكه له خزمه‌ت، ئه‌گه‌رچی من بڕوام په‌یدا كردووه ئه‌م دنیایه چیتر به مرۆڤ خزمه‌ت ناكرێ، هه‌روه‌ك ئه‌نیشتاین ده‌ڵێ: "كێشه‌كان به‌و كه‌سانه چاره‌سه‌ر نابن كه خوڵقاندوویانن."
كه‌واته ئه‌م دنیایه‌ش مرۆڤه‌كان ناشیرینیان كردووه و به ئاده‌میزاد جوان نابێت، ره‌نگه ئه‌مه‌ی منیش بڕێك له ره‌شبینی تێدا بێت، به‌ڵام پرسه‌كه ئه‌وه نییه بگه‌ڕێین بۆ شته جوانه‌كان كه خۆمان و دنیای پێ جوان بكه‌ین، ده‌شێ بگه‌ڕێین بۆ لایه‌نه نه‌بینراوه‌كانی ناو شته ناشیرینه‌كان و قسه‌یان لێ بكه‌ین، به‌ڵكو له ناشیرینی بكه‌ون، به‌چه‌ند وشه‌یه‌كی تر مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه: جوانی له‌ناو ناشیرینییه‌كانی ئه‌م دنیایه بدۆزینه‌وه و ئاشكرای بكه‌ین جوانی له‌ناو شته ناشیرینهكاندا بخوڵقێنین.
ئینجا جه‌وهه‌ری پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: به‌ده‌ر له چێژ، ئایا ئه‌ده‌بێك كه له خزمه‌تی مه‌رگدۆستی و له خزمه‌تی هه‌ڵهاتن له ژیان و گاڵته‌كردن به پرۆسه‌ی ژیان بێت، تا چه‌ند خزمه‌ته به‌و پێناسه‌یه كه ئه‌گه‌ر ڕێك بكه‌وین ئه‌ده‌ب پێویسته له خزمه‌تی جوانتركردنی ژیاندا بێت؟
ئاخر تۆ نازانی كه ئه‌دیبێك باسی مردن ده‌كات یان باسی ونبوون و هه‌ڵاتن ده‌كات، بۆچی باس له‌مانه ده‌كات، ئه‌وه باڵاترین لووتكه‌كانی هه‌ستكردن به‌به‌رپرسیارێتی و خۆتاوانباركردنهوه و هه‌ستكردن به ده‌سته‌پاچه‌یی له ئاست ئه‌و ناشیرینی و ناهه‌موارییه‌ی كه هه‌یه و دهستهپاچهیهی له ئاستیاندا و ناتوانێ هیچ گۆڕانكارییه‌كیان تێدا بكات.
پێشتر گوتم ئه‌ده‌ب بۆ ئه‌ده‌به، بۆیه ئه‌و ئیشكالییه‌ته هه‌ر ده‌مێنێ، پاشان من باوه‌ڕم وا نییه شیعر هه‌مووی بۆ خزمه‌تی ئاده‌میزاد بێت، شیعر ره‌نگدانه‌وه‌ی ژیان و بیركردنه‌وه و دنیابینی شاعیر خۆیه‌تی. رۆمان واقیع به‌جۆرێكی تر پیشان ده‌دات. ئیشی من نییه وه‌ك شاعیر دنیات بۆ بگۆڕم، به‌ڵام ده‌شێ رۆمانێك پێشنیازی گۆڕین بكات، كه‌واته ئه‌ویش واقیعت بۆ ناگۆڕێت.
وشه/ گۆران ڕه‌ئووف