داعش لە حەمرین خۆی ڕێك دەخاتەوە

:: AM:08:26:15/08/2017 ‌

ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، بەشێوەیەكی چڕوپڕ لە جموجۆڵدایە و خۆی لە چیای حەمرین ڕێك دەخاتەوە و بەشێكی زۆر لە سەركردەكانیشیان لەو شاخە بوونیان هەیە، بە گوتەی فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە، داعش خۆی بۆ شەڕی پارتیزانی ئامادە دەكات و حەمرینی كردووە بە بنكەی نوێی خۆی.

دوای شكستهێنان و بەدەستەوەدانی مووسڵ كە ماوەی دوو ساڵ پایتەختی داعش بوو لە عێراقدا، ئێستە ئەندامانی ئەو ڕێكخراوە بەرەو چیای حەمرین جووڵەیان كردووە و هاوكات ماوەیەك بەر لە ئێستە داعش ویلایەتی جەبەلی ڕاگەیاند وەك ئاماژەیەك بۆ جەبەل حەمرین. لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووشدا ئەو چەكدارانە چەند چالاكییەكی پارتیزانییان ئەنجام داوە.
لیوا حاجی حەمە ڕێگر لێپرسراوی میحوەری پێنجی كەركووك، بۆ "وشە"ـی ڕوون كردەوە، داعش هەموو هەوڵ و هێزی خۆی لە سنووری زنجیرە چیای حەمرین كۆ كردووەتەوە بۆ شەڕی پارتیزانی بۆ سەر ئەو ناوچانەی دەیانگاتێ‌.
زنجیرە چیای حەمرین لە رووی جیۆگرافی و سەربازییەوە بە ناوچەیەكی سەخت‌ و دژوار دادەنرێت‌ و لە ناوچە سنوورییەكانی ئێرانەوە بە پارێزگاكانی دیالە و كەركووك‌ و سەڵاحەدیندا درێژ دەبێتەوە تا نزیك سنووری سووریا.
لێپرسراوی میحوەری پێنجی كەركووك، زیاتر گوتی، "هێزی پێشمەرگە هەموو ئامادەكارییەكی هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەك ئەگەر داعش دروستی بكات."
هەرچەندە بەشێكی ئەو ناوچانەی داعش جووڵەیان بۆ دەكات ناوچەی عەرەبین، بەڵام فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە مەترسیی ئەو گرووپە لەسەر كورد و ناوچەكان ناشارنەوە، بۆیە هەموو كات خۆیان لە ئامادەباشیدا دەبیننەوە.
وەستا ڕەسووڵ فەرماندەی‌ هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری چواری باشووری كەركووك، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، لە پاش هێرشەكانی سوپای عێراق بۆ سەر مووسڵ‌ و شكستی داعش لەو شارە، چەكدارانی داعش بەشێوەی‌ تاك تاك ‌و مەفرەزە دەگەڕێنەوە ناوچەی‌ حەمرین‌ و شارۆكەی حەویجە.
زیاتر دەڵێ‌، "ئەو ناوچەیەی داعش هەڵیبژاردووە سەختە و بە ئاسانی كۆنتڕۆڵ ناكرێت، هاوكات شوێنێكی باشە بۆ گرێدانەوەیان بە سووریا كە یارمەتیدەریان دەبێت بۆ ئاسانی هاتوچۆی چەكدارەكان لە نێوان عێراق ‌و سووریادا."
ژمارەی چەكدارانی داعش لەو سنوورەدا كۆبوونەوەیان ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو زیادبوون دەچێت، تا ئازادكردنەوەی حەویجەش ناتوانرێت ئەو مەترسییە بڕەوێندرێتەوە و ئەو ناوچەیە لە چەكدارانی داعش پاك بكرێتەوە.
عەبدوڵا بۆر فەرماندەی‌ میحوەر لە خورماتوو، بۆ "وشە"ـی ڕوون كردەوە، داعش خەونی ئەوەیە ئەو ناوچانە بەدەست بێنێتەوە كە لە ساڵی 2014 لەژێر دەستیدا بوون، بەڵام چیتر ئەو توانایەیان نەماوە و ئەوەی دەتوانن بیكەن شەڕی بچووك و پارتیزانییە و خێرا دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. 
حەمرین و ناوچەكانی نزیكی، مێژوویەكی دوورودرێژیان لە كۆبوونەوەی چەكدارە تیرۆریست و گرووپە توندڕۆكان هەیە لە مێژووی ناوچەكەدا، ئەوەش بەهۆی سەختیی ناوچەكە و ئەو هەلومەرجەی لە دەوروبەری ئەو ناوچانە بۆ گرووپە توندڕۆكان دروست دەبێت.
ئەو گوتی، "شەوانە داعش نزیك دەبنەوە و شەڕی دەروونی لەگەڵ پێشمەرگە دەكەن، هەندێ‌ جاریش تاوەری كارەبا دەتەقێننەوە و خۆیان دەردەخەن و دواتر بۆ حەشارگەكانی خۆیان لە حەمرین دەگەڕێنەوە".

 سلێمانی- هەستی كەمال




وشە - تایبه‌ت