ئایا نیمار بەهۆی جێهێشتنی بەرشەلۆنە خەمبارە بووە؟

:: AM:10:14:15/08/2017 ‌

نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی ئاشكرای كرد كە دڵخۆشە ئێستا لە ریزی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی یاریی دەكات و رەتیشی كردەوە بەهۆی جێهێشتنی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی خەمبار بووبێت.

چەند رۆژێك پێش ئێستا نیمار بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو لە یانەی بەرشەلۆنە پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانەوە كرد، بەمەش ئەو ئەستێرەیەی بەڕازیل بووە گرانترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا.

نیمار پێرێ یەكشەم لەیەكەم یاریی خۆی و دووەم یاریی یانەی پاریس سان جێرمان لە خولی فڕەنسا بەرامبەر یانەی گانگۆن ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد و گۆڵێكی دروست كرد و گۆڵێكیشی تۆمار كرد، یانەكەشی بە 3 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی بردەوە.

نیمار لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەرچەندە بڕیاری جێهێشتنی یانەی بەرشەلۆنە بۆ من زەحمەت بوو، بەڵام ئێستا لە فڕەنسا و یانەی پاریس سان جێرمان دڵخۆشم.

زیاتر گوتی: خەڵكی پێیانوایە جێهێشتنی بەرشەلۆنە واتە مردن، بەڵام بۆچوونەكان پێچەوانەیە و ئێستا من لە باشترین دۆخی ژیاندام.

نیمار ئاماژەی بەوەشدا كە شێوازی یاریكردنی یانەی پاریس سان جێرمان هەمان شێوازی یاریكردنی یانەی بەرشەلۆنەی هەیە تەنیا ئەوەی گۆڕاوە شار و وڵات و یانەكەیە.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە یەكشەمی رابردوو لە یەكەم یارییدا دوای نیمار لە جامی سوپەری ئیسپانیا لەنێو یاریگە كامپ نوو بە ئەنجامی 1-3 گۆڵ بەرامبەر یانەی ریال مەدریدی ركابەری دۆڕا، سبەی چوارشەمیش هەردوو یانەكە لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریی گەڕانەوە ئەنجام دەدەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م