كۆمپانیایەكی ئەڵمانی، بڕیارە بۆ ماوەی شەش مانگ پارەی ھاتوچۆ بۆ ماموستایان دابین بكات كە لە ٥٠ بۆ ١٢٠ ھەزار دینارە ئەو رێكخراوە پارەكەی ئامادەیە و چاوەڕوانە پارێزگاکان لیستی مامۆستایانی کوردستانیان پێ بدەن.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، "رێكخراوێكی ئەڵمانی بەناوی "giz" كە رێكخراوێكی حكوومییە، سەرەتا بڕیاری دا لە سنووری پارێزگای دھۆك ھاوكاری مامۆستایان بكات و پارەی ھاتوچۆیان بۆ دابین بكات، دواتر وەزیری پەروەردە داوای كرد ئەو ھاوكارییە بۆ سەرتاسەری ھەرێمی كوردستان بێت، بۆیە لە ئێستەدا بڕیارە پارەی هاتووچۆی دەرەوەی شار بۆ ھەموو مامۆستایانی كوردستان دابین بكات.
سەرچاوەكە گوتی، لە پارێزگای دھۆك كارەكانیان بەرەو كۆتا دەچێت و لە ئێستەدا بۆ ھەردوو پارێزگای ھەولێر و سلێمانیش داوای ناوی مامۆستایانمان كردووە بۆمان رەوانە بكەن،دوا مۆڵەتیشیان تا کۆتایی ئەم هەفتەیە.ھەر كاتێك ئامارەكانمان پێشكەش كردن، ئەو كۆمپانیایە پارەی ئامادەیە و راستەوخۆ پارەكە خەرج دەكات.
شازری خەلیل ساڵح، بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوبەرایەتی گشتیی پەروەردەی دھۆك بۆ "وشە" رای گەیاند، لە ناوەڕاستی مانگی ئابەوە، ئێمە سەر قاڵی ئامادەكارین و سەرەتا لیستێكی ناوی مامۆستایانمان داوەتە ئەو رێكخراوە، بەڵام داوایان كرد لیستێكی ورتریان پێ بدەین، بۆیە تا ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوو لیستی ناوەكانیان بۆ ئامادە دەکەین.
دووپاتیشی کردەوە، ئەو پڕۆژەیە بۆ ماوەی شەش مانگە و پێویستە تا كۆتای مانگی یەك ھەموو پارەكە خەرج بكرێت، رەنگە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە نیوەی پارەكە بدرێت و لە ناوەڕاستی مانگی داھاتووش نیوەكەی تر بدرێت، ھەر كاتێك پارەكە درا، راستەوخۆ دەست بەدابەشكردنی دەكەین.
شازری خەلیل ئاماژەی بەوەیس دا، پارەكە لە ٥٠ بۆ ١٠٠ دۆلار یاخود لە ٥٠ھەزار بۆ ١٢٠ ھەزار دینار دەبێت كە ئەمەش ھێشتا یەكلا نەكراوەتەوە.
وشە/ بڵند ئیبراھیم