دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا ڕای گه‌یاند كه سنووره ده‌ره‌كییه‌كانی داده‌خات، كه‌مپه‌كانی یۆنان و ئیتاڵیا پڕ بوون و په‌ناخوازان له دۆخێكی ته‌واو دژواردان، ته‌نانه‌ت ژماره‌یان هێنده زۆره، وڵاتی یۆنان له گرتووخانه‌كاندا جێی كردوونه‌ته‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرتێك كه ده‌زگه‌ی "infomigrants" ئاماده‌ی كردووه، له ناوچه‌یه‌كی سه‌وزی گه‌شتیاری له‌سه‌ر ده‌ریای ئیجه كه هه‌ركه‌س بۆ گه‌شت بڕوات لێی تێر نابێ، له په‌ناخوازانی عێراق و سووری و چه‌ند وڵاتێكی تر، نه‌ك خه‌یاڵیان به‌لای گه‌شت و سروشتی دڵڕفێن نییه، به‌ڵكو له دۆخێكی ناهه‌مواردا ده‌ژین و له دوورگه‌ی "سامۆس"ی یۆنان جێگیر كراون و له كه‌مپی RIC خۆیان ناونووس كردووه و چاوه‌ڕێی ده‌رفه‌تێكن، كاتێك ده‌یانبینی، وا ده‌زانی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك كراونه‌ته گرتووخانهیهكهوه پێی ده‌گوترێ به‌هه‌شت.
ئه‌و كه‌مپه‌ی ئه‌م ئاوارانه‌ی لێ گیر كراوه، له بنه‌ڕه‌تدا گرتووخانه بووه و بۆ 700 تاوانبار دروست كراوه، به‌ڵام ئێسته هه‌زار و 500 په‌ناخوازی لێ دانراوه، تاوانه‌كه‌یان هه‌ر ئه‌وه‌یه خه‌ڵكی كۆمه‌ڵێ وڵاتن كه شه‌ڕ ڕێی ژیانی لێ تێك داون، له نێویاندا 300 منداڵی تێدایه كه له دۆخێكی ناهه‌مواردان و كۆی گشتی پێك هاتوون له خه‌ڵكی سووریا، عێراق، ئه‌فغانستان، ئێران و هه‌ندێكیشیان له وڵاتانی ئه‌فریقاوه ڕۆیشتوون.
هیوای ئه‌م په‌ناخوازانه و ده‌یان هه‌زاری تر كه ڕوویان له ئه‌وروپا كردووه، هه‌لێكی تره بۆ ژیانێكی باشتر له‌وه‌ی تا ئێسته لێی بوون، به‌ڵام كاتێك ده‌رگه‌كانیان به ڕوودا داخراوه، تووشی تاسان بوون و له دۆخێكی ئاڵۆزدان كه نه‌ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه، نه ئومێدێكی ئه‌وه‌نده دڵخۆشكه‌ریش هه‌یه به‌وه‌ی به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی باشتر بڕۆن.
دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری په‌ناخواز گه‌یشتنه ئه‌وروپا، وڵاتانی یه‌كێتییه‌كه له مانگی ئادار/مارسی 2016 بڕیاریان دا سنوورێك بۆ ئه‌و كۆچڕهوییه دانێن و ئیتر به ته‌واوی سنووره‌كانیان به ڕوویاندا دابخه‌ن، ئه‌مه‌ش وای كردووه، له كه‌مپه‌كانی ئیتاڵیا و یۆنان گیر بخۆن. ئه‌م كه‌مپه‌ی له ڕاپۆرته‌كه‌دا باس كراوه، نموونه‌یه‌كه له ده‌یانی تر.
منداڵانی ئه‌و كه‌مپه له‌لایه‌ن ڕێكخراوێكی خێرخوازیی ناحكوومییهوه ئاوڕێكی سه‌ره‌تایییان لێ دراوه‌ته‌وه و جگه له به‌رگ و خۆراك كه پێداویستی بنه‌ڕه‌تین، هه‌وڵی داوه یاریی منداڵانه‌شیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌ڵام وه‌ك پێویست نییه و ئێسته دوای ئه‌و ڕێگرتنانهیان، ته‌نانه‌ت هاوكارییه‌كانیشیان وه‌ك پێویست بۆ ناكرێ و ته‌نیا فریاگوزاریی سه‌ره‌تایییان پێ ده‌گات.
فریدریك ڤان دۆگن به‌رپرسی هه‌ماهه‌نگیی دامه‌زراوه‌ی هۆڵه‌ندی بۆ كاری خێرخوازی كه له دوورگه‌ی سامۆنی یۆنانی بۆ هاوكاریی ئه‌و په‌ناخوازانه كار ده‌كات، ئاماژه به ڕۆڵێكی گرنگی وه‌رگێڕه‌كان ده‌كات كه له‌ناو په‌ناخوازاندا ئه‌وانه‌ی ئینگلیزی ده‌زانن، ده‌ریان هێناون و كاری وه‌رگێڕانیان پێ ده‌كه‌ن، ئه‌مه بۆ ئه‌وان گرنگییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه كه به ته‌واوی له زمان و ڕۆشنبیریی ئه‌و خه‌ڵكه ده‌گه‌ن كه زۆربه‌یان زمانی ئینگلیزی نازانن.
ده‌زگه‌ی infomigrants كه ئه‌م ڕاپۆرته‌ی كردووه، تایبه‌ته به كاروباری په‌ناخوازان و هه‌وڵ ده‌دات ده‌نگیان بگه‌یه‌نێت به دنیا و ئاگه‌داری زۆربه‌ی په‌ناخوازه‌كانی گۆی زه‌وین و به به‌رده‌وامی ڕاپۆرتیان له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و له ماڵپه‌ڕه‌كه‌یان به زمانه‌كانی ئینگلیزی، فڕه‌نسی و عه‌ره‌بی بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه و له لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ده‌زگه میدیایییه‌كانی دنیا، ڕاپۆرته‌كانیان بایه‌خی ته‌واوی پێ ده‌درێ.
ڕێكخراوی BRF هۆڵه‌ندی ئاماژه به‌وه ده‌كات، وێڕای ژماره‌یه‌ك خۆبه‌خش كه كاریان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، ئه‌وان هێشتا پێویستیان به خۆبه‌خشی زیاتره، چونكه ئه‌و په‌ناخوازانه به ته‌واوی گیریان خواردووه و ناتوانن له‌و مۆڵگه‌یه‌ی بۆیان دیاری كراوه، سنوور ببه‌زێنن، بۆیه هه‌موو هاوكارییه‌كیان پێویسته تا ڕه‌وشی ژیانیان به شێوه‌یه‌كی نیمچه ئاسایی به‌ڕێوه بچێت، بۆیه هه‌ر خۆبه‌خشێك له دنیادا كه پزیشك، په‌رستار، توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی یان هه‌ر شتێك بێت، ده‌توانێ له ڕێی ئینته‌رنێته‌وه پێوه‌ندییان پێوه بكات.
هه‌ر خۆبه‌خشێك تا ئێسته چووه بۆ لایان، ماوه‌ی دوو هه‌فته ماوه‌ته‌وه و هه‌شیانه مانگێك ماوه‌ته‌وه، تیاشیدایه كه چه‌ند مانگێك له‌گه‌ڵیان به‌رده‌وام بووه، به‌ڵام به زۆری له‌به‌ر دۆخه دژوارهكهیان نه‌یتوانیوه زۆر بمێنێته‌وه.
ئه‌گه‌رچی له دوای ئه‌و داخستنی سنوورانه‌ی ئه‌وروپا، ڕێژه‌ی وه‌رگرتنی په‌نابه‌ر به ته‌واوی كه‌می كردووه، به‌ڵام به به‌رده‌وام به‌هۆی دۆخی خراپی ئه‌و ناوچانه‌ی لێی ده‌ڕۆن، خه‌ڵكی وڵاته‌كانیان به‌جێ ده‌هێڵن و به ئومێدی ده‌ستكه‌وتنی مۆڵگه له ئه‌وروپا ملی ڕێ ده‌گرن، به‌پێی ڕاپۆرتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ژماره‌ی په‌نابه‌رانی دنیا گه‌یشتووه‌ته نزیكی 70 ملیۆن كه‌س، ئه‌مه‌ش به گه‌وره‌ترین ڕووداوی كۆچ له مێژوو هه‌ژمار ده‌كرێ.
وه‌ك له‌و ڕاپۆرتانه‌دا هاتووه، مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێ ڕێژه‌كه به‌رز ببێته‌وه بۆ 1%ی هه‌موو خه‌ڵكی دنیا، بۆیه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داوای سه‌قامگیری ده‌كات له‌و ناوچانه‌ی زۆرتر خه‌ڵك لێیان ڕا ده‌كات كه نیوه‌یان له وڵاتانی وه‌ك سووریا، ئه‌فغانستان، سۆماڵ، عێراق و چه‌ند وڵاتێكی تری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه ڕۆیشتوون.