ئابووری کوردستان دوای سێ ساڵ تەنگژە لە بووژانەوەدایە
گۆڤاری Forbes: هەولێر لە پایتەختەكانی رۆژئاوا ئارامترە

:: PM:02:09:10/08/2017 ‌

 


 

لە گۆڤاری فۆربێسی ئەمەریكی راپۆرتێك لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان لە رابردوو و ساڵانی تەنگژەی دارایی و ئێستە بڵاو كراوەتەوە. راپۆرتەکە لە لایەن "زاک دی هاف" لێکۆڵەری بواری رۆژهەڵاتی نێوەراست و پرسی کورد نووسراوە و باس لەوە دەكرێت، ئابووریی هەرێمی كوردستان قۆناخە سەختەكەی تێپەڕ كردووە و خەریكە دووبارە هەڵدەستێتەوە.

 

لەو كاتانەی تەنگژە و ناسەقامگیری ئابووری بەرۆكی هەرێمی كوردستانی نەگرتبوو، ئەو هەرێمە لە گەشەسەندندا بە دوبەی دووەم ناوی دەركردبوو. ئەمە تا ئەو كاتە بەردەوام بوو كە داعش سەری هەڵدا.

 

تاوەرە بازرگانییە نوێیەكان، ماركێت و مۆڵە گەورەكان گەیشتنە پایتەختی هەرێمی كوردستان و بازرگانیكردن لە یەكەم بۆڕسەی كاغەزە دارایییەكانی كوردستان دەستی پێ كرد.

 

لە ساڵی ٢٠١٣ هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دوو ملیۆن و ٩٠٠ هەزار گەشتیار كرد. هەولێر هەر لەو ساڵەدا نازناوی پایتەختی گەشتیاریی عەرەبیی بۆ ساڵی ٢٠١٤ی پێ بەخشرا، شارێك كە لە راستیدا عەرەبی تێدا ناژیت.

 

لە ناوچەكەدا هەرێمێك زەق ببووەوە كە بە خێرایی لە گەشەسەندندا بوو و بووبووە ئارامترین شوێنی ناوچەكە. سەیر بوو لە عێراقێكی نائارام و ناسەقامگیردا هەرێمێك بەم شێوەیە بتوانێت ببێتە مەڵبەندی ئاسایش و خۆشگوزەرانی. بەڵام داعش هات و هەموو ئەو گەشەسەندنانەی راگرت.

 

دوای سێ ساڵ لە شەڕ و دواجار سەركەوتنی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەسەر داعش، خەریكە دووبارە متمانە بۆ هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە.

 

ئێستە هەموو كەسێك دەتوانێت هەست بەوە بكات كە خەریكە جموجۆڵی ئابووری زیاتر دەبێت و كرێكارانی بیانی دەگەڕێنەوە و گەورە كۆمپانیاكان دووبارە دەست بە چالاكییەكانیان دەكەنەوە. ئەمە لە شارۆكەیەكی وەك عەنكاوەی هەولێر بە ئاسانی هەست پێ دەكرێت.

 

خواردنگە بە ناوبانگەكانی وەك كنتاكی و هاردی، شەوانە تا سەعات دوو كراوەن و خەڵك دەتوانن چێژ لە خورادنەكانیان وەربگرن. رێپۆرتەكان تەنانەت باس لەوە دەكەن كە هوتێلێكی سەر بە زنجیرە هوتێلەكانی ترەمپ پێ دەچێت  لەم دواییانە لە عەنكاوە كرابێتەوە و كە ئەو هەستە دروست دەكات پێت وایە ئەو شوێنەی لێی دەژی بەراستی عێراق نییە.

 

بیانییەكان كە ترسیان لە كێشەی تەناهیی ناوچەكە هەبوو، ترسیان رەویوەتەوە، ئێستە دۆخی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە هی ئەوروپا و ئەمەریكاش سەقامگیرترە، لە دوو ساڵی رابردوودا هەولێر بەراورد بە پایتەختەكانی رۆژئاوا ئارامتر بووە سەرەڕای ئەوەی كە لە نزیك شوێنێكی مەترسیدار هەڵكەوتووە.

 

هەندیك هێمای گۆڕانكاری دەركەوتووە كە باوەڕ ناكرێت. لە شاری كەركووك كە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هێزی پێشمەرگە دوای كشانەوەی سوپای عێراق، پاراستوویەتی بە بڕی یەك ملیار دۆلار وەبەرهێنانی بیانی هەبووە.

 

وەبەرهێنەرە گەورەكان دوای ئەو ترسەی لە سەر پرسی تەناهی و ناسەقامگیری بۆیان دروست بووبوو، ئێستە هەست بە تەناهی و سەقامگیری دەكەن. ماركێتە نوێیەكان و پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون دووبارە دەست بە چالاكییەكانیان دەكەنەوە.

 

كەرتی وزە سەرووی ٨٥%ی داهاتی هەرێمی كوردستان پێك دەهێنێت و رۆژانە نزیكەی ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەكانی دنیا دەكرێت.

 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی زۆر گرنگی لەگەڵ كۆمپانیای رۆسنەفتی رووسیادا واژوو كردووە كە بە كۆمپانیایەكی زەبەلاحی بواری وزە هەژمار دەكرێت و بڕیارە بە بڕی سێ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بكات. ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەو هۆیەوە بۆ یەك ملیۆن بەرمیل بەرز دەكرێتەوە.

 

ئەمە دەرفەتێكە بۆ هەرێمی كورستان بۆ ئەوەی بتوانێت ٢٥%ی قەرزی كۆمپانیاكانی بواری نەوت لە ماوەیەكی كورتدا بداتەوە.

 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵدایە بەستراوەیی ئابووریی خۆی بە نەوت كەم بكاتەوە كە لە دابینكردنی كار پشكی 1%ی بەردەكەوێت، لە كاتێكدا ژمارەی مووچە خۆر و فەرمانبەرانی حكوومەت ملیۆنێك و ٤٠٠ هەزار كەسە كە نیوەی هێزی كاری ئەو هەرێمە لە خۆ دەگرێت.

 

هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت لە لایەك و بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی فیدراڵی عێراق، وای كرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ناچاری خۆی هەوڵی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی بدات.

 

ئەمە حكوومەتی هەرێمی ناچار كرد هەوڵ بدات لە كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی داوای قەرز بكات، كورتهێنانی بودجە بە رێژەی ٩٩% كەمی كرد و لە چوار ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠١٣ بەرەو ٦٣ ملیۆن دۆلار لە ساڵی ٢٠١٦ دابەزی. لە هەمان ماوەدا بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان لە ١٠ ملیار دۆلارەوە بۆ پێنج ملیار و 400 ملیۆن دۆلار كەمی كرد.

 

لە وتارێكدا لەم دواییانە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، بەرەو گەشەسەندن هەنگاو دەنێن و فرەجۆری لە كەرتی ئابووری و پەرەپێدانی سەرجەم كەرتەكانی وەك گەشتوگوزار دەتوانێت ئەلتەرناتیڤێك بێت بۆ نەوت و گاز. هەروەها پەرەپێدانی كشتوكاڵ و كەرتەكانی تر دەبێتە هۆی پەرەپێدانی داهات و رەخساندنی هەلی كاری زیاتر.

 

لەلایەكی ترەوە ئامارەكان ئەوە دەردەخەن كە هەرێمی كوردستان لە گەشەسەندندایە. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٥دا ٧٨٢ هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦دا ژمارەكە نزیكەی دوو هێندە زیادی كردووە و گەیشتووەتە ملیۆنێك و ٦٠٠ هەزار گەشتیار و هەوڵ دەدرێت سەرنجی كۆمپانیا پێوەندیدارەكان بۆ هەرێمی كوردستان راكێشرێت و بەگشتی  ژمارەیان لە پەرەسەندندایە.

 

سیستەمی باج و شێوەی چاودێریكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆمپانیاكان مایەی  خۆشحاڵییانە. باجی كۆمپانیاكان ١٥% ە و باجی داهات ٥% و هیچ جۆرە باجێكیش بە ناویvat یان باجی فرۆشتن و كاڵاكان كە لە وڵاتانی رۆژئاوا هەیە، لە هەرێمی كوردستان بەدی ناكرێت. جگە لەمە حكوومەت ئاسانكاری زۆری كردووە بۆ كۆمپانیاكان و وەبەرهێنەران و بۆ ماوی ١٠ ساڵی یەكەمی چالاكییان لە باجەكانیان خۆش بووە.

 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت یارمەتی كەرتی تایبەت بدات و هانیان بدات لەوەی وەبەرهێنان بكەن. نێچیرڤان بارزانی گوتی داوا لە هەموو وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی دەكەم سوود لەم ئاسانكارییانە وەربگرن و هەوڵی وەبەرهێنان لە كوردستان بدەن.

 

لە هەر روویەكەوە خوێندنەوەی بۆ بكەی، هەست دەكەی ئایندەیەكی گەش چاوەڕوانی هەرێمی كوردستان دەكات بەراورد بە ناوچەكانی تری عێراق.

 

لە ساڵی ٢٠٠٣ تا كۆتایی ٢٠١٣ هەرێمی كوردستان گەشەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. ژمارەی قوتابخانەكانی لە سێ هەزار و ٢٠٠ قوتابخانەوە بۆ شەش هەزار قوتابخانە زیادی كرد و رێژەی نەخوێندەواریش لە ٥٣%ەوە بەرز بووەوە بۆ ٨٤%.

 

ژمارەی نەخۆشخانەكان لە ٢٢ نەخۆشخانە بەرەو ١٢٥ نەخۆشخانە زیادی كرد. ١٧ هەزار و ٦٩٩ كیلۆمەتر شەقام و رێگەوبان دروست كرا. سەرووی ٥٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمداهات دروست كران و رێژەی هەژاریش بۆ كەمترین ئاستی بەراورد بە ناوچەكانی تری عێراق دابەزی.

 

هەرێمی كوردستان خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەكات كە ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە ببات. دیارە هەندێك كەس گومانیان هەیە لەوەی كوردستانی سەربەخۆ سەركەوتوو بێت و هەندێكی تریش رەتی دەكەنەوە كوردستان توانای ئەوەی نەبێت بەرەنگاری تەنگژە و نەهامەتییەكانی ناوچەكە نەبێتەوە.

 

سەرچاوە/forbes


 

 





وشە - سلێمان تاشان