بەمدواییە دیاردەی فرۆشتنی حەبی هۆشبەر و هەلوەسە زۆرینەی قاوەخانەكانی بەغدای داگرتووە، ئەوان زیاتر گەنجان دەكەنە ئامانج، لەو كاتەی هاووڵاتییان بە چاوی خۆیان فرۆشتنی ئەو حەبانە و فرۆشیارەكانیان بە ئاشكرا دەبینن كە سەر بە باندە رێكخراوەكانن، ئەوان دەڵێن كە بازاڕەكانی مرێدی لە رۆژهەڵاتی بەغدا سەنتەرێكی گەورەی ئەو حاڵەتەن.
(ع.م) هاووڵاتییەكی شاری سەدری رۆژهەڵاتی بەغدایە و لە باسی ئەو دیاردە دەڵێ، دیاردەی بڵاوبوونەوەی حەبخواردن لە ناوچەی سەدر نیگەرانییەكی زۆری دروست كردووە، ئێستە فرۆشیارانی حەبی هۆشبەر كار بۆ وێرانكردنی گەنجان و خێزان بە تەواوەتی دەكەن، ئەوەشی جێی سەرنجە كە بوونی ئەوان لەبەرچاوی دنیا و بە ئاگەداری دەوڵەتە.
ئەو دەڵێ كە بەر لە چەند ساڵێك گرووپێكی چەكدار لە ناوچەی سەدر ئەو فرۆشیارانەیان دوور خستەوە، بەڵام دواتر فەرمانی پاشەكشەكردنیان پێ درا و دوای تەنیا رۆژێك دوای ئەوە ئەو فرۆشیارانەی مادەی هۆشبەر و حەبی هەلوەسە لە قاوەخانەكانی بازاڕی مرێدی دەركەوتنەوە و لە نێوان هەردوو كەرتی 32 و 30 لە ناوچەی سەدر دیار كەوتنەوە.
روونی كردەوە كە فرۆشیارەكان لەو دوو كەرتەدا هاتوچۆ دەكەن لەبەردەم چاوی هێزە تەناهییەكان و لەكاتی گرتنیان و دەستگرتن بەسەر حەب و مادەی هۆشبەری لایان، ئەوان بەهۆی دەست تێكەڵكردنیان لەگەڵ هێزە تەناهییەكان دووبارە دەردەكەونەوە.
لەكوێ دێت؟
بە پێی راپۆرتەكانی پێشووی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی رێگەكان و شوێنی هاتنی مادەی هۆشبەر بۆ بەغدا، روون دەبێتەوە كە دوو رێڕەوی سەرەكی بۆ هاتنی هەیە، یەكەمیان لە ئێرانەوە بەوەی بازرگانانی مادەی هۆشبەر سوود لەو رووبەرە گەورەی سنووری نێوان عێراق و ئێران دەبینن، بەتایبەتی ئەو بۆشاییانەی لەو سنوورەدا هەن.
هەرچی دووەم رێڕەوە بریتییە لەوەی لە ناوچەكانی ناوەڕاستی ئاسیا و ئەوروپای رۆژهەڵات دێتە عێراق ، بێجگە لە رێڕەوە ئاوییەكان لەسەر كەنداوی عەرەبی كە وڵاتانی ناوچەكە بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
بە پێی راپۆرتەكان عێراق بووەتە سەرچاوەیەكی حەبی هەلوەستە و مادەی هۆشبەر، ئەوەش دوای ئەوەی بەمدواییە چەند جۆرێك حەشیشەی هۆشبەری تیادا دەچێندرێت، بێجگە لە هاتنی ژمارەیەكی زۆری حەبی هەلوەسە بۆناو ئەو وڵاتە.
ئالوودەبوون و هۆكارەكانی:
سەلیمە كەوكەز پزیشك و توێژەری ئەكادیمی لەو بارەوە دەڵێت، دیاردەی بڵاوبوونەوەی حەبی هۆشبەر لە عێراق و زیادبوونی رێژەی ئاڵوودەبوون پێیەوە لەلایەن گەنجان بووەتە جێگەی مەترسی زۆرێك لە توێژەرانی ئەو بوارە و هۆكارەكەشی بەشی زۆری بۆ حكوومەتی عێراق دەگەڕێتەوە. ئەو ئاماژە بۆ هۆكارەكانی ئالوودەبوون بەو حەبانە دەكات كە بریتین لە:
-ترازانی خێزان و سەرقاڵی باوان و فەرامۆشكردنی رۆڵەكانیان لە ماڵەوە و نەبوونی هۆشیاریی پێویست بە مەترسییەكانی مادەی هۆشبەر و لاوازی باوەڕ و گەشەكردنێكی نادروستی خێزانی و بێكاری گەنجان و دەوڵەمەندی و زیادە مەسرەفی هەندێكیان.
هەروەها نەبوونی لێپرسینەوە وتوێژی خێزانی بۆ زانینی حاڵەتی رۆڵەكان و سترێس و پاڵەپەستۆی دەروونی و زیادبوونی رێژەی جیابوونەوە و بێباوكان و بێوەژنی و ئاوارەیی و راگواستن كە وای كردووە زۆرێك ئەو مادە بەكار بێنن. بێجگە لە بەكارهێنانی نادروستی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لای گەنجان كە هۆكارێكە بۆ بەكارهێنانی زیاتری مادەی هۆشبەر.