له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانی عێراق گیرا

:: PM:04:44:14/08/2017 ‌

هێزێكی تایبەتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەسەر ڕاسپاردەی دەستەی دەستپاكی عێراق، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراقی بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل گرت و ڕاپێچی گرتووخانەیان كرد.

نەقیب نەزهات خزر ئاشكرای كرد، هێزێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەسەر ڕاسپاردەی دەستی دەستپاكی عێراق "سامر كبە" بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانی عێراقیان گرت، دوای ئەوەی دۆسیەی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیلی لەسەر یەكلا بووەوە.

سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نازم ساعدی لەوبارەوە گوتی، پێویستە دادگا نەچێتە ژێر فشارەكان و بەهیچ شێوەیەك بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق ئازاد نەكات و بەشێوەیەكی شەفافانە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكات و ئەو مافیایانەش لە گەندەڵییەكانی بەشدار بوون و پارەی گشتییان دزیوە و سزا بدرێن.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ، پێشتر ئاماژەمان پێ دا كە گەندەڵیی گەورە لە هێڵی ئاسمانی عێراق لە دامەزراندن و كارەكان و ئامادەكردنی فڕۆكە لە وێستگەكانی دەرەوە و كڕینی سووتەمەنی هەیە كە تەنیا لە سووتەمەنییەكەی بڕی ملیۆنێك دۆلار مانگانە دەچێتە گیرفانی گەندەڵكاران.

عێراق بەگوێرەی ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، بە یەكێك لە گەندەڵترین وڵاتانی دنیا دادەنرێ و ڕیزی هەرە پێشەوەی وڵاتانی گرتووە، لە دزی و گەندەڵی و بەهەدەردانی پارەی گشتی.




وشە - باز ئه‌حمه‌د