گەشتوگوزار سێیەم كەرتی پڕ داهاتی دنیا كە دەكرێت كوردستان بیقۆزێتەوە

:: PM:05:03:14/08/2017 ‌

هەرێمی كوردستان شوێنێكی زۆر لەبارە بۆ ئەوەی كەرتی گەشتوگوزار بكات بە یەكێك لە داهاتە سەرەكییەكانی خۆی و لە ئاستی جیهانیدا كێبەركێی وڵاتە پێشكەوتووەكان بكات لە راكێشانی گەشتیاری بیانی، بەڵام ئەوەی لە كوردستان گەشەی سەندووە زیاتر گەشتیاری ناوخۆیی عێراق بووە و نەیتوانیوە سەرنجی گەشتیارانی بیانی بۆ لای خۆی رابكێشێت.

كەرتی گەشتوگوزار كە هەندێك جار بە هەناردەی نادیاریش ناسراوە لە ئابووری وڵاتانی دنیا، رۆڵێكی زۆر گرینگ دەبینێت و بە سێیەم كەرتی گرنگی ئابووری دنیا هەژمار دەكرێت. پیشەسازییەكەی جۆرێكە بە كەمترین خەرجی، زۆرترین داهات بۆ وڵاتان دەستەبەر دەكات و بە گشتی لە هەر ١٥ كرێكار یان خاوەن پیشەی دنیا یەكێكیان لە كەرتی گەشتوگوزاردا كار دەكات.

رێكخراویUNWTO كە رێكخراوی گەشتوگوزاری جیهانییە و بارەگاكەی لە ئیسپانیایە، دەڵێت لە ساڵی ٢٠١٤دا ژمارەی گەشتیارانی دنیا بریتی بووە لە ملیارێك و ١٨٤ ملیۆن كەس و بە گشتی سەرووی تریلیۆنێك دۆلار داهاتیان بۆ وڵاتان هەبووە و ٢٦٠ ملیۆن هەلی نوێی كاری خوڵقاندووە كە دەكاتە ١٠%ی هەموو پیشەكانی دنیا.

بەگوێرەی "تەنین" رێكخراوەكە پێشبینی كردووە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٠ تێكڕای رێژەی گەشەی ژمارەی گەشتیاران بگاتە ٣.٨% و لە ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی گەشتیاران لە دنیادا بگاتە یەك ملیار و ٨٠٠ ملیۆن كەس.

فڕەنسا بە راكێشانی ٨٤ ملیۆن گەشتیاری بیانی سەركەوتووترین وڵات و لە دوای ئەویش ئەمەریكا بە ٧٥ ملیۆن گەشتیار و ئیسپانیا بە ٦٥ ملیۆن گەشتیار، توانیویانە لە باشترینی ئەو وڵاتانە بن كە پێشوازییان لە زۆرترین گەشتیار كردووە.

هەر بە پێی راپۆرتی ئەو رێكخراوە، سێ لە گرنگترین شارە گەشتیارییەكانی دنیا بریتین لە هۆنگ كۆنگ بە ٢٤ ملیۆن گەشتیار، سەنگافوورا بە ٢١ ملیۆن گەشتیار و لەندەنیش بە ١٦ ملیۆن گەشتیار. لە ئاسیا وڵاتی مالیزیا سەركەوتووترین وڵات بووە لە پرسی راكێشانی گەشتیارانی بیانی و دەیەوێت لە ساڵی ٢٠٢٠ پێشوازی لە سەرووی ٣٥ ملیۆن گەشتیاری بیانی بكات، بەو هەنگاوەش پشكی كەرتی گەشتوگوزار لە بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی نیشتمانیGDP سێ هێندەی ئاستی ئێستەی بەرز دەكاتەوە. كۆوالامپوور ئێستە بە شەشەم شاری گەشتیاریی دنیا هەژمار دەكرێت.

گەشتكردن بەگوێرەی وەرز و كات و شوێن و مەبەست لە گەشتكردنەكە گۆڕانكاری بەسەر دێت و هەر گەشتیارێك كاتێك سەردانی شوێنێك دەكات، مەبەستێكی سەرەكی وا دەكات روو لە شوێنە دیاریكراوەكە بكات. مەبەستەكە دەتوانێت بۆ حەسانەوە و پشوو وەرگرتن، بۆ دەرمانكردن، بۆ زیارەت، بۆ بواری كولتووری و ئابووری و وەرزش و چەندان جۆری تر بێت.

بەگوێرەی "ئاسێمونی" جۆرە گەشتكردنێك هەیە بۆ بواری تەندروستی و دەرمانە و مەرج نییە ئەو وڵاتە لە زانستی پزیشیكدا پێشكەوتوو بێت، بەڵكو لەوانەیە خاوەنی هەندێك گەڕاو و كانی تایبەت بێت كە گەشتیاران حەز دەكەن سەردانی بكەن. هەندێك وڵات خۆر تێیاندا كەمە و لە وڵاتێكی تر زۆرە و لەوانەیە تەنیا لەبەر ئەوەی هەندێك تیشكی خۆری بەربكەوێت وڵاتەكە بۆ گەشتكردن هەڵبژێرێت.

هەرێمی كوردستان لە زۆربەی جۆرەكانی گەشتیاری زەوینەی لەباری هەیە تا گەشتیاران لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە. هەرێمی كوردستان لە هەموو وەرزێكدا دەتوانێت گەشتیاران لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە. لە وەرزی هاوین شوێنێكی گونجاوە بۆ گەشتیارانی وڵاتانی عەرەبی تا چێژ لە كەشوهەوای وەربگرن و ئەو چێژە لەوانەیە لە وەرزی زستان بۆ گەشتیارانی ئەوروپا گونجاوتر بێت كە پێویستیان بە تیشكی خۆر هەیە. هەرێمی كوردستان هەندێك شوێنی هەیە كە بەفر هەرگیز لێیان تەواو نابێت و لە هاویناندا خۆشترین كەشوهەوای هەیە كە رەنگە دەستخستنی لە زۆر وڵاتی تر ئاستەم بێت. جگەلەمە هەرێمی كوردستان بۆ وەرزشی خلیسكانەی سەر بەفر و فڕین بە ئامێری تایبەتی و شاخەوانی لەبارە و زۆرێك لە وڵاتان دەشتایین و هەرگیز ناتوانن ئەو جۆرە وەرزشانەیان تێدا بكرێت.

جۆرێكی تری گەشتیاری هەیە كە بە گەشتوگوزاری كشتوكاڵی ناسراوە و خەڵكێك حەز دەكات سەردانی گوند و كێڵگەكانی كشتوكاڵی بكات و لە نزیكەوە چێژ لە بەرهەمی فرێش وەربگرێت و كوردستان بۆ ئەو جۆرەش ئامادەیە و دەكرێت بقۆزرێتەوە و كاری بۆ بكرێت. بەڵام تا ئێستە كاری بۆ نەكراوە و ئەگەر لە هەندێك شوێنیش هەوڵی باش نرابێت لە گەشەی كشتوكاڵی، ئەوا بە گەشتیاری نەكراوە و گەشتیار نازانێت چۆن لە گوندێك بمێنێتەوە و چێژ لە بەرهەمەكانیان وەربگرێت.

جۆرێكی تری گەشتكردن هەیە تایبەتە بە شوێنەوار و هەرێمی كوردستانیش لەو رووەوە زۆر دەوڵەمەندە و تەنیا ئەو ئەركە دەكەوێتە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان تواناكان بۆ گەشتیاران بڕەخسێنێت.




وشە - سلێمان تاشان