لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە كچێك هەڵ دەخەڵەتێنیت

:: AM:09:39:11/08/2017 ‌

"هێرش" ئەو كوڕەی لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە كچێك هەڵ دەخەڵەتێنێ، ئەو لە چیڕۆكێكی ڕاستەقینەدا هەڕەشەی چوونەدەرە لەو كچە دەكات و وێنەكانی بڵاو دەكاتەوە، ئێستە ئەو كوڕە لە زیندانە.

ئەو كچە چێڕۆكی خۆی بەو جۆرە بۆ "وشە" دەگێڕێتەوە، كاتێك تەمەنم گەیشتە 24ساڵ و لە قۆناغی دووی زانكۆ بووم، وەك هەر یەكێك لە هاوڕێ كچەكانی ترم "هاوكار"ی برام فەیسبووكی بۆ دانام و لە فەیسبووكەوە "هێرشم"  ناسی.

دەڵێ ئەو كوڕە كەوتە پیاهەڵدان و وەسفكردنی خۆی بێ ئەوەی ناسنامە و كەسیەتی من بزانێت، هەرچی دەگوت زۆر بە ئاسانی و سانایی قسەم لەگەڵ دەكرد و ماوەی ساڵێك و پێنج مانگ بە ردەوام قسەمان دەكرد و دەیگوت كە هەموو كەس ناتوانێ‌ دڵی ئافرەت خۆش بكات.

زیاتر دەڵێ، لە سەرەتای ناسینم لەگەڵ تۆدا زۆر دڵخۆشم بەوەی  تۆ ببیتە هاوسەری ژیانم، منیش بەوە دڵخۆش بووم بەوەی ئەگەر هێرش ببێتە كەسێك بەختەوەرم بكات و هاوسەرگیریم لەگەڵدا بكات، ئەوە بۆ من خەونێكە وەك خەونی كچانی تر.

ماوەی حەوت مانگ شەوان تا نزیكی دەمەو بەیان قسەمان بە مۆبایل دەكرد، تەنانەت بۆ هەر كوێ‌ بچوومایە، پرسم پێ دەكرد و زۆرم خۆش دەویست، بەڵام بەداخەوە ئەو مەبەستێكی گڵاوی هەبوو، هاوكات من دڵم پاك بوو و نەمدەزانی ئەو تەنیا منی بۆ ڕابواردن دەوێ، چونكە وا خۆی پێشان دەدات كە جگە لە من كەسی تری خۆش ناوێ‌ و هەمیشە خۆی بە قوربان دەكردم و باسی ماڵی داهاتوومان دەكرد و دەیوت شاجوانەكەم كەی ئەو ڕۆژە بێت و من و  تۆ لە ماڵی خۆماندا یە كتر لە ئامێز بگرین.، كچەكە وای گوت.

روونی كردەوە، پێوەندی نێوان من و هێرش بە ردەوام بوو و نزیكەی سێجار چووینە دەرەوە، بەڵام تەنیا لە كافتریا دادەنیشتین، ئەو ئەیویست بەو ڕێگەیە من متمانەی زیاتری پێ بكەم تا هەرچی گوت بڵیم باشە و بە گوێی بكەم، بەڵێ‌ ڕۆژێكیان گوتی شاجوان گیان دایكم گوتوویەتی با وێنەی ئەو كچە ببینم كە دەبێتە بووكم، منیش بەو خەیاڵەوە دوو وێنەی خۆمم بۆ نارد.

بەردەوام دەبێت، بەڵێ‌ لە تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ نزیك بوومەوە و چاوەڕوانی ئەوە بووم كە لە تاقیكردنەوە تەواو بم و ماڵی هێرش بێنە خوازبێنیم، شەوێكیان تیلی بۆ كردم و گوتی، شاجوان گیان بێتاقەتم وەرە سبەینێ‌ دەچینە دەرەوە و بۆخۆمان جەوێكی خۆش دەبەینە سەر، منیش پێم گوت نەخێر گیانە ئێستە كاتی سەعیكردنە و با دوای تاقیكردنەوەكان، گوتی هەر دەبێت بێیت و منیش گوتم  لەبەر دڵی تۆ كەوایە دەچینەوە كافتریا و لەوێ‌ بۆخومان قسە دەكەینەوە، گوتی نابێت گوتم نەخێر منیش ناتوانم ئیتر لەو ساتەوە ڕووی نهێنی "هێرشم" بۆ دەركەوت و كەوتە جنێودان و سوكایەتی پێكردنم و هەڕەشەكردنم.

ئەو كچە پەشیمان دەبێتەوە و دەڵێ،  ئای خوایە چیم بەخۆم كرد، جگە لە سۆزانی پوورزام كەس بە مەسەلەی نێوان من و "هێرش"ی نەدەزانی هەر ئەو شەوە نامەی بۆ ناردم و هەڕەشەی لێ كردم و گوتی، وێنەكانت بڵاو دەكەمەوە، تەلەفۆنم بۆ كرد و پێم گوت، من و تۆ ئەوە ئەنجامی خۆشەویستییەكەمان بوو ئەمە ڕاستگوییەكەت بوو، بەڵی دایخستەوە بەسەرمدا و شەوەكەی سعات 11 وێنەیەكمی ناردبوو بۆ چەند هاوڕێیەكی فەیسبووكم بە جۆرێك گوایە من حەزم لەوە و وێنەم بۆ ناردووە تا سووكم بكات.

ئەو كچە بەردەوامە، ئیتر چەند خزمێكم بە مەسەلەكەیان زانی و برا گەورەكەمیان تێگەیاند، ئای خوایە چۆن ژیانی خۆم شێواند، با قسەی خەڵك و ماڵەوەش بوەستێت، بۆیە ناچار بووم داوای یاسایی لەسەر تۆمار بكەم و بیدەمە دادگا، ئێستەش وا چوار مانگە بەسەر ئەو مەسەلەیەدا تێپەڕیووە و "هێرش" لە زیندانە و منیش كاتەكانم بە گریان و ئازارەوە بەڕێ‌ دەكەم و بڕیارم داوە جارێكی تر نزیكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەكەومەوە و بڕوا بە هیچ كوڕێك نە كەم، ئای  خوایە ژیانێكی چە ند سەخت و دژوارە مەحاڵە تا مردن بیرم بچێتەوە.

سلێمانی/ ڕێباز حەسەن


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل