سەعدی ئەحمەد پیرە: ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستەی عێراق لەوەی پێشوو جیا دەکاتەوە تەنیا ریشە

:: PM:12:06:14/08/2017 ‌

لە دیداری سێیەمی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ پرسی ڕیفراندۆم بەڕێوە چوو، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەڵامی ئەو كەسانەی دایەوە كە دەڵێن پێویستە لەگەڵ عێراق بین.

ئەمڕۆ دووشەم 14ـی ئاب/ ئۆگستس، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت، هەر كەسێك بڵێت كورد مافی ئەوەی نییە دەوڵەتی هەبێت هەڵە دەكات، ئێمە دوای 2003 بەشداریمان كرد لە عێراق بۆ ماوەی 14 ساڵ، بەڵام بۆمان دەركەوت ئەوانەی ئێستە حوكم دەكەن لەگەڵ ئەوانەی پێشوو تەنیا جیاوازیان ئەوەیە ئەوانەی ئێستە ڕیشیان هەیە و نوێژ دەكەن.

گوتەبێژی یەكێتی دەڵێت، كەسانێك ڕەخنە دەگرن و دەڵێن بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم خراپمان بەسەر دێت، باشە چی ماوە بەسەرمان بێت، ژن و كەرامەتمان هەراج كرا، كۆمەڵكوژ كراین، كەواتە لە چی بترسین، ڕاستە كێشەی مووچە هەیە، بەڵام نابێت بەمافی ڕیفراندۆمی ببەستینەوە.

پیرە زیاتر گوتی، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تازە نییە و بڕیار بوو لە ساڵی 2016 ئەنجامی بدەین، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا ڕامان گرت، بۆیە ئەنجامدانی لە 25 ئەیلوول تەنیا بڕیاری حزبێك و لایەنێك نییە، بەڵكو بڕیاری هەموومانە.

دیداری زانكۆی سەڵاحەدین ساڵانە ئەنجام دەدرێت بەمەبەستی خستنەڕووی تێڕوانینی سیاسییەكان بۆ بابەتە گرنگەكانی ناو كۆمەڵگە.



وشە - رامیار جەواد