هه‌ریه‌ك له گۆرانیبێژانی هه‌ره ناسراوی كورد زیاد ئه‌سعه‌د و زه‌كه‌ریا عه‌بدوڵا، ده‌رده‌كه‌ونه‌وه و سه‌رقاڵی كاری نوێن، وه‌ك هه‌میشه زیاد ئه‌سعه‌د كار بۆ ده‌رخستنی توانای گه‌نجان ده‌كات و زه‌كه‌ریاش كار بۆ ئه‌ڵبوومێكی نوێ ده‌كات.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 10ی ئاب، هونه‌رمه‌ند و ده‌رهێنه‌ر "ئارام سه‌ردار" كه كاری میوزیكی بۆ گۆرانییه‌كی نوێ ده‌كات و له ڕێگه‌ی زیاد ئه‌سعه‌ده‌وه سه‌رپه‌رشتی كراوه، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "تازه ڕۆیی"، ناوی نوێترین به‌رهه‌می گۆرانیبێژ یوسف سه‌عیده، ئه‌و گۆرانییه له تێكست و ئاوازی هونه‌رمه‌ند و شاعیر و ئاوازدانه‌ری ناسراوی كورد زیاد ئه‌سعه‌ده و له كاری میوزیكی منه، به سه‌رپه‌رشتی زیاد ئه‌سعه‌د خودی خۆی تۆمار كراوه و تا كۆتایی تۆماركردنی ئاگه‌داری ئه‌و به‌رهه‌مه بووه و تا كۆتایی تۆماركردنی گوێبیستی بووه.
هه‌روه‌ها گۆرانیبێژ زه‌كه‌ریا عه‌بدوڵا ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئێسته به ئه‌ڵبوومێكی نوێی گۆرانی كه كاری بۆ ده‌كات تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌هه‌ژێنێت، ئێسته گۆرانیبێژی ناوبراو وه‌ك سوپرایز ئه‌ڵبوومێكی نوێی ئاماده كردووه و سه‌رقاڵی تۆماركردنه و له‌گه‌ڵ میوزیكژه‌نانی ناسراوی توركی كاری بۆ ده‌كات.
هونه‌رمه‌ند و میوزیكژه‌ن و گوێگر و هه‌وادارانی هونه‌ری گۆرانی كوردی زۆر دڵخۆشن به‌و هه‌واڵه و هیوادارن به‌زووترین كات بڵاوی بكاته‌وه و له و ته‌نگژه‌ی گۆرانی كوردییه ڕزگاریان بكات.
هه‌ندێكیان پێیان وایه كه له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌ی ناوبراو بێ به‌رهه‌مه گوێیان له گۆرانی و میوزیكی خۆش نه‌بووه و دڵیان به و به‌رهه‌مانه‌ی ئێسته خۆش نابێت و چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیمپڕاتۆرن.
زیاد ئه‌سعه‌د توانایه‌كی زۆری هه‌یه له گۆرانیگوتن و نووسینی تێكستی گۆرانی و ئاوازدانان بۆ گۆرانی، ناوبراو ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه به‌رهه‌می نوێی نییه و زیاتر گرنگی به گۆرانیبێژان ده‌دات و شیعر و ئاوازیان بۆ ئاماده ده‌كات.
هه‌ریه‌ك له گۆرانیبێژان چۆپی فه‌تاح و موحسین عه‌بدوڵا و هێڤی چه‌ندین گۆرانیبێژی تری كورد كه ئێسته ناسراون، به هۆی به‌رهه‌مه‌كانی ناوبراو ناسراون.
زه‌كه‌ریاش خاوه‌ن ده‌نگێكی زۆر تایبه‌ته له گوتنی گۆرانی و ئه‌داكردن و خاوه‌ن ناوبانگێكی زۆره و زیاتر گرنگی به‌كاره هونه‌رییه‌كانی ده‌دات، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ میوزیكژه‌نانی جیهانی له ستۆدیۆ به‌ناوبانگه‌كان.
هه‌ولێر/ شاخه‌وان شێخانی