له سنوری گه‌رمیان نزیكه‌ی سێ هه‌زار زیندانی ئه‌نفال تا ئێسته وه‌ك زیندانیی سیاسی مووچه‌یان بۆ نه‌بڕاوه‌ته‌وه، به‌رپرسان و لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان هۆكاره‌كه‌ى بۆ ته‌نگژه‌ى دارایى ده‌گێڕنه‌وه.
ئیبراهیم محه‌مه‌د یه‌كێك له زیندانیكراوانى سه‌رده‌مى ئه‌نفال، به"وشه"ى راگه‌یاند كه وێڕاى ئه‌وه‌ى ده‌یان كه‌سى تر مووچه‌یان بۆ بڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وان له مووچه بێبه‌ش كراون.
دایكی ئارام له شاره‌دێی رزگاری زێدی به‌جێماوانی ئه‌نفال، بۆ "وشه"ى روون كرده‌وه، "ساڵی 1988 له‌ناو زیندان دوو منداڵم بوو، له گرتووخانه‌ی به‌عسدا نانی ره‌ق و ئاوی گه‌رمیان پێ ده‌داین، كه‌سوكارمان هه‌موو زینده‌به‌چاڵ كران و تا ئێسته‌ش مووچه‌مان بۆ نه‌بڕاوه‌ته‌وه".
پاڵپشت به یاساى ماف و ئیمتیازاتى گیراوان و زیندانیانى سیاسى كه ساڵى 2011 له په‌رله‌مانى كوردستان په‌سند كراوه، ئه‌وانه‌ى له شاڵاوه‌كانى ئه‌نفال زیندانى كراون، مووچه‌یه‌كى مانگانه‌یان بۆ دابین ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و مووچه‌یه ته‌نیا به‌شێك له‌و گیراوانه‌ى قۆناغه‌كانى ئه‌نفالى گرتووه‌ته‌وه و زۆرى تر، لێى بێبه‌شن.
فه‌رهاد تۆفیق به‌رپرسی كۆمه‌ڵه‌ی زیندانییه سیاسییه‌كانی كوردستان/نووسینگه‌ی گه‌رمیان، به"وشه"ی گوت، چه‌ندان لیستى ناوى زیندانییانى سه‌رده‌می ئه‌نفال ئاماده كراون، لیسته‌كانى یه‌ك تا هه‌شت مووچه‌یان بۆ بڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و ناوانه‌ى كه‌وتوونه‌ته لیسته‌كانى نۆ بۆ 11 له ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ماونه‌ته‌وه و ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر نه‌دراوه.
روونى كرده‌وه، "لیستى ژماره نۆ، 474 ناو، لیستى ژماره 10 ناوى 239 كه‌س و لیستى 11 ناوى 515 كه‌س و لیستى ژماره 12 ناوى 580 كه‌سى له‌خۆ گرتووه، ئه‌وه جگه له لیستێكى تر كه ناوى 324 كه‌س له‌خۆ ده‌گرێت و هیچ كامیان مووچه‌یان بۆ نه‌بڕاوه‌ته‌وه".
به‌گوێره‌ى به‌دواداچوونى كۆمه‌ڵه و رێكخراوه‌كانى پێوه‌ست به ئه‌نفال و زیندانییانى سیاسى، هۆى دابین نه‌كردنى مووچه بۆ ئه‌و ناوانه، له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه بۆ ته‌نگژه‌ى دارایى ده‌گه‌ڕێته‌وه.
فه‌تاح ته‌نیا دامه‌زرێنه‌ری "رێكخراوی 14/4" /تایبه‌ت به دۆزی ئه‌نفال/ بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا "لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانى وه‌ك وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و كۆمه‌ڵه‌ى زیندانییه سیاسییه‌كان به كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانین له‌و دۆسیه‌یه‌دا، ناكرێت چه‌ند هه‌زار كه‌سێك مووچه‌یان پێ بدرێت و چه‌ند هه‌زار كه‌سێكى تر بێبه‌ش بكرێن، له كاتێكدا یاساكه هه‌موویان ده‌گرێته‌وه، بۆیه پێویسته حكوومه‌ت چاره‌سه‌رى ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه بكات".
وشه/گه‌رمیان-سه‌بری هۆرینی