سوپای عێراق گرتوویانە
وەزارەتی پێشمەرگە گرتنی رۆژنامەنووسێكی ژاپۆنی ڕەت دەكاتەوە

:: PM:03:42:01/11/2016 ‌

وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، دوای بڵاوبوونەوە هەواڵی گرتنی رۆژنامەنووسێكی ژاپۆنی بەدواداچوونی وردیان كردووە، بەڵام ئەو رۆژنامەنووسە بەهیچ شێوەیەك لەلایەن پێشمەرگە نەگیراوە، بەڵكو لە میحوەرێكی سوپای عێراق گیراوە و ناشزانرێ هۆی گرتنەكەی چییە.

گوتەبێژی حكوومەتی ژاپۆن بە ئاژانسی "كیودۆ"ی ژاپۆنی ڕاگەیاندووە، رۆژنامەنووسێكی ژاپۆنی بەناوی (كوسوكی تسونیۆكا) لە باكوری عێراق لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە گیراوە، لەوكاتەی بۆ ڕووماڵكردنی هەڵمەتی رزگاركردنەوەی مووسڵ چووەتە ناوچەكە.

لەوبارەوە سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، لەوكاتەی هەواڵەكە بڵاوبووەتەوە بەدواداچوونی وردمان كردووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ئەو رۆژنامەنووسە لەلایەن پێشمەرگەی كوردستانەوە نەگیراوە.

هەروەها گوتی، ئەو رۆژنامەنووسە لە یەكێك لە میحوەرەكانی سوپای عێراق گیراوە و ئەوان بۆ ئەوەی كێشەكە لەسەر خۆیان لا ببەن گوتوویانە پێشمەرگە گرتوویەتی.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەم, یەكی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر, زۆربەی میدیاكانی جیهان هەواڵی گرتنی ئەو رۆژنامەنووسەیان بڵاو كردەوە و لە سەرچاوە ژاپۆنییەكانەوە ئاماژەیان بەوە داوە كە پێشمەرگە كوسوكی گرتووە، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ ئەمە بەهەموو شێوەیەك دوورە لە ڕاستییەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د