بانكێكی هەرێمی كوردستان قەرز بە هاووڵاتییان دەدات و ڕێژەیەكی كەمی سووی دیاری كردووە. بەگوێرەی پڕۆژەكەش هەر هاووڵاتییەك بۆ هەر پڕۆژەیەكی ئاسایی یان كشتوكاڵی و پیشەسازیی قەرز وەربگرێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 13ـی ئاب/ ئۆگستس، ژووری وەڵامدانەوەی داخوازی هاووڵاتییان لەRT bank بە "وشە"ـی ڕگەیاند، لە ئێستەوە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەتوانن سەردانی لقەكانمان بكەن بۆ وەرگرتنی قەرزی بچووك كە ڕێژەیەكی كەمی سووی دەچێتە سەر.
لەبارەی بڕی ئەو سووەی وەری دەگرن لە هاووڵاتییان بۆ هەر ساڵێك لەلایەن ئەو بانكەوە، بە 5.6 دیاری كراوە و بەگوێرەی خواست و داواكاری هاووڵاتییان دەگۆڕێت كە چەند قەرزەكە لای خۆیان دەهێڵنەوە.
ژووری وەڵامدانەوەی داخوازی هاووڵاتییان گوتی، ئەو قەرزە بۆ سەرجەم هاووڵاتییانە جا بۆ هەر كارێكی بێت و كشتوكاڵ بێت پیشەسازی بێت یان كارێكی سەربەست، هەروەها ڕێژی قەرزەكە بەگوێرەی ڕێككەوتن لەگەڵ خاوەن قەرز دیاری دەكرێت.
لەو گفتوگۆیە ئاشكرایان كرد، ئامانجیان لە پێدانی ئەو قەرزە باشتركردنی باری ئابووریی هاووڵاتییانە و هەر هاووڵاتییەكیش دەتوانێت بە نزیكەی 50 ملیۆن دینار ڕابكێشێت.
گۆران شێخ وەهاب بەڕێوەبەری پێشووی بانكی گەل بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بوونی سەرمایەكی باش دەبێتە هۆكارێك بۆ بووژانەوەی ئابوری هاووڵاتیان و هەرێمی كوردستان، چونكە بانك یانی سەرمایە.
گۆران دەڵێت، هەرس هێنانی سەرجەم بانكەكانی پێشوو لە هەرێمی كوردستان بەهۆی نەبوونی سەرمایەی پێویست بوو، بۆیە لەئێستەدا كردنەوەی ئەو جۆرە بانكانە پێویستە بەتایبەت لەبواری خانووبەرە و قەرزی بچووك كە كاربكەن ئابووری خێزان دەبوژێتەوە و دەستی كار و هەلی كار پەیدا دەبێت.
RT bank بانكێكی ناحكوومییە لە ئێستەوە لە هەرێمی كوردستان دەستی بەكار كردووە و نووسینگەی لە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە.