حەشدی شەعبی لە خاڵی یەكبوونی شیعەوە دەبێتە خاڵی ترازانیان؟

:: AM:11:16:11/08/2017 ‌

حەشدی شەعبی لە 2014 بە فەتوایەكی عەلی سیستانی مەرجەعیەتی باڵای شیعە هاتە دامەزراندن و ئەركی رووبەڕووبوونەوەی داعش و پارێزگاریكردن بوو لە مەزار و شارە شیعەكان، ئەوەش دوای شكانی سوپای عێراق لە پارێزگا سوننەكان، دواتر بەشی زۆری ئەو هێزانە لەلایەن ئێرانەوە كۆنترۆڵ كران.

ئێستەش دوای نزیكبوونەوەی كۆتاهاتنی داعش، خەریكە ململانێ لە نێوان هێزە شیعەكان زیاد دەكات بۆ سوودوەرگرتن لەو هێزانەی ناو حەشد بۆ مەبەستی دەستكەوتی سیاسی و هەڵبژاردن، ئەوەش وای كردووە میلیشیاكان لە هێزی پارێزەری شیعەوە ببێت بە خاڵێكی ترازانیان. 

كەریم نووری یەكێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی لە هێزی بەدر، بە"وشە"ی راگەیاند، پرسی مانەوەی حەشدی شەعبی مانای یەكخستنی لەگەڵ سوپای عێراق نییە، بەڵكو مانەوەی ئێستە زیاتر تەناهییە و پێویستتریشە لە پێشوو، چونكە كۆتاهاتنی داعش مانای كۆتاهاتنی تیرۆر نییە، دواتر كۆنترۆڵكردنی ناوچە سنوورییەكانی رۆژئاوای عێراق كە پێشتر لە 2003ەوە بەدەستی تیرۆریستانەوە بووە، پێویست بە بوونی هێزێك دەكات توانای جووڵانەوەی هەبێت وەك حەشدی شەعبی.

بەگوتەی ئەو بەرپرسە، مانەوەی حەشدی شەعبی پێویستە، چونكە سەرچاوەی هێزە بە دەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و بوونی ئەو هێزە پێویستییە بۆ ئەوەی هەمان ئەزموونی 2014 دووبارە نەبێتەوە كە پێشبینی خراپتر دەكرێت، ئایا ماقووڵە دوای هەر دەركەوتنێكی تیرۆر و هێرشێكی تری داعشییانە حەشدێكی نوێ دابمەزرێت.

"دژەتیرۆری عێراق هێزێكی سەربەخۆیە لە سوپا و ئێستە رۆڵێكی باشی هەیە و بەیاسا رێك خراوە، ئێمەش وەك حەشد پێویستمان بە رێكخستنەوە هەیە، ئەوەش شتێكی قبووڵكراوە لەلایەن فەرماندەكانی كە بەو رێگەیە و بەیاسایی بكرێ، حەشدی شەعبی لە پارتە سیاسییەكان و ململانێی نێوانیان بەدوور دەكەونەوە و سەربە دەوڵەتی عێراق دەبن نەك پارتەكان" كەریم نووری وای گوت.

ئاماژەی دا "رۆڵی حەشد سیاسی نییە، چونكە ئەگەر وابێت ئەوە خۆی لە جەنگ و لایەنی تەناهی دادەماڵی و دەچووە ریزی پارتە سیاسییەكان، دواتر یاسای عێراق رەتی دەكاتەوە پارتە سیاسییەكانی عێراق باڵی سەربازییان هەبێ، قەدەغەیان دەكات لە كاری سیاسی و هەڵبژاردن، بۆیە راستە پارتە سیاسییەكان ئەندامی خۆبەخشیان هەیە لەناو حەشدی شەعبی، بەڵام ئەو كاریگەرییەیان نییە".

لای خۆیەوە سەید عەلی حوسێنی گوتەبێژی فەرمی فەرماندەیی میحوەری باكوری حەشدی شەعبی، بە"وشە"ی راگەیاند كە حەشدی شەعی لەلایەن هیچ حزب و لایەن و مەزەوێكەوە دانەمەزراوە، بەڵكو لەسەر فەتوایەك دامەزراوە، بۆیە پێوەستییەكەی مەرجەعییە و باوەڕ ناكەم بچێتە ناو ململانێ سیاسییەكان. 

ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبی نەیشاردەوە كە لەمێژە و لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەوڵ هەیە بە سیاسیی بكرێ. بەڵام لەبارەی دواڕۆژی سیاسییانەی حەشد، حوسێنی گوتی "بۆ هەر رووداوێك قسەی خۆمان دەبێت".

لە بەرامبەردا شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی كوردی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە"وشە"ی راگەیاند، لە پەرلەمانی عێراق حەشدی شەعبی یاسای بۆ دەرچووە، بەڵام هەر خۆیان رێگرن لەوەی بكرێتە دامەزراوەیەكی یاسایی، چونكە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای كردووە فەسیڵەكان نەمێنن و بكرێن بە لیوا و حزبەكان دەستبەرداری بن، لەو حاڵەتەدا حزبەكان زیانمەند دەبن كە ئێستە لە چوارچێوەی فەسیڵەكان ژمارەیان زیاترە، بۆ نموونە هێزەكانی بەدر ئەگەر ئێستە 50 هەزاریان تۆمار كرابێت، رەنگە ژمارەی راستەقینەی ئەوان 20 هەزار بێت، ئەوە ئەو كاتەی دەچنە ریزی دەوڵەتەوە، ئەو مووچەی 30 هەزارەكەی پێشوو وەریاندەگرت، نامێنێت.

"لەلایەكر تریش پارتەكان، ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی لە بەردەستیاندایە بۆ حاڵەتی لەناكاو، بەڵام ئەو كاتەی تێكەڵ دەكرێنەوە، ناتوانن هەر كاتێك بیانەوێ وەك هێزێكی حزبی بەكاریان بێنن بۆ بابەتی سیاسی و هەڵبژاردن، عەبادی تا ئەوان دەستبەرداری نەبن، یەكیان ناخاتەوە لەگەڵ سوپا، بەڵكو لە چوارچێوەی دامەزراوەیەكی جیادا رێكیان دەخات، بۆیە مانەوەیان لەو شێوە لە قازانجی حزبەكانیانە" عەبدوڵا وای گوت.

حەشدی شەعبی لە 140 هەزار چەكداری زۆرینەی شیعە و سوننەكانی نزیك لەوان پێك هاتوون كە لە 13ی حوزەیرانی 2014 لەسەر بنەمای فەتوایەكی مەرجەعی باڵا (عەلی سیستانی)ی لە دژی داعش چەكیان هەڵگرت، پارساڵ لە پەرلەمانی عێراق بە یاسایی كران، ئەوان دەبنە بەشێك لە سوپای عێراق و هەموو ماف و ئیمتیازات و پارێزبەندییەكیان هاوشێوەی سوپا بۆ فەراهەم دەكرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل