پەرلەمانتارێكی بەریتانیا: مانگێكی تر وڵاتان لەگەڵ ڕیفراندۆمی كوردستان دەبن

:: AM:08:31:15/08/2017 ‌
بەریتانیا یەكێكە لە وڵاتە زلهێزەكانی دنیا و ڕۆڵی لە تەواوی هاوكێشەكانی ناوچەكەدا هەیە، بۆ پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، ئەو وڵاتەیش تەنیا كاتەكە بە گونجاو نازانێ، بەڵام لەناو پەرلەمانەكەیدا پشتیوانانی سەربەخۆیی كوردستان زۆرن. ماری گلیندن پەرلەمانتاری پارتی پارێزگارانی بەریتانیا لە دیمانەیەكی "وشە"دا دڵنیایی دەدات كە بەریتانیا دوای ڕیفراندۆمیش پشتیوانی سیاسیی كوردستان دەبێ و لە هاوكارییەكانی بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێ. 
ئەو پەرلەمانتارە تیشك دەخاتە سەر ئەوەیش كە دوای مانگێكی تر ئەو وڵاتانەی لەگەڵ كاتی ڕیفراندۆمی كوردستان كێشەیان هەیە، ناچارن قبووڵی بكەن و لەگەڵی بن.

* كوردستان لە 25 ئەیلوول/سێپتێمبەر ڕیفراندۆم ئەنجام دەدا؟ هەڵوێستی بەریتانیا چییە؟
- وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕای گەیاند كە ئێمە لە ویست و خواستەكانی كورد تێ دەگەین، بەڵام ئێستە كاتێكی گونجاو نییە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەڵام ئێمە لە گرووپی پەرلەمانتارانی هەموو فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان كە منیش یەكێكم لە ناویاندا، پڕۆژە پێشنیازێكمان پێشكەشی پەرلەمان كرد تا پێشوازی لە ڕیفراندۆمی كوردستان بكرێ و ڕێز لەو مافەی گەلی كوردستان بگیرێت مافی چارەی خۆنووسینی خۆیان دیاری بكەن، كەی و چۆن ئەو مافە پێڕەو دەكەن، ئەوە تایبەتە بە خۆیان، هاوكات پێشتریش لە گفتوگۆیەكی ناو پەرلەمان گوتم هەرچەندە كوردستان هەزار میل لێمانەوە دوورە، بەڵام ئازایەتی و قارەمانی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر سوودی گەورە و ڕاستەوخۆی بە بەریتانیا و دنیا گەیاند، ئێمە قەرزاری كوردستانین و قەرزەكەیشمان گەورەیە و پێویستە بتاندەینەوە، جگەلەوە سووربوونی خۆم ڕاگەیاند لەسەر پشتیوانیكردنی بەریتانیا و كۆی حزبەكانی ناو پەرلەمان بۆ ئەوەی ئێوە مافی چارەی خۆنووسینی خۆتان جێبەجێ بكەن و دڵنیام ئازادبوونی ئێوە سوودی زۆری بۆ جیهانی ئازاد و دیموكرات دەبێ.

* پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بە ئاشكرا پشتیوانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانی ڕاگەیاند، ئەی حزبەكانی تر هەڵوێستیان چییە؟
- ئەو پڕۆژەیەی خستمانە بەردەم پەرلەمان، هەموو حزبەكانی تێدا بوو، لە ئەندامانی پارتی پارێزگاران و پارتی كار و پارتی نیشتمانی وێڵز و پارتی نیشتمانی سكۆتلەندا و پارتە نەتەوەیییەكان، بە ڕوونی هاوسۆزن لەگەڵ كوردستاندا، چونكە هەمووان شایەتی بوێری و دلێری و ئازایەتی پێشمەرگەن كە چۆن بەرگری لە بەهاكانی مرۆڤایەتی كرد و تیرۆریستانی شكاند و باوەشی بۆ پێڕەوانی ئاینەكانی تر كردەوە كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە كوردستان كرد. هاوكات لە كوردستان فرەیی و ئازادی ئاینی و لێبووردەیییەكی زۆر هەیە، ئەمانە وای كردووە هەمووان لەگەڵ كوردستان بین و پشتیوانتان بین.

* ئێستە بەریتانیا پێوەندی باش و هاوكاری سەربازی و ڕاهێنەرە سەربازییەكانی مەشق بە پێشمەرگە دەكەن. دوای ڕیفراندۆم، چۆن مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكەن؟
- باوەڕم وایە هیچ ناگۆڕێ و بەم شێوەیەی ئێستە پێوەندی و هاوكارییەكان بەردەوام دەبن، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئێستە لەگەڵ چەند وڵاتێكی تر كار دەكەن بۆ نوێكردنەوەی پەیكەری هێزی پێشمەرگە و یەكخستن و ڕێكخستنەوەی، مەشقكردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبێ و وڵاتانی تریش بەردەوام دەبن، ئێمە لە پەرلەمان وەك گرووپی پەرلەمانتارانی سەرجەم حزبەكان سڵ ناكەینەوە لە پێشكەشكردنی پڕۆژە بڕیاری زیاتر بۆ پابەندكردنی حكوومەت بە هاوكاری زیاتری كوردستان و پێشمەرگە و چارەسەركردنی پێشمەرگە بریندارەكان.

* بەڵام كوردستان كەناراوی نییە تا بگات بە وڵاتانی دنیا، ئەگەر وڵاتان سنوور دابخەن، بەریتانیا ئامادەیە پشتیوانی كوردستان بكات؟
- ڕاستە سەركردایەتیی كوردستانیش ئەوەیان لەبەرچاو گرتووە كە كوردستان لەسەر دەریا نییە، بەڵام پاراستنی وڵاتەكەتان بە بنیاتنانی پێوەندیی تۆكمە و بازرگانیی هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ دراوسێكان كارێكی گرنگ دەبێ، باوەڕم وایە بەریتانیا بەردەوام دەبێ لە پێشكەشكردنی پشتیوانی سیاسی بۆ كوردستان وەك هاوپەیمانێكی باش و متمانەپێكراو.

* وڵاتان دەڵێن كاتەكە بۆ ڕیفراندۆم گونجاو نییە، ئایا كاتێكی نموونەیی هەیە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كوردستان؟ بەریتانیا خاوەنی كۆنترین ئەزموونی دیموكراتییە، ئایا پێچەوانەی بنەما دیموكراتییەكان و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان دەوەستنەوە؟
- ئێوە مافی خۆتانە بڕیار بدەن و دەشكرێ پێشنیازتان بۆ بكرێ لەوەی ئێستە كاتی نییە، بەڵام پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێ كە ئەو هەنگاوەی كوردستان بەهۆی شكستی فیدراڵیەتە لە عێراق لە دەیەی ڕابردوودا، هاوكات بەهۆی پابەند نەبوونە بە دەستووری عێراق بۆ ڕوانینی بە یەكسانی بەرامبەر هەر پێكهاتە و تاكێكی عێراق، زۆرینەیان لەو بڕوایەدان ئێستە كاتی سەربەخۆیی كوردستان هاتووەتە ئەو ئاستەی بخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام زۆریش هەن دەیانەوێ تیرۆر و داعش ڕێشەكێش بكەن و دڵنیا بن لە دروست نەبوونەوەی ڕێكخراوی تری تیرۆریستی هاوشێوە و ڕێگر بن لە پاشماوەی داعش بۆ دووبارە دەستكردنەوە بە جموجۆڵ. بەگشتی هیچ لایەك دژی ئەو مافەی كوردستان نییە.

* ئایا ئاسایییە وڵاتانی ئازاد و دیموكرات دژی بنەمایەكی دیموكراتی و ئازادی و مافی مرۆڤ بوەستنەوە كە لە پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە؟
- زۆر لە وڵاتان ئێستە دۆخەكەیان لەبەرچاو تەواو ڕوون نییە، بەگوێرەی لێكدانەوەكان لە مانگی داهاتووەوە لەگەڵ واقیعەكە دەبن و لەگەڵ دۆخە سیاسییەكە هەنگاو دەنێن و بەشێوەیەكی گشتی ڕێگر نابن، دەوڵەتە نەتەوەیییەكان هانی ئەوە نادەن دەوڵەتێكی تری نەتەوەیی دروست ببێ، بەڵام لە چەند دەیەی ڕابردوو چەندان دەوڵەتی تری هاوشێوە دروست بوون، بە تەواوی بابەتەكە پێوەستە بە ئێوە كە هەمووتان ئەو داوایە بكەن و ئەنجامی بدەن، دوای ئەوە پشتیوانی بەدەست دێنن.

* لە عێراق، ئێران هەژموونی خۆی سەپاندووە و میلیشیاكان خەڵك دەكوژن و هێزی مەزەوین، ئایا بەریتانیا و ڕۆژئاوا بەلایانەوە ئاسایییە میلیشیا هێرش بكەنە سەر كوردستان؟
- هیواخوازم كوردستان بە ئامانجەكەی بگات و پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق لە ئاستێكی زۆر باش بهێڵێتەوە، ئەگەر وەك بەشێك لە عێراق بێ ئێستە یان لە داهاتوو ببێ بە دراوسێی، هاوكات پێویستیشە عێراق میلیشیاكان بخاتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی و پەنا بۆ هێز نەبرێ و پێویستە بە دانوستاندن بەغدا و هەولێر بگەن بە ڕێككەوتن لەسەر دیاریكردنی سنووری باشووری كوردستان بە شێوازێكی كۆتا وەك كەركووك و ناوچەكانی تر.

* پێوەندییەكانی كوردستان و بەریتانیا لە ئێستە و داهاتوو چۆن پێناسە دەكەیت؟
- پێوەندییەكانی شانشینە یەكگرتووەكان و كوردستان زۆر باشە، وەزیرەكانمان كاتێك سەردانی ناوچەكە دەكەن دێنە هەولێر، گەلی بەریتانیا لە مەینەتییەكانی خەڵكی كوردستان لە ڕابردوو تێگەیشتووە، لە 1991یش بەریتانیای مەزن پشتیوانی دانانی هێڵی دژەفڕین و دانانی پەناگەی ئارام بوو بۆ كوردستان، بۆ ڕێگریكردن لە دروستبوونی كۆمەڵكوژی تر لەلایەن سەدام حوسێنەوە، بۆیە بەریتانیا بەردەوام دەبێ و لە داهاتووش پێوەندییە سیاسییەكان و بازرگانی و خوێندنی باڵا و كاركردن لە نێوان هەردوولامان بەردەوام دەبێ.



وشە - باز ئه‌حمه‌د