بزانە رۆناڵدۆ تا ئێستا چەندجار سڕ كراوە

:: AM:09:51:15/08/2017 ‌

دوێنێ دووشەم یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بەفەرمی سزای راگرتنی پێنج یاریی بەسەر كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی سەپاند بەهۆی هەڵسوكەوتێكی ناشیرین بەرامبەر ناوبژیوانی یاریی كلاسیكۆی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری.

یەكشەمی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە یاریی چوونی جامی سوپەری ئیسپانیا لە دەرەوەی یاریگە و جەماوەری خۆی لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە ئەنجامی 1-3 گۆڵ سەركەوتنی بەسەر یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری بەدەستهێنا.

رۆناڵدۆ لەو یارییەدا بەشێوەی یەدەگ هاتە نێو یاریگە و دوای تێپەڕبوونی چەند خولەكێك گۆڵی دووەم و پێشكەوتنی بۆ یانەی ریال مەدرید تۆمار كرد، لە كاتی ئاهەنگی گۆڵەكەدا و بەهۆی لەبەركردنەوەی درێسەكەی، ریكاردۆ دی بۆرگۆسی ناوبژیوان كارتێكی زەردی بەڕوویدا بەرز كردەوە.

دوای تێپەڕبوونی 2 خولەك ناوبژیوان كارتێكی زەردی تری بەڕووی رۆناڵدۆ بەرز كردەوە بە تۆمەتی ئەوەی نمایشی بۆ لێدانێكی سزا كردبوو و بەمەش لە یارییەكەدا بە كارتی سوور كرایە دەرەوە.

بەر لە چوونە دەرەوە رۆناڵدۆ وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر ئەم كارتە سوورە لە دواوە بەدەست پاڵی بە ناوبژیوانەكە دانا، بەڵام ركاردۆی ناوبژیوان هیچ هەڵوێستێكی نەنواند تەنیا سەیركردنێكی كورت نەبێت.

ئەم كارەی رۆناڵدۆ بووە هۆی ئەوەی ناوبژیوانەكە لە راپۆرتی یارییەكەدا ئاماژەی پێ بكات و بەمەش لیژنەی ناوبژیوانانی یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا سزای راگرتنی 5 یاریی بەسەر سەپاند.

رۆناڵدۆ لەوەتەی لە ساڵی 2009وە پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە كردووە، تا ئێستا لە 15 یارییدا بەهۆی هەڵسوكەتی نەشیاوەوە لە یاریكردن دوورخراوەتەوە.

یەكەم كارتی سووری رۆناڵدۆ لە یانەی ریال مەدرید لە وەرزی یەكەمی یاریكردنی بوو لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ئەلمیریا، لە خولەكانی سەرەتای یارییەكەدا رۆناڵدۆ بۆ دەربڕینی خۆشی تۆماركردنی گۆڵ درێسەكەی لەبەر كردەوە و كارتێكی زەردی وەگرت، دواتریش بەهۆی ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر یاریزانێك كارتێكی تری زەردی بەروویدا بەرز كرایەوە.

دوای مانگێك لەو كارتە سوورە، رۆناڵدۆ لە یارییەكەی تری خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی مەلەگە كارتێكی سووری تری بەشێوەی راستەوخۆ وەرگرت بەهۆی ئەوەی توندوتیژی بەرامبەر یاریزانێكی تیپی بەرامبەر ئەنجامدابوو.

دوای ئەمە رۆناڵدۆ بۆ ماوەی 3 وەرز هیچ كارتێكی سووری وەرنەگرت تا لە یاریی دێربی شاری مەدرید بەرامبەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید توندوتیژی بەرامبەر گابی ئەنجامدا و بەهۆیەوە كارتی سووری بەڕوویدا بەرز كرایەوە.

لەسەردەمی كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ئیتاڵیشدا رۆناڵدۆ لەناو یاریگەی ئەتلەتیك بیلباو توندتیژی بەرامبەر یاریزان ئیتۆراسپی ئەنجامدا و بەهۆیەوە بەكارتی سوور لەلایەن ناوبژیوانەوە دەكرا.

دوایین كارتی سوور بەر لە كارتە سوورەكەی پێرێ یەكشەمی جامی سوپەری ئیسپانیا، رۆناڵدۆ لە مانگی یەكەمی 2015 بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی دوو یاریزانی یانەی كۆردۆبا لە خولی ئیسپانیا كارتی سووری بەڕوویدا بەرز كرایەوە.

جێی باسە رۆناڵدۆ بەهۆی سزاكەی دوێنێ دووشەمەوە، لە یاریی گەڕانەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا یاریی ناكات كە بڕیارە سبەی چوارشەم لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بێتە ئەنجامدان، هەروەها لە چوار یاریی سەرەتای وەرزی نوێی خولی پلە یەكی ئیسپانیاش یاری ناكات بەرامبەر یانەكانی دیپۆرتیڤۆ لاكڕۆنیا، ڤالێنسیا، لیڤانتی و ریال سۆسیداد.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م