خواردن بەسەر 311 خێزانی ئاوارە دابەش دەكرێت

:: AM:11:47:02/11/2016 ‌

لە میانەی پێشوازیكردن لەو ئاوارانەی لەم ماوەیەی دواییدا، بە هۆی دروستبوونی جەنگ لە ناوچەكانی سەر بە پارێزگای مووسڵەوە ئاوارە بوون، دەزگەی خێرخوازیی بارزانی، لەمڕۆوە دەستی كردووە بە دابەشكردنی دوو ژەمە خۆراكی گەرم، بە شێوەیەكی رۆژانە بەسەر 311 خێزانی ئاوارەدا.

بە گوێرەی راگەیەنراوێكی ئەو دەزگەیە كە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە، ئەو ئاوارانە لە كەمپی زیلكانی سەر بە شارۆكەی شێخان نیشتەجێ بوون، بڕیاریشە دەزگەی خێرخوازیی بارزانی هاوكارییان بكات و رۆژانە دوو ژەمە خۆراكی گەرمیان بەسەر دابەش بكات.

لە راگەیەنراوەكەدا ئەوەش ئاماژەی پێ دراوە، كە ژمارەی ئەو ئاوارانە 311 خێزانە كە لە هەزار و 581 كەس پێك هاتوون.

بەگوێرەی ئاماری رێكخراوەكان لە دوای دەستپێكی شەڕی ڕزگاری مووسڵ تا ئێستە  نزیكەی شەش هەزار كەس ئاوارەبوون و پێشتریش بەهۆی داگیركردنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە نزیكەی 500 هەزار كەس ئاوارەی كوردستان بوون، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوەكانی تری دنیا بەر لە جەنگی مووسڵ پێشبینی ئاوارەبوونی زیاتر لە 750 هەزار کەسی خەڵكی مووسڵیان كرد بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش حەوت كەمپ بۆ پێشوازی ئاوارەكان كرایەوە و رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانیش بەردەوام كۆمەك و هاوكاری مرۆیی پێشكەشی ئاوارەكان دەكەن.


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی