ئەگەر كوردستان دەوڵەت بووایە مووچەی فەرمانبەران كەم نەدەبووەوە

:: PM:04:06:07/08/2017 ‌


بانكی ناوەندی رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە پێشخستنی ئابووری و راگرتنی هاوسەنگیی بازاڕ و لە كاتی تەنگژە دارایییەكانیشدا، بانكی ناوەندی دەتوانێت دۆخەكە ئاسایی بكاتەوە، ئەگەر هەرێمی كوردستان دەوڵەت بووایە و خاوەنی بانكی ناوەندیی بووایە، ئەوا مووچەی فەرمانبەران نەدەبڕا و زۆر ئاسانتریش دەیتوانی بە پشتبەستن بە زێڕ و دراوی یەدەگ یان قەرزی نێودەوڵەتی، تەنگژەی دارایی تێپەڕێنێت.

هەموو وڵاتێكی سەربەخۆ بۆ ئەوەی پەرە بە سیاسەتی ئابووریی خۆی بدات و زۆرترین سوود لە داهاتی نیشتمانیی وەربگرێت، پێویستی بە بانكێكی ناوەندییە. بانكی ناوەندیی دەسەڵاتی هەیە دراوێكی فەرمی لەسەر بنەمای توانای ئابووریی وڵات دەستنیشان بكات و لە رێی ئەو جۆرە دراوەوە لە گەڵ وڵاتانی تر لە پێوەندی بازرگانی و ئابووریدا بێت.

 ئەوە بانكی ناوەندییە كە لە قۆناخی دواتردا رۆڵی سەرەكی هەیە لەوەی ئەو جۆرە دراوەی لە چوارچێوەی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان چاپی كردووە، دراوێكی بەهادارە یان بێبەهایە، دراو لەسەر بنەمای داهاتی نیشتمانیی نرخەكەی بەرز یان نزم دەبێتەوە. ئەو وڵاتانەی زۆر دەوڵەمەندن و داهاتی ساڵانەی تاكیان بەرزە، ئەوا بەهای دراوەكەشیان بەنرخە.

بانكی ناوەندیی تەنیا پشت بە دراو نابەستێت كە لە كاغەز دروست كراوە و لەوانەیە بە ئاسانترین شێوە لەناو بچێت، ئەوەی بانكە ناوەندییەكان بۆ بەهێزكردنی دراوەكەیان سوودی لێ وەردەگرن ئەو پاشەكەوتە زێڕەیە كە لای خۆیان دەیپارێزن و هەر كاتێك داهاتی وڵات گۆڕانكاری بەسەر هات، ئەوا بەو پاشەكەوتە دەتوانن هاسەنگیی ئابووریی خۆیان بپارێزن.

لەراستیدا رۆڵی گشتیی بانكی ناوەندیی بریتییە لە رێكخستن و بەرەوپێشبردنی سیاسەتی دراو لە ناوخۆی وڵات و بەو چالاكییە جۆراوجۆرەی لە رێی لقەكانی لە ناوخۆ پێڕەوی دەكات، بناغەی ئابووری وڵات پتەو دەكات.

بۆ نموونە هەر كاتێك خستنەڕووی دراو لە وڵاتێك زۆر بوو، ئەوا بانكی ناوەندیی بۆ كۆنترۆڵی دۆخەكە و رێگریكردنی لە دابەزینی بەهای دراو، گۆڕانكاری لە نرخی سوودی بانكیدا دەكات و ئەگەر نا بەرزبوونەوەی نرخی شتومەك و دابەزینی بەهای دراوی لێ دەكەوێتەوە.

چاپكردنی دراو لەسەر بنەمای ئابوورییە و ناكرێت وڵاتان لە خۆیانەوە دراو لێ بدەن و پارەیان زۆر بكەن، بەڵكو ئەوە ئابوورییە دەبێت بەهێز بكرێت بۆ ئەوەی بارتەقای ئەو ئابوورییە، بەهای دراوەكەش زیاد بێت.

بانكی ناوەندی بە بانكی دایك هەژمار دەكرێت و جگە لەو رۆڵە گرینگەی خۆی دەیگێڕێت، ئەوا ئەركی تریشی هەیە و چاودێری بانكە بازرگانییەكان و سەرجەم دامەزراوە دارایییەكان دەكات و ئاراستەیان دەكات بۆ ئەوەی بە یەكەوە رۆڵیان هەبێت لە گەشەپێدانی ئابووریی وڵات و سەقامگیری لە نرخ و هەڵاوسان و سەرجەم كایەكانی تری بازاڕ.

هەندێك جار بانكی ناوەندی تەنیا لە رێی بەرزكردنەوە یان دابەزاندنی رێژەی سوود رۆڵ نابینێت، بەڵكو زۆر جاریش یاری بە كاغەزە دارایییەكان دەكات، بۆ نموونە بە كڕینەوەیان لە بانكەكان دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی توانای بانكەكان لە خستنەڕووی دراو و پێدانی پێشەكی بەرز ببێتەوە.

