بەرپرسی مەكتەبی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، پارتی لە چەند ڕۆژی داهاتوو لەسەر ڕاگەیەنراوەكەی گۆڕان كۆ دەبێتەوە و بڕیاری خۆی دەدا، بەهیچ شێوەیەكیش پارتی بە دواخستنی ڕیفراندۆم ڕازی نابێت.
هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەكتەبی پێوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، پارتی دەستپێشخەری كردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆ ببێتەوە، بەشێوەی دووقۆڵی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان بەبێ هیچ مەرجێك، بەڵام گۆڕان پێنج خاڵی خستووەتە ڕوو، ئەمانەش بە مەرج دادەنرێن، بۆیە لە ڕۆژانی داهاتوو مەكتەبی سیاسی پارتی كۆ دەبێتەوە و بە فەرمی وەڵامیان دەدەینەوە.
هەروەها گوتی، پارتی بەهیچ شێوەیەك ئەو مەرجانە قبووڵ ناكات، بەتایبەت دواخستنی ڕیفراندۆم جێی گفتوگۆ نییە و لە وادەی خۆیدا بەڕێوە دەچێت. ڕاستە گۆڕان ئەو پێنج خاڵە بە مەرج نابینێت، بەڵام لای پارتی مەرجن، ئەمەش لە كاتێكدایە پارتی ئامادە بوو بێ مەرج پەرلەمان كارا بكرێتەوە و گفتوگۆ لە نێوان هەردوولا ئەنجام بدرێت.
جێی باسە دوێنێ شەموو جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆ بووەوە و لە ڕاگەیەنراوی دوای كۆبوونەوەكە پێنج خاڵی خستووەتە ڕوو، یەكێك لەوانە دواخستنی ڕیفراندۆمە، بەڵام پێ ناچی پارتی و لایەنەكانی تر بەو مەرجانەی گۆڕان ڕازی ببن، بەتایبەت لە پرسی دواخستنی وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.
هەولێر/بڵند ئیبراهیم.
باز