هاووڵاتییەكی عەرەب لە رووباری خازر خنكا

:: PM:02:19:11/08/2017 ‌

پێش نیوەڕی ئەمرۆ هەینی هاووڵاتییەكی عەرەب لە رووباری خازری سەر بە شارۆكەی بەردەڕەش خنكا، دوای ئەوە تەرمەكەی لە رووبار دەرهێنرا و بۆ كەسوكارەكەی رەوانە كرایەوە.

ئەمڕۆ هەینی 11ی ئاب/ ئوگستس، حەیدەر بلباس بەرپرسی بەرگری شارستانی خەبات بە "وشە"ی راگەیاند، پێش نیوەڕی ئەمڕۆ هاووڵاتییەكی بەڕەگەز عەرەب لە رووباری خازری سەر بە شارۆكەی بەردەرەش خنكا، دوای ئەوەی لەلایەن تیمی نقوومزانانی بەرگری شارستانی خەبات تەرمەكەی دەرهێنرا، بۆ كەسوكارەكەی رەوانە كرایەوە.

زیاتر گوتی، ئەو هاووڵاتییە ناوی (بەسام ئەحمەد محەمەد)ە و لە دایكبووی ساڵی 1986 و دانیشتووی كەمپی سێفدیدانی نێوان مووسڵ و شارۆكەی خەباتە و بە مەبەستی مەلەوانی و گەشتوگوزار سەردانی سنووری شارۆكەی بەردەرەش و رووباری خازری كردبوو، بەڵام بەهۆی نا شارەزایی و نەزانینی مەلەوانی خنكا.

 بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی خەبات، ئەمساڵ لە سنووری شارۆكەی خەبات 14 كەس بەهۆی رووبار و ئاوەكانەوە خنكاون.

خەبات/ نەوزاد هلوری



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل