85 هە‌زار سەرباز بەشداری جەنگی مووسڵ دەكەن

:: AM:09:03:10/10/2016 ‌
سەرچاوەكان لە فەرماندەیی كردەوەگەلی نەینەوا ئاشكرایان كرد، كە چەك و كەلوپەلی سەربازی تەواو بۆ شەڕی مووسڵ گەیشتووەتە هێزەكان و ئێستەش 65 هەزار سەرباز بۆ بەشداری لە جەنگی رزگاری مووسڵ پڕچەك كراون و ئامادەن، بڕیاریشە بەگشتی 85 هەزار سەرباز بەشداری شەڕەكە بكەن.

بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەكان لە فەرماندەیی كردەوەگەلی نەینەوا، لە رۆژانی ڕابردوو بڕێكی زۆر لە چەك و پشتیوانی سەربازی گەیشتووەتە شارۆكەی مەخموور، هاوكات پشتیوانی سەربازی و چەكی قورس گەیشتووەتە زۆربەی ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ كە لە دەستی تیرۆریستان رزگار كراون.

ئاماژە بەوەش دەكەن، كە فیرقەیەكی تەواوی پۆلیسی فیدرالیش گەیشتووەتە باشووری مووسڵ، هاوكات تیمی ئەندازەیی و دروستكردنی پرد گەیشتوونەتە فەرماندەیی كردەوەگەلی نەینەوا، بۆ جێگیركردنی پرد لە شوێنە پێویستەكان و ئاسانكاری بۆ پەڕینەوەی هێزەكان.

میدیاكانی عێراق ئاماژە بەوە دەكەن، كە بڕیارە 85 هەزار سەرباز بە هەموو هێزە جیاوازەكانەوە بەشداری لە جەنگی ڕزگاری مووسڵ بكەن، بەڵام تا ئێستە تەنیا 65 هەزار سەرباز ئامادەن و چاوەڕێ دەكرێ لە ڕۆژانی داهاتوو جەنگەكە دەست پێ بكات.

شاری مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و ژمارەی دانیشتووانی بەر لە هاتنی داعش دوو ملیۆن كەس بوو، دەكەوێتە 405 كیلۆمەتر باكوری بەغدا و لە 10 حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی چوار فیرقەی سوپا و هەزاران پۆلیسی ناوخۆیی كەوتە دەستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش.

وشە/پێگەی ئەلرایە، و:باز ئەحمەد.



وشە - باز ئه‌حمه‌د