له‌لایه‌ن چین و توێژه جیاوازه‌كانه‌وه له سلێمانى، سێ كه‌مپینى جیاواز بۆ پشتگیریكردن له پرۆسه‌ى ڕیفراندۆم هاتوونه‌ته راگه‌یاندن و ئه‌نجامده‌رانى ئه‌و كه‌مپینانه دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه له سنوورى پارێزگاى سلێمانى ده‌نگى "به‌ڵێ" بۆ ڕیفراندۆم له نه‌خێر زۆرتره.
پارێزه‌رانى پارێزگاى سلێمانى، یه‌كه كارگێڕییه‌كانى ڕاپه‌ڕین و گه‌رمیان كه‌مپینێكیان بۆ ڕیفراندۆم ڕاگه‌یاندووه و له هه‌وڵى زۆركردنى ده‌نگى به‌ڵێدان بۆ ڕیفراندۆم، هاوكات له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تى و ڕۆشنبیر و مامۆستاى ئاینییه‌وه كه‌مپینێكى تر‌ى به‌ڵێ بۆ ڕیفراندۆم هاته راگه‌یاندن، جگه له‌وانه‌ش كه‌مپینى گه‌ڕۆك بۆ پاڵپشتیكردنى ڕیفراندۆم هه‌ر له شارى سلێمانى دامه‌زراوه و له به‌رامبه‌ریشدا كه‌مپینێكى نه‌خێر بۆ ڕیفراندۆم له سلێمانى دوێنێ سێشه‌م هاته راگه‌یاندن.
مامۆستا محه‌مه‌د شافیعى پێشنوێژ و وتارخوێن و ئه‌ندامى كه‌مپینى به‌ڵێ بۆ ڕیفراندۆم، به"وشه"ـى ڕاگه‌یاند "به ڕاگه‌یاندنى ئه‌و كه‌مپینه هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یی خۆمان به‌جێ دێنین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ڵێ بۆ ڕیفراندۆم زۆر بكه‌ین".
زیاتر گوتی "پشتگیریكردن له سه‌ربه‌خۆیى ئه‌ركێكى نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییه و پێویسته خه‌ڵكى كوردستان و پارێزگاى سلێمانى واز له ویستى حزبه‌كان بێنن و به‌ڵێ بۆ ئاینده‌ى كوردستان بكه‌ن".
له‌لایه‌ن هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانه‌وه به سه‌رپه‌رشتى مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ڕۆژى 25ى ئه‌یلوول بۆ ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم دیارى كراوه و له‌لایه‌ن كۆمیته‌ى ڕیفراندۆمیشه‌وه ئاشكرا كراوه كه گۆڕینى واده‌كه‌ى و پاشگه‌زبوونه‌وه له ڕیفراندۆم، بوونى نییه.
دلێر نه‌قشبه‌ندى سه‌رۆكى كه‌مپینى به‌ڵێ، بۆ "وشه"ـى ڕوون كرده‌وه كه كه‌مپینه‌كه‌یان دووره له هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێكى حزبى و ئامانج لێى ته‌نیا هه‌وڵه بۆ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان. دووپاتی كرده‌وه "له مێژوودا چه‌ند هه‌ڵێك بۆ سه‌ربه‌خۆیى هه‌بوون به ده‌ستى كورد خۆى له‌بار براون، ئێسته ئه‌م ده‌رفه‌ته هه‌یه و پێویسته ئه‌مجاره هه‌مووان به ده‌نگى به‌رز به‌ڵێ بڵێینه‌وه و ده‌ستی كورد بۆ سه‌ركه‌وتن بێ"
له ناوخۆى كوردستاندا هه‌ریه‌ك له بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم نین و كاته‌كه‌ى به گونجاو نازانن، هه‌روه‌ها كه‌مپینى "نه‌خێر له ئێسته‌دا" دوێنێ له‌لایه‌ن شاسوار عه‌بدولواحید و كه‌سێكی تره‌وه هاته راگه‌یاندن و بڕیاره خه‌ڵك هان بده‌ن به نه‌خێر ده‌نگ به ڕیفراندۆم بده‌ن.
لاڤین به‌هادین سه‌رۆكى ڕێكخراوى یادگه، بۆ "وشه" ئاشكرای كرد كه له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕێكخراوێكى تردا كه‌مپینى گه‌ڕۆكیان بۆ پشتیوانیكردنى ڕیفراندۆم ڕاگه‌یاندووه و گوتى، "له ماوه‌ى ئاینده‌دا به ئاڵاى كوردستانه‌وه كه‌مپینه‌كه جێبه‌جێ ده‌كه‌ین و ته‌واوى شار و شارۆكه‌كانى كوردستان ده‌گه‌ڕێین و پشتگیرى له ڕیفراندۆم ده‌كه‌ین".
به‌ڵام كه‌مپینى نه‌خێر له ئێسته‌دا ئاشكراى ده‌كه‌ن كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت زیان و مه‌ترسییه‌كانى ڕیفراندۆم بۆ خه‌ڵك ڕوون بكه‌نه‌وه و دواتر خه‌ڵك خۆى بڕیار بدات چ ده‌نگێك ده‌دات.
ڕابوون مه‌عرووف گوته‌بێژى كه‌مپینى نه‌خێر له ئێسته‌دا، به"وشه"ـى گوت، "ئێمه كارێكى نوێمان نه‌كردووه، ته‌نیا ئه‌وه‌نده نه‌بێت ڕیفراندۆم به مه‌ترسی ده‌زانین و بۆ خه‌ڵكی ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه و دواجار خه‌ڵك ئازاده ده‌نگ به به‌ڵێ ده‌دات یان به نه‌خێر".
كوردستان له 100 ساڵی رابردوودا نیو ملیۆن شه‌هیدی داوه بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی، ئێسته كاتی ریفراندۆم دیاری كراوه و كۆمسیۆن به‌گوته‌ی به‌رپرسانی "70%ی ئاماده‌كارییه‌كانی ته‌واو كردووه".
وشه/ سلێمانى- هه‌ستى كه‌مال