ژنێك بەهۆی نەخۆشییەوە جیا دەكرێتەوە و كچەكەشی لێ دەستێنرێتەوە

:: PM:08:57:06/08/2017 ‌

لە سلێمانی ژنێكی تەمەن ٤٥ ساڵ كە خاوەن منداڵێكە، بەهۆی ئەوەی كە تووشی نەخۆشی بووە مێردەكەی لێی جیا دەبێتەوە و ژنێكی تر دێنێت و منداڵەكەشی لێ وەردەگرێتەوە، ئێستە ئەو ژنە كە تەنیا ماوەتەوە، هیوای ئەوە دەخوازێت بتوانێت دووبارە لەگەڵ كچەكەیدا بژیت، بەڵام مێردەكەی ڕێگە نادات.

"ماریا" ئەو ژنەیە كە بەهۆی نەخۆشكەوتنیەوە جیا دەكرێتەوە و و لە كچەكەشی دوور دەخرێتەوە، ئەو ماوەی چەند مانگێكە بۆ یەكجاریش نەگوێی لە دەنگی كچەكەی بووە و نە بینوویەتی، ئەو كە لە دوای ساڵێك گەڕان لە نەخۆشخانە و پزیشكە جیاوازەكاندا دواتر بە جۆری نەخۆشییەكەی زانراوە، ئێستە لەژێر چاودێریدایە و هەموو هیوایەكی ئەوەیە كە مێردەكەی ڕێگە بدات لەگەڵ كچەكەیدا بژیت.

"ماریا" چیڕۆكی ژیانی خۆی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێ، تەمەنم ٢٨ ساڵ بوو كە هاوسەرگیریم لەگەڵ "ئەكڕەم" كرد، ئەو خاوەنی هەشت منداڵ بوو و هاوسەری یەكەمی كۆچی دوایی كردبوو، من هەموو منداڵەكانیم گەورە كرد، ژنم بۆ دوو كوڕی هێنا و سێ كچیشیم دا بەشوو، منداڵەكانم زۆر خۆش دەویست و ئەوانیش بەهەمان شێوەبوون بۆم، لەبەر ئەو منداڵانە نەمهێشت سەرەتا منداڵم ببێت، دواتر زۆر بە قوڕسی دووگیانبوونم ڕووی دا و بووم بە خاوەنی كچێك، دوای كچەكەشم مێردەكەم بیانووی پێ دەگرتم كە دەبێت منداڵم ببێت ئەگەرنا تەڵاقم دەدات، بۆ دووەمجار كە دووگیان بووم، زۆر بە خراپی باری تەندروستیم تێك چوو و منداڵەكە لە دەرەوەی منداڵدانم دروست ببوو، بۆیە منداڵەكەمیان دەرهێنا و ئیتر منداڵم نەبوویەوە، ماریا وای گوت.

دوای ئەوەی ماریا ئەو منداڵەی بۆ لەبار دەبرێت و پزیشك پێی دەڵێت ئەگەری منداڵبوونی زۆر كەمە، ئیدی ئەكرەم كۆڵی لێ نادات و دەڵێت ژن دێنم بە پاساوی ئەوەی كە ماریا منداڵی نابێت و ئەویش حەز دەكات منداڵیان ببێت، ماریا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەكرەم حەزی لە منداڵ نەبووە، چونكە ئەو چوار كوڕ و پێنج كچی هەبووە، بەڵام دەیویست ژن بێنێت و بەدوای بیانوودا دەگەڕا.

بەهۆی تەقینی بوتڵی غازەوە یەكێك لە كچەكانی "ئەكڕەم" دەسووتێت و بەهۆیی سەختی برین و زۆری ڕێژەی سووتانەكەیەوە ماوەی سێ مانگ لە نەخۆشخانە دەكەوێت، "ماریە" لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا بە تەنیا لای كچی مێردەكەی دەمێنێتەوە، باس لەوە دەكات كە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا زۆرترین ئازاری چەشتووە و ماندووبوونێكی بێسنووریش ماندووبووە، چونكە تەنیا خۆی هەموو خزمەتێكی كردووە، دوای چاكبوونەوەی كچی مێردەكەی، ماریە تەندروستی تێك دەچێت.

