كۆشكی سپی یاری به‌ وشه‌كانی تره‌مپ ده‌كات

:: PM:12:10:14/08/2017 ‌

له‌وه‌ته‌ی دۆناڵد تره‌مپ بووه‌ به‌ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، وه‌ك چاوه‌ڕوانیش ده‌كرا چه‌ندان لێدوانی داوه‌ كه‌ پێشتر هیچ سه‌رۆكێكی تری ئه‌مه‌ریكا به‌و شێوه‌یه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌كان قسه‌ی نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ هه‌میشه‌ كۆشكی سپی شیكردنه‌وه‌ بۆ قسه‌كانی بڵاو بكاته‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ئێواره‌ی دوێنێ یه‌كشه‌م، كۆشكی سپی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و لێدوانه‌ی دوایی دۆناڵد تره‌مپ كه‌ سه‌ركۆنه‌ی كاری توندوتیژیی ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كانی كرد و مه‌به‌ستی له‌ گرووپی "كو كلوكس كلان" و نازییه‌كانیش بووه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی توندی لێ گیرا، بۆ له‌ناو هه‌موو ئه‌و گێره‌شێوییانه‌دا، ته‌نیا ڕووی ده‌می له‌ سپیپێسته‌ شۆڤێنییه‌كان كردووه‌ و باسی گێره‌شێوێنیی ئه‌وانی تری نه‌كردووه‌.

پێشتریش چه‌ندان جار كۆشكی سپی دوای ئه‌وه‌ی لێدوانی تره‌مپ هه‌رای دروست كردووه‌، شیكردنه‌وه‌ی گونجاویان بۆ كردووه‌.

له‌م پاساوه‌دا ده‌ڵێن، سه‌رۆك به‌ توندی دژی هه‌موو كارێكی توندڕه‌وی و ده‌مارگیریی و كینه‌یه‌كه‌، بۆیه‌ هه‌موو گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ و داوای له‌ یه‌كێتیی نیشتمانی كردووه‌ له‌ نێوان هه‌موو پێگه‌كانی ئه‌مه‌ریكادا.

باسه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ی ویلایه‌تی ڤیرجینیایه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێ سپیپێستی توندڕه‌و كاری گێره‌شێوێنییان كرد و له‌ ئه‌نجامدا ژنێكی ته‌مه‌ن 32 ساڵی ڕه‌شپێست كوژرا و 19 كه‌سی تریش بریندار بوون، بۆیه‌ ئێسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی چڕ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌كرێ.

جێمس فیڵدز كه‌ ئه‌فسه‌رێكی پێشووی سوپای ئه‌مه‌ریكایه‌، بڕیاره‌ بچێته‌ به‌رده‌م دادگا، به‌ تۆمه‌تی كوشتنی ئه‌و خانمه‌ و هاندانی خه‌ڵك له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زپه‌رستی.

له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوانه‌، دیموكراتییه‌كان به‌ توندی ڕه‌خنه‌یان له‌ دۆناڵد تره‌مپ گرت و ڕایان گه‌یاند، ئه‌وه‌ ئه‌نجامی بانگه‌شه‌كانی خۆیه‌تی له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی كه‌ هه‌مووی هانابردن بوو بۆ نایه‌كسانی و پێشخستنی ئه‌مه‌ریكیی ڕه‌سه‌ن و دروستكردنی جیاوازی له‌ نێوانیاندا.

سه‌رچاوه‌/ سكای نیوز


وشە - تایبه‌ت