 زۆربەی بانكە ناوەندییەكانی دنیا سیاسەتی دراوی نیشتمانییان لەسەر بنەمای گەیشتن بە سێ ئامانج دادەڕێژن كە بریتین لە گەشەی راستەقینە لە ئاراستەی دروستكردنی هەلی كار، دووەم سەقامگیریی لە توانای دراوی ناوخۆیی، چاودێری و رێكخستنی نرخی سوود.

بەگوێرەی ماڵپەڕی پسپۆڕیی "زەر" ئەركە گشتییەكانی بانكەكان بریتین لە چاودێریكردنی لێدانی دراوی نوێ، پاراستنی دراوی حكوومەت، سیاسەتی دراو، چاودێریكردنی یەدەگی زێڕ و دراو لە بازاڕدا.

 هەندێك جار بانكی ناوەندیی دەستێوەردان لە نیو بازاڕیشدا دەكات، بۆ نموونە ئەگەر بانكی ناوەندیی هەست بكات بەهای دراوی ناوخۆیی زۆر بەرز بووەتەوە و بەهای دراوی بیانی دابەزیوە، بەو توانا ئابوورییەی هەیەتی، هەوڵی كڕینی دراوەكانی تر دەدات. یان كاتێك دراوی ناوخۆیی نرخی دەشكێت، هەوڵ دەدات دراوی تر بخاتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی هاوسەنگییەكە بپارێزێت.

بۆ نموونە لە پرسی دابەزینی نرخی دینار لە بەرامبەر نرخی دۆلاری ئەمەریكی، بانكی ناوەندیی عێراق بە خستنەڕووی دۆلارێكی زۆر بۆ نێو بازاڕەكان، هەوڵ دەدات رێگری لە زیاتر دابەزینی نرخی دینار بكات. هەڵبەت ئەو خستنەڕووەش پێوەندی بە توانا ئابوورییەكەی هەیە و ئەگەر دۆلاری یەدەگی نەبێت بیخاتە بازاڕەوە، ئەوا دراوەكەشی زیاتر روو لە دابەزین دەكات.

 لە پرسی ئەو تەنگژە دارایییەش كە بەرۆكی عێراق و هەرێمی كوردستان و كۆمەڵێك وڵاتی ناوچەكەی گرتووەتەوە، بانكی ناوەندییان جگە لە هەرێمی كوردستان كە دەوڵەت نییە، بە سوودوەرگرتن لە دراوی یەدەگی بانكی هەوڵیان دا بەسەر تەنگژەكەدا زاڵ بن. هەر ئەوەش وای كرد لە عێراق مووچەی فەرمانبەران كەم نەكرێتەوە.

هەرێمی كوردستان ئەگەر دەوڵەت بووایە، ئەوا ئەو تەنگژە دارایییەی زۆر بە ساناتر تێدەپەڕاند، ئەگەر هەرێمی كوردستان دەوڵەت بووایە، ئەوا زێڕ و پارەی یەدەگی لە بانكی ناوەندی دەبوو و دەیتوانی بە سوودوەرگرتن لەو پارەیە كورتهێنانی بودجە كەم بكاتەوە و تەنانەت مووچەی تەواوی فەرمانبەرانیشی لە كاتی دیاریكراودا بدات، بەڵام كە دەوڵەت و بانكی ناوەندی نەبوو، هیچ چارەیەكی تری بۆ نەمایەوە جگە لەوەی پڕۆژەكان رابگرێت، بودجەی كەمتر خەرج بكات و مووچەی فەرمانبەرەكانیشی كەم بكاتەوە.

ئەو دراو و زێڕە یەدەگەی لە بانكی ناوەندیی عێراق پارێزراوە لە راستیدا بەشی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە، بەڵام حكوومەتی عێراق ستەمی لە هەرێمی كوردستان كردووە و لە دراو و زێڕە یەدەگەكە بۆ بژێوی خەڵكی پارێزگاكانی تری عێراق سوودی وەرگرت. یەدەگێك كە هی ئەم سێ ساڵەی رابردوو نییە كە هەولێر و بەغدا كێشەیان هەیە و بەغدا پێی وایە مادام هەولێر نەوتەكەی سەربەخۆ دەفرۆشێت، ئەویش بۆی هەیە بێبەشی بكات لە زۆر سوودی ئابووری. دراو و زێڕی یەدەگی عێراق هی هەرێمی كوردستانیشە، چونكە پاشەكەوتی لانی كەم ١٣ ساڵی رابردووی ئەو وڵاتەیە.

هەرێمی كوردستان ئەگەر لە داهاتوودا ببێتە دەوڵەت، ئەوا بە پشتبەستن بە نەوت و گاز و كەرتی كشتوكاڵی و گەشتوگوزار و داهاتەكانی تر، دەتوانێت ئابوورییەكی سەربەخۆ بنیات بنێت، دراوی تایبەت بە خۆی لێ بدات و لە كاتی تەنگژە دارایییەكاندا هاوسەنگی بازاڕ رابگرێت. جگەلەمە كاتێك دەوڵەتێك سەربەخۆ بوو و متمانەی نیودەوڵەتی هەبوو، ئەوا هەر لە رێی بانكی ناوەندییەوە دەكرێت قەرز لە وڵاتانی تر وەربگیرێت و كێشەكانی پێ چارەسەر بكرێت.





وشە - سلێمان تاشان