سەید كاكە: سەربازی ڕێگەی سەربەخۆیی كوردستانم

:: PM:05:18:12/08/2017 ‌

بەرەی نەخێر گرتەیەكی ڤیدیۆیی سەید كاكە كەسایەتیی ناسراوی كوردستانیان بڵاو كردووەتەوە گوایە ناوبراو دژی سەربەخۆیی كوردستانە، ئەویش ڕەتی دەكاتەوە و دەڵێ، من سەربازێكی گیانفیدای ڕێگەی سەربەخۆییم.

سەروان سەید كاكە، كوڕی ئەو كەسایەتییەی شاری هەولێر، لە ڕاگەیانراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "وشە" ناردووە، ئاماژە بەوە دەكات كە لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەند پەیج و سایتێكی نامەسئوول، بە شێوەیەكی ڕێكخراو پارچە ڤیدیۆیەكی "سەید كاكە"یان بڵاو كردووەتەوە كە مێژووەكەی بۆ دوو ساڵ بەر لە ئێستە دەگەڕێتەوە، دەیانەوێ بە ڕێی چەواشەكردنی خەڵكەوە، وا بگەیەنن كە گوایە دژی پرۆسەی ڕیفراندۆم و پارتی دیموكراتی كوردستانە.

لە ڕاگەیانراوەكەدا، وردەكاریی كاتی دیمانەكەی تێدایە كە پێش دوو ساڵ كەناڵی ئێن ئاڕ تی لەگەڵی ئەنجامی داوە و باسەكە هیچ پێوەندییەكی بە سەربەخۆیی و پرسی ڕیفراندۆمەوە نییە و نووسیویەتی، دوژمنانی سەربەخۆیی كوردستان ئەو ڤیدیۆیەیان قۆستووەتەوە و لەژێر تایتڵی "دژی ڕیفراندۆم و پارتی دیموكراتی كوردستان" دووبارە بڵاویان كردووەتەوە.

لە كۆتای ڕاگەیانراوەكەی سیروانی كوڕی سەید شێخ كاكەدا هاتووە: "لێرەوە بۆ گشت خەڵكی كوردستان و ڕای گشتی ڕوونی دەكەینەوە، كە سەید كاكە بەھەموو شێوەیەك لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانە و خۆیشی بە سەربازێكی گیانفیدای ڕێگەی سەربەخۆیی كوردستان دەزانێت، ھاوشان لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی، ئامادەی سەردانانە لەو ڕێیە پیرۆزە، با كەسی دیكە ھەوڵ نەدات لە ڕێی چەواشەكردنی خەڵكەوە بازاڕی خۆی گەرم بكات، سەربەخۆیی كوردستان خەونی سەدان ساڵەی كورد و ئاواتی پەنجا ساڵ خەباتی كەسانی وەك سەید كاكەیە، بێگومان سەر دەكەوێت و دوژمنانیش ڕێسوا دەبن".


وشە - تایبه‌ت