"مانگێك لە جێگەدا كەوتم، مێردەكەم بڕوای پێ نەدەكردم كە نەخۆشم، دواتر كوڕەكانی بەدزی ئەو بردیانم بۆلای پزیشك، بەڵام سوودی نەبوو، وردە وردە زیاتر نەخۆشیەكەم پەرەی دەسەند، تا وای لێ هات كە ماڵی باوك و كەسوكارم هەمووی دەیانزانی نەخۆشم و هیچ پزیشكێك نازانێت چیمە، "ئەكرەم" ئەو بارودۆخەی بەهەل قۆستەوە و هەمیشە ئیهانەی دەكردم و پێی دەگوتم كە نەخۆشی دەروونیت هەیە، ماوەیەكی زۆر هاتوچۆی پزیشكی دەروونی پێ دەكردم و هەر سوودی نەبوو، نەخۆشیەكەی من هێندە گەورە نەبوو، بەڵام پزیشكەكان سەریان لە كاری خۆیان بەباش دەر نەدەچو، لەلایەكی تریش "ئەكڕەم" هەموو كات پێش ئەوەی من بچمە لای پزیشكەكە خۆی دەچوو پێی دەگوت، ژنەكەم نەخۆشی دەروونیەتی بۆیە هەوڵدە تێی بگەیەنی كە نەخۆش نییە". ماریا وای گوت.

دەرمانی جۆراوجۆری پزیشك و چارەسەری جیاواز "ماریە" دەخاتە ناو جێگە بەشێوەیەك كە توانای جوڵانی نامێنێت، ئەكرەمیش ئەمە بەهەل وەردەگرێت و لێی جیا دەبێتەوە، "ماریا" ئاماژە بەوە دەكات، "ئەكرەم" پێش ئەوەی لێی جیا ببێتەوە لای هەموو خزم و كەسوكاری هەردوولا ئابڕووی بردووە و سوكایەتی بە ژنایەتی ئەو كردووە، پێی گوتووە توانای سێكسی نەماوە و ناتوانێ ژنبێت و هەمیشە كەوتووە و بۆنی پیسی لێ دێت. ئاماژە بەوەش دەكات كە دوای جیابوونەوەی لە ڕێگەی بەڵگەی پزیشكی دەرونییەوە، لە دادگا كچەكەشی لێ وەرگرتووەتەوە.

دوای ماوەیەك لە جیابوونەوەیان "ئەكرەم" ژنێكی تر دێنێت و "ماریە"ش جۆری نەخۆشییەكەی دەستنیشان دەكرێت و نەشتەرگەری بۆ دەكرێت.

كچە تاقانەكەی "ماریا" كە تەمەنی ١٠ ساڵە لای باوكی لە سلێمانی دەژیت، باوكی ڕێگەی نادات نە دایكی ببینێت نە لە ڕێگەی تەلەفۆنیشەوە قسەی لەگەڵدا بكات، ماریا دەڵێت لە دوایین دادگایدا "ئەكرەم" پێی گوتووە، "ئەگەر بشمریت ناهێڵم كچەكەم بێتە سەر گۆڕەكەت".

 ئێستە تەندروستی "ماریە" جێگیرە، جێگیرییەك وەك خۆی دەڵێت تەنیا وەك جستە هەست بە بوونی خۆی دەكات، چونكە  پزیشك و دەرمان و پشكنینەكان ژیانی ئەویان تێك داوە و ئەوەی بە خەیاڵیش پێشبینی نەدەكرد پێیان چەشتووە، ئێستە كە چاكبووەتەوە هەموو شتێكی لەدەست چووە، دەڵێت ئێستە نەخۆشییەكی كوشندەتری هەیە، ئەویش نەخۆشی دووری كچەكەیەتی، ماریا ئێستە لە مالی باوكی دەژیت لە دەڤەری ڕاپەڕین، بەو هیوایەیە ڕۆژێك لە ڕۆژان بتوانێت لەگەڵ كچەكەیدا دووبارە بەیەكەوە بژینەوە.

ئیڤان عەبدورەحمان

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل