ئاسمانی تاران پڕ دەبێت لە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان

:: AM:11:24:02/11/2016 ‌

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای پۆستەی ئێران، حوسێن میهری رای گەیاند، كۆمپانیاكەیان پلانی داناوە بۆ ئەوەی لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بكات بە بەكارهێنانی ژمارەیەك فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، بۆ گەیاندن و گواستنەوەی پۆستە بەپەلەكان لە نێوان دامەزراوە گشتییەكانی تاران.

لەوبارەیەوە ئاژانسی هەواڵەكانی ئێران "ئیرنا" بڵاوی كردووەتەوە، كە ئەو فڕۆكە بێ فڕۆكەوانانەی كە بڕیارە لەلایەن ئەو كۆمپانیایەی پۆستە بۆ ئەو مەبەستە بەكار بهێنرێن، دروستكراوی پەیمانگەی پۆستە و پێوەندییەكانی سەر بە وەزارەتی پێوەندی و زانیارییەكانی وڵاتەكەن، هەروەها فڕۆكەكان لە توانایاندا هەیە تا كێشی چوار كیلۆ كەلوپەل بۆ مەودای دووریی 10 كیلۆمەتر بگوازنەوە.

حوسێن میهری رای گەیاندووە، لە ئێستەدا بۆ دەستكردن بەو پڕۆژەیە، تەنیا چاوەڕوانی ئەوەن كە بتوانن دەسەڵاتدارانی شارەكە رازی بكەن، بەوەی گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵبكەن.

بەڵام بە گوێرەی زانیارییەكان، پێ دەچێت ئەو كارەی ئەو كۆمپانیایە ئەگەر ئەنجامیش بدرێت، رووبەڕووی كێشە و گرفتی زۆر ببێتەوە، چونكە پڕۆژە هاوشێوەكانی ئەوە كە پێشتر لە دنیادا تاقیكراونەتەوە ئاسان نەبوون، بۆ نموونە كۆمپانیای ئەمازۆن پێشتر لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، هەمان پڕۆژەی ئەنجام دا بۆ گواستنەوەی پۆستەی بەپەلە لە ریگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە، بەڵام رووبەڕووی دەیان كێشەی تەكنیكی بووەوە.

سەرچاوە: سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی