ژنێك له هه‌ولێر دوو كچی خۆی به چوار هه‌زار دۆلار ده‌فرۆشێت و ده‌ڵێ، "نه‌متوانیوه به‌خێویان بكه‌م"، بۆیه فرۆشتوونی به دوو پیاو كه زیاتر له ١٥ ساڵ له كچه‌كانی گه‌وره‌ترن، به‌ڵام كچه‌كانیشی گومانی ئه‌وه ده‌كه‌ن "دایكیان پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مێرده‌كانیان"دا هه‌بێت.
"ئاره‌زوو" /٣٠ ساڵ/ كچی یه‌كه‌می خه‌دیجه‌یه، ماوه‌ی دوو ساڵه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ "عارف" كردووه، عارف ١٧ ساڵ له ئاره‌زوو گه‌وره‌تره و خاوه‌ن ژن و پێنج منداڵه. ئه‌و بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "دایكم له دوای مردنی باوكم، ته‌نیا ده‌یویست ئێمه له ماڵه‌وه نه‌مێنین و له به شوودانیشماندا پاره‌یه‌كی ده‌ست بكه‌وێت، من پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵ كوڕێكدا هه‌بوو، چاوه‌ڕێ بووین كارێكی ده‌ست بكه‌وێت و بێته داخوازیم، به‌ڵام دایكم قبووڵی نه‌كرد له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ژار بوو، منی به‌زۆر به عارف دا".
ئاره‌زوو له داخی سه‌ختی ژیانی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دایكی پچڕاندووه، بۆ ئه‌وه ده‌ڵێ، "كاتێ دایكێك جگه‌رگۆشه‌كه‌ی ده‌داته ده‌ست گورگێك و بێ‌باك ده‌بێت له داهاتووی، شایانی ئه‌وه نییه دایك بێت و نابێ به دایكیش ناوی ببرێت، به‌تایبه‌ت گومانم هه‌یه ئه‌ویش پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ عارفدا هه‌بێت و به پاره له‌گه‌ڵیدا بخه‌وێت".
"ئاریان" كچی دووه‌می خه‌دیجه، ته‌مه‌نی ٢٧ ساڵه، پێش ساڵێك دایكی به پیاوێكی ناسیاوی خۆی ده‌فرۆشێت، ئه‌و پیاوه بازرگانه و ژنی هه‌یه و ماڵی یه‌كه‌می له ئێرانه. "حه‌یده‌ر" ١٦ ساڵ له ئاریان گه‌وره‌تره، ماڵی بۆ ئاریان له نزیك ماڵی دایكی داناوه. وه‌ك ئاریان بۆ "وشه" باسی ده‌كات، "من شووم نه‌كردووه، به‌ڵكو وه‌ك داده‌م فرۆشراوم، حه‌یده‌ر منی كڕیوه و ئێسته‌ش وه‌ك كۆیله‌یه‌ك مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵدا ده‌كات، به‌ڵام هه‌ر له‌و ژیانه باشتره كه له‌گه‌ڵ دایكێكدا بژی مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتن به كچه‌كانییه‌وه بكات".
ئاریان نایشارێته‌وه كه دایكی هه‌میشه هه‌وڵی له‌گه‌ڵ داون تا ڕازییان بكات له‌گه‌ڵ پیاوی سه‌رمایه‌دار پێوه‌ندی دروست بكه‌ن و پاره‌یان لێ وه‌ربگرن، به‌ڵام به‌گوته‌ی خۆی "من و خوشكه‌كه‌م ڕازی نه‌بووین تا به‌م شێوه‌یه به‌شووی داین".
ئاریان جیاواز له ئاره‌زووی خوشكی كه گومانی له پێوه‌ندی "دایكی و عارفی هاوسه‌ری" هه‌یه، ئه‌و ده‌ڵێ، "ئه‌گه‌ر ئاره‌زوو گومانی هه‌بێت، ئه‌وا من دڵنیام، چونكه به‌چاوی خۆم دایكم بینیوه له‌گه‌ڵ عارف و حه‌یده‌ری مێردم".
ئاریان هاوشێوه‌ی ئاره‌زوو پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ دایكی نه‌ماوه هه‌رچه‌نده دراوسێشن، به‌ڵام ئه‌م به‌دیار ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی دایكی و مامه‌ڵه‌كردن به خۆیانه‌وه ناوه‌ستێ، به‌ڵكو وه‌ك خۆی دووپاتی ده‌كاته‌وه "به‌ڵگه‌ی زیاتر كۆ ده‌كه‌مه‌وه بۆ سه‌لماندنی كاره قێزه‌ونه‌كانی دایكم بۆ ئه‌وه‌ی خۆم و خوشكه‌كه‌م به یه‌كجاری له دایك و مێرده‌كانمان ڕزگار ببین".
بۆ به‌دواداچوونی ئه‌م كه‌یسه، "وشه" پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ "خه‌دیجه"ی دایكیان كرد، دوای دڵنیاكردنی له پاراستنی ناو و ناونیشانی، به‌م شێوه‌یه بۆ "وشه" باسی به شوودانی كچه‌كانی كرد، "دوای مردنی هاوسه‌ره‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی كچه‌كانم نه‌كه‌ونه سه‌رشه‌قام، زۆر هه‌وڵم دا و ئه‌و كارانه‌ی توانیم ئه‌نجاممدان، من ده‌مویست كچه‌كانم بده‌م به دوو كه‌سی ده‌وڵه‌مه‌ند بۆ ئه‌وه‌ی پێویستیان به‌كه‌س نه‌بێ، به‌ڵام كچه‌كانم ئه‌وه‌یان نه‌ده‌ویست، به‌ڵام ناچار بووم به‌و شێوه‌یه به‌شوویان بده‌م".
له‌باره‌ی وه‌رگرتنی چوار هه‌زار دۆلار له به‌رامبه‌ر به‌شوودانی دوو كچه‌كه‌یدا، خه‌دیجه دووپات ده‌كاته‌وه كه ئه‌و پاره وه‌رگرتنه مافی خۆیه‌تی و ئه‌وه مانای فرۆشتن ناكات. به‌ڵكو وه‌ك ئاماژه‌ی پێ دا، "ئه‌گه‌ر دووباره كچه‌كانم به‌شوو بده‌مه‌وه، من ئه‌و پاره‌یه به زیاده‌وه وه‌رده‌گرم".
له‌باره‌ی هه‌بوونی پێوه‌ندییه‌كی سێكسی له نێوان خه‌دیجه و دوو زاواكه‌یدا، دایكی ئاریان و ئاره‌زوو ڕه‌تی ده‌كاته‌وه هۆی نزیكی له زاواكانییه‌وه پێوه‌ندی تایبه‌ت بێت و ده‌ڵێ، "نزیكیم هی ئه‌وه‌یه ئه‌وان له كچه‌كانم باشترن و چاودێریم ده‌كه‌ن و هه‌رچیم پێویست بێت بۆمی ده‌كه‌ن".
ئه‌و دوو خوشكه ئێسته له ماڵی هاوسه‌ره‌كانیان ده‌ژین، ده‌ڵێن ژیان له‌گه‌ڵ پیاوێكدا كه هه‌میشه ئه‌و هه‌سته‌ت ده‌داتێ تۆی كڕیوه و ئازاده له‌وه‌ی چۆن مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌یه له‌ناو ئاگردا بژیت و نه‌هێڵن بمریت.
وشه/ ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان