رێكخراوی بەدری نزیك لە ئێران بە سەرۆكایەتی هادی عامری سەرپەرشتیاری گشتی حەشدی شەعبی، یەكەم بارەگەی خۆی لە شارەدێی گەیارە لە باشووری مووسڵ كردەوە، لە نێو ئاهەنگێك كە ژمارەیەك راوێژكاری سەربازی ئێرانی ئامادەی بوون.
شەمووی رابردوو هێزەكانی حەشدی شەعبی دەستیان بە جمووجۆڵەكانیان لە چوارچێوەی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ كرد كە لە 17ی ئەم مانگە دەستی پێ كرد، ئەوان دەڵێن ئامانجیان ئازادكردنەوەی شارۆكەی تەلەعفەرە لە رۆژئاوای مووسڵ و پێش لێگرتنی هەڵاتنی چەكدارانی داعشە بەرەو سووریا.
دوێنێ ئێوارە لە ئاهەنگێكدا كە هادی عامری سەركردەی رێكخراوی بەدر و ژمارەیەك لە راوێژكارانی سەربازی ئێران كە بەشداری لە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەكەن، بارەگەی رێكخراوەكە لە خانووی هاووڵاتییەك كرایەوە كە ئەو میلیشیایە دەستی بەسەردا گرتووە.
دوای دەست بەكاربوونیان ئەندامانی بارەگەكە دەستیان بە كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر خەڵگەی گەیارە كردووە و ناوی هەموو دانیشتوان و مێژووی لەدایكبوونیان تۆمار كردووە، هەروەها دەستیان كردووە بە ناونووسینی گەنجان بۆ بەشداریكردنیان لە ریزەكانی حەشدی شەعبی لە جەنگدا.
هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر لە وەڵامی پرسیارێك كە لەبارەی بوونی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و راوێژكارانی ئێرانی لە عێراق و بەشداریكردنیان لە جەنگی مووسڵ لێی كرا گوتی، ئاخۆ بۆچی پرسیارە لەبارەی راوێژكارانی ئەمەریكا ناكەن.
بەپێی شایەتحاڵەكان ئێستە شارەدێی گەیارە لەژێر كۆنترۆڵی رێكخراوی بەدرە و سوپا و پۆلیس بوونیان لەوێ نییە، هەروەها هاوپەیمانانیش هیچ جموجۆڵێكیان لە گەیارە نەماوە.
بەر لە چەند مانگێك بنكەی ئاسمانی گەیارە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش ئازاد كرایەوە، ئەمەریكا بنكەكەی كردە بنكەیەكی سەربازی و وەك خاڵی هێرشكردنە سەر مووسڵی بەكار هێنا.
سەرچاوە: عەرەبی ئەلجەدید