بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاوی كردووەتەوە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شارەدێی ژاراوە ژنێك خۆی بە پەت خۆی هەڵواسوە و كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، تا ئێستەش هۆكارەكەی ڕوون نەبووەتەوە.
ئەمڕۆ شەموو 12ـی ئاب/ ئۆگستس، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاوی كردووەتەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەموو سەعات12 لە شارەدێی ژاراوە سەر بە شارۆكەی پشدەر، ژنێك بەناوی (م . م . ئـ) كە ژنی ماڵە، لە دایكبووی 1989یە و دایكی دوو كوڕ و كچێكە، لە ماڵی باوكی كە بە تەنیا لەوێ بووە، بە سەقفی خانووەكەیان بە پەت خۆی هەڵواسیوە و خۆی خنكاند.
لە ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین هاتووە، پاش ڕووداوەكە تیمەكانی پۆلیسی فریاكەوتنی قەڵادزێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و دوای توێكاری بۆ تەرمەكەی لە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ، ڕادەستی كەسوكارەكەی كرایەوە، هۆكارەكەی نادیارە و دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و ڕێكاری یاسایی گیراوەتەبەر.
لە لێدوانێكی پێشوویدا محەمەد گۆمەشینی گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ بۆ "وشە" ئاشكرای كردبوو، زۆری ڕووداوەكانی خۆكوشتن بەهۆی كێشەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەوەیە لە هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی ئامارێكی ئەم دەستەیە، لەمانگی ڕابردوو 30 هاووڵاتی كوژراون یان خۆیان كوشتووە.