گۆڕان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان هەفتە بە هەفتەی داهاتوو دەسپێرێت

:: PM:04:18:08/08/2017 ‌

لە كاتێكدا تەنیا سێ مانگ ماوە بۆ تەواوبوونی ماوەی خولی چوارەمی پەرلەمان، دوای دوو ساڵ لە ناكارایی، پارتی بۆ ریفراندۆم هەموو مەرجەكانی لاداوە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و داوای كۆبوونەوە دەكات. گۆڕان دەڵێ لەو شوێنەوە دەست پێ دەكەینەوە كە پارتی پەرلەمانی پەكخست. پەرلەمانتارێكی یەكێتیش دەڵێ پەرلەمان نە هی پارتییە و نە هی گۆڕان، دەبێت گوزەرانی خەڵك پێش هەموو پرسێك بخرێت.

لە 12ی ئۆكتۆبەری 2015ـەوە دوای ئەوەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ تێپەڕاندنی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، شكستی هێنا و رێژەی یاسایی تەواو نەكرد، پارتی رێگەی نەدا لەو وادە بەدواوە یوسف محەمەد لە پەرلەمانی كوردستان دەوام بكات، بەهۆی ئەوەی رای گەیاند "رێككەوتنی پێكهێنانی حكوومەت و پەرلەمانمان لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوە".

دوای دوو ساڵ پارتی دیموكراتی كوردستان مەرجەكانی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان هەڵدەگرێ بە مەبەستی بە یاساییكردنی ئەنجامدانی ریفراندۆمی كوردستان كە بڕیارە لە 25ی ئەیلوولی داهاتوو ئەنجام بدرێت، بەڵام هێشتا بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی پارتی نەداوەتەوە.
ئەم داواكارییە كە پێشتر داوای سەرەكی گۆڕان بوو، پارتی ملی بۆ نەدەدا و یەكێتی دەیان كۆبوونەوەی لەو نێوانەدا ئەنجامدا، دواجار گەیشت بە ئاكام و مەرجەكان هەڵگیران و سێ هەفتەیە داوای كۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان دەكرێ، بزووتنەوەكە دەڵێ "لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیی بڕیار دەدەین كەی كۆببینەوە" بەڵام دیار نییە كەی كۆبوونەوەكە دەكرێ.

ئێستە پارتی وای دەبینێ گۆڕان "سیاسەتی كات كوشتن" پێڕەو دەكات و بیانوو دەگرێت بۆ كارانەكردنەوەی پەرلەمان كە پێچەوانەی خواستی پێشووی خۆیانە، بۆیە بە بیانووی جیا جیا وەڵاممان نادەنەوە.

ئامینە زكری جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەڵێ كات لە بەرژەوەندیمان نیەو بەكراوەیش ناهێڵدرێتەوە،  بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت بەزووترین كات وەڵام بداتەوە، ئەگەرنا لایەنە سیاسییەكان دەبێت هەڵوێست وەربگرین. 
وتی" دەبێت كێشەكانی نێوان پارتی و گۆڕان لەسەر مێزی دانوسەندن چارەسەر بكرێت، چونكە بەدیلی دیكەمان نیە جگە لە چارەسەركردنی كێشەكان".

ئامینە زكری جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند "كاراكردنەوەی پەرلەمان لای پارتی بۆ تێپەڕاندنی یاسای ریفراندۆم و داخوازیی خەڵك لە پرسی مووچە و گوزەران و ئیدارەی ناوچەكانی دەرەوەی كوردستانە". 
زكری زیاتر گوتی "ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت هەڵبژاردن نەكرێت كە وای دەخوێنینەوە، دەتوانن لە دانوستاندیان لەگەڵ پارتی لەسەری رێك بكەون و بەدیل بخەنە ڕوو، چونكە وەك پارتی دەمانەوێت هەڵبژاردن لە یەكی تشرینی دووەم لە كاتی خۆیدا بكرێت".

دوای پەكخستنی پەرلەمان، بزوتنەوەی گۆڕان بەهیچ دەستپێشخەرییەك رازی نەبوو بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان ئەگەر دكتۆر یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان نەبێت، دوای چەندان خولی دانیشتن و گفتوگۆ لە نێوان لایەنە سیاسییەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان رازی بوو پەرلەمان بەبێ مەرج كارا بكرێتەوە و تۆپەكەی خستە گۆڕەپانی بزووتنەوەی گۆڕان.
بێستوون فایەق پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان، رای دەگەیەنێت كە هەفتەی داهاتوو بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە ناوخۆییەكانی تەواو دەكات و دواتر وەڵامی پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنەكانی تریش دەداتەوە لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان بەبێ مەرج.
"بزووتنەوەی گۆڕان پەرلەمانێكی ناوێ كارا نەبێ و هەركات ویسترا دابخرێت، بەلای گۆڕانەوە پەرلەمان دەبێ توانای دەستبردنی بۆ هەموو كەیسێك هەبێت و كەیسەكانی لە كوردستانیش هەن لە پەرلەمان یەكلا بكرێتەوە" بێستوون وا دەڵێت.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان بۆ "وشە" رەتی كردەوە نزیكبوونەوە لە نێوان گۆڕان و پارتی هەبێت، ئەو جووڵانەی ماوەی رابردوویش هەبوو، پێوەندی بە مردنی رێكخەری گشتی و هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن بووە. زیاتر گوتی "گۆڕان یاریی كوشتنی كات لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی تر ناكات، بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، بەڵكو كات بەلامانەوە گرنگە و هەفتەی داهاتوو بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی دەبێت و لە هیچ داوایەكی پێشووتریش تایبەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران پاشگەز نەبووەتەوە".

ئەو لێدوانە لە كاتێكدایە ماوەی سێ هەفتەیە بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ لە كۆبوونەوەی جڤان بڕیاری كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دەدەین لە هەفتەی داهاتوودا، بەڵام دیار نییە ئەو داهاتووە كەیە.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا زیاتر لە دەستپێشخەرییەكی هەبووە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، بەڵام بەهۆی پێداگیری پارتی و گۆڕان لەسەر هەڵوێستەكانیان، دەستپێشخەرییەكان ئەنجامیان نەبوو.
پرسی ریفراندۆم جارێكی دیكە كاراكردنەوەی پەرلەمانی هێنایەوە پێشەوە، یەكێتی گەڕێكی تری گفتوگۆكانی دەست پێكردەوە و دواجاریش پارتی رازی بوو "مەرجەكانی" هەڵگرێ.

خەڵەف ئەحمەد پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئاماژە بەوە دەكات كە كاراكردنەوەی پەرلەمان پرسێكی نیشتمانییە و ناكرێت بە ئەجێندای حزبی بۆ دەستخستنی هەندێك ئیمتیاز كارای بكاتەوە، یانیش بۆ كارا نەكردنەوەی ئیمتیازی دەست بكەوێت، ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە.
خەڵەف بۆ "وشە" روونی كردەوە "هەوڵەكانی یەكێتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان لە رابردوو نە بۆ پارتی بووە، نە بۆ گۆڕان بووە، بەڵكو لەبەر پڕۆسەی سیاسی كوردستان بووە، چونكە نەنگیەكی گەورەیە باسی سیاسەت و دەوڵەتداری و ریفراندۆم بكەی، دامەزراوەیەكی شەرعی وەك پەرلەمان پەكی كەوتبێت".

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، لەبارەی دیدی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان كە دوو دیدگای جیاوازن، گوتی "پەرلەمان هی پارتی نییە تا بیەوێ بۆ ریفراندۆم كارای بكاتەوە، هی گۆڕانیش نییە تا پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم بكاتە ئەولەویەتەوە، پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم چوار فراكسیۆنی پەرلەمان پڕۆژەیان بۆی هەبووە، یەكێتی پێش هەموویان پڕۆژەیاسای بۆ ئامادە كرد، بۆیە بنەما گرنگەكانی حوكمڕانی لە كوردستان نە بەدڵی یەكێتی نە گۆڕان نە پارتیش دەبێت، باشترە بە دڵی كۆمە{نی خەڵكی كوردستان بێت".

"گرنگترین پرس لای خەڵكی كوردستان مووچەیە، بۆیە دەبێت كە پەرلەمان كارا كرایەوە لە سیستەمی مووچەوە دەست پێ بكەین" خەڵەف وای گوت.

لەبارەی وەڵام نەدانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ كارا كردنەوەی پەرلەمان كە خواستی یەكێتی و پارتی و لایەنەكانی تریشە، خەڵەف پێی وایە "دۆخی خەڵك لەوە زیاتر بەرگە ناگرێ، هەر كەسێكیش یاریی بە دواخستنی كاراكردنەوەی پەرلەمان بكات، ئەوا یاری بە هەست و گوزەرانی خەڵك دەكات، بۆیە ئەوەی دەیەوێت بژێوی ژیانی خەڵك باشتر بێت، دەبێت پەلە بكات لە كاراكردنەوەی پەرلەمان، چونكە لەوێدا هەندێك پرس هەیە دەخرێتە بەرنامە و كاری بۆ دەكرێت".






وشە - فه‌رمان سادق