لە ئێران كۆمەڵێك كچ و كوڕ لە كاتێكدا لە یەكێك لە مەلەوانگەكانی دەرەوەی شار خەریكی مەلەكردن و سەما بوون، لە لایەن پۆلیسەوە هاتنە گرتن. ئەو جۆرە رووداوانە لە شارە جیاجیاكانی ئێران مانگانە دووبارە دەبێتەوە و حكوومەت نەیتوانیوە رێگری لە ئاهەنگ و كۆبوونەوەی كچان و كوڕان بكات.
فەرمانگەی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئیسفەهان لە ئێران ئاشكرای كرد، هێزەكانیان بە هاوكاری پۆلیس توانیویانە ٦٤ كچ و كوڕ بگرن كە لە مەلەوانگەیەكی نزیك شارەكە بە یەكەوە مەلەیان دەكرد.
بەگوێرەی میدیاكانی ئێران ئەو گەنجانە لە ئاهەنگێكدا بەشدارییان كردووە و تەنانەت بە نیوەڕووتی سەمایان كردووە و خواردنەوەی كحوولیان خواردووەتەوە. لە شوێنی رووداوەكە پۆلیس دەستی بەسەر هەندێك خواردنەوەی كحوولیدا گرتووە.
دۆسیەی سەرجەم ئەو كچ و كوڕانە بە تۆمەتی كرداری نەرێنیی پێچەوانەی رێساكانی ئێران، رەوانەی دادگا كراون.
ئەوەی لە دۆسیەی ئەو رووداوەدا ئاماژەی پێ كراوە، ئەوەیە ئەوان وێنەی سەما و مەلەكردنەكەیان كردووە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویان كردووەتەوە و پۆلیس پێی وایە ئەو كارە دەیسەلمێنێت ئەوان لە هەوڵی ئەوەدا بوون شیرازەی كۆمەڵایەتی تێك بدەن و بە بڵاوكردنەوەی ئەو وێنانە كۆمەڵگەی ئێران بە لاڕێدا بەرن.
پێویستە بگوترێت گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە و تیایدا كۆمەڵێك كچ و كوڕی گەنج بە نیوەڕووتی دەردەكەون. ئەوان خەریكی گۆرانیگوتن و سەمان، لە بەشێكی گرتە ڤیدیۆیییەكەدا وێنەی مەلەكردنیان بە تێكەڵاوی نیشان دەدرێت. دەتوانن لە رێی ئەم
لینكە سەیری گرتەكە بكەن.
پێویستە بگوترێت ئێران لە رووی كۆمەڵایەتییەوە كۆمەڵگەیەكی كراوەیە، بەڵام یاسا و سیستەمی سیاسیی ئەو وڵاتە رێگە بە هاووڵاتییان نادات لە هەندێك بۆنەی تایبەتیدا بەشداری بكەن. گەنجانی ئێران زۆر جار بە نهێنی لە هۆڵی تایبەتی كۆ دەبنەوە و چێژ لە ئاهەنگەكانی لەدایكبوون و هاوسەرگیری و هتد وەردەگرن. لە شارە جیاجیاكانی ئێران هێزەكانی پۆلیس زۆر جار هەڵدەكوتنە سەر ئەو هۆڵانە و بە كۆمەڵ گەنجان دەگرن و رەوانەی گرتووخانەیان دەكەن.
بۆ نموونە دوو مانگ لەمەوبەر ٣٥ خوێندكاری زانكۆ بە تۆمەتی ئەوەی لە ئاهەنگێكدا بەشدارییان كردبوو، سزای جەڵدیان بەسەردا سەپێنرا، سزادانی ئەو گەنجانە لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئێران هەرای نایەوە و تەنانەت زۆرێك لە ئازادیخوازان ئەو سزادانەیان شەرمەزار كرد.
بەگوێرەی "
گوویا" دادگای تاران ئاماژەی بەوە كردبوو كە ئاهەنگەكان بە شێوەیەكی رێكخراو دەكرێن و دەستێكیان لە پشتە، بۆیە داوای كرد سەرجەم لایەنە پێوەندیدارەكان هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە و رێگە لە هەر جۆرە ئاهەنگێكی شەوانە بگیرێت.
لە ئێراندا تا ساڵی ١٩٧٩ و بەر هاتنی كۆماری ئیسلامیی ئێران، كچان و كوڕان دەیانتوانی بە یەكەوە بچنە مەلەوانگەكان و تەنانەت هاوشێوەی ئێستەی ئەوروپا مەیخانە و یانەی شەوانە هەبوو. دوای ئەوەی ئیسلامییەكان دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت، جگە لە داخستنی سەرجەم مەیخانەكان، رێگە لە زۆرێك چالاكی و موزیك گیرا و تەنانەت ئێستەشی لە گەڵدا بێت كچێك لە ئێران بۆی نییە بچێتە یاریگایەكی تۆپی پێ و سەیری یاری تۆپی پێ بكات.
ئێران بە یاسا هەموو ئەو ئازادییانەی قەدەغە كرد، بەڵام هەرگیز نەیتوانی جێبەجێی بكات و پێش بە ئازادییەكانی خەڵك بگرێت. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە لە ئێران دوای هاتنی رژێمی ئیسلامی لە جیاتی ئەوەی كۆمەڵگەیەكی خاوێنتر دروست ببێت، گەندەڵی كۆمەڵایەتی زیاتر پەرەی سەند و شیرازەی كۆمەڵایەتی زیاتر شێوا و سەركوتكردنی ئازادییەكان هیچ كاتێك خزمەتی كۆمەڵگەی ئێرانی نەكردووە.
لە خواردنەوە كحوولییەكانیش سەرەڕای ئەوەی لە ئێران بە یاسا قەدەغە كراوە، بەڵام بەكاربردنی بەراورد بەو وڵاتانەی كە تێیاندا قەدەغە نییە، زۆر بەرزە و یەكێك لەو كێشانەی لەو رووەوە لە ئێران هاتووەتە كایەوە و هەڕەشە لە تەندروستی خەڵك دەكات، ئەوەیە لە كارگەی ناستاندارد و بە شێوەی نهێنیی خواردنەوەی كحوولی بەرهەم دەهێنرێت و لە بازاڕیش هەر بە نهێنی ساغ دەكرێتەوە. هەندێك جار ئەو خواردنەوانە دەبنە هۆی ژەهراویكردنی هاووڵاتییان و ساڵانە بە دەیان كەس بەو هۆیەوە دەبنە قوربانی.
مانگی رابردوو لە كرمان خواردنەوەی كحوولی دەستكرد و بووە هۆی مردنی چوار كەس و ژەهراویبوونی دەیان كەسی تر. لە ٢٠١٠ەوە تا ساڵی ٢٠١٤ لە ئێران ٥١٠ كەس بەهۆی خواردنەوەی كحوولی مردوون. ساڵانە لە ئێران بایی سەرووی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار خواردنەوەی كحوولی دەفرۆشرێت و ٢٣ كارگەی دروستكردنی كحوول لە ئێران هەن. هەڵبەت ئەو كارگانە بۆ مەبەستی پزیشكی و پیشەسازی كحوول بەرهەم دەهێنن.
سزای جارێك خواردنەوەی كحوول لە ئێران ٨٠ جەڵدە و ئەگەر كەسەكە چەند جارێك تاوانەكە دووبارە بكاتەوە، لەوانەیە لەسێدارە بدرێت. ئامارێكی ورد لەبارەی بڕی خواردنەوەی كحوولی لە ئێران بەردەست نییە و ئەوەی هەیە خەمڵاندنە و باس لە خواردنەوەی ٤٢٠ ملیۆن لیتر لە ساڵیكدا دەكرێت.