كەنەدا پێشوازی لە منداڵێكی ئێزیدی كرد

:: AM:10:25:15/08/2017 ‌

دوای ئەوەی منداڵێكی ئێزیدی لە كاتی رزگاركردنی لای راستی مووسڵ لە لایەن هێزە عێراقییەكان دۆزرایەوە، بووە جێی سەرنجی تەواوی میدیاكانی دنیا و ئێستەش كەنەدا پێشوازی لەو منداڵە دەكات.

رێناس دنایی كەسێكی نزیكی ئەم منداڵە بە ''وشە''ی  گوت، عیماد مشكۆ تەمۆ كە منداڵە ئێزیدییەكەیە لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤ كەوتە دەست چەكدارانی داعش، پاشان وەك قەڵغانی مرۆیی لە شەڕی رزگاركردنی مووسڵ لە لایەن چەكدارانی داعش بەكار هێنرا و لە ناو باڵەخانەی رووخاوی ئەو شارە دۆزرایەوە.

ئەو روونی كردەوە كە باری دەروونی و جەستەیی منداڵەكە تێك چووبوو و تا ئێستەش باوك و بەشێكی زۆر لە ئەندامانی خێزانی عیماد لە دەستی چەكدارانی داعشدان و چارەنووسیان دیار نییە. عیماد لە كۆمەڵگەی شاریای سەر بە شارۆكەی سیـمێلی پارێزگای دهۆك بە كەسوكاری هاتبووە سپاردن.

وڵاتی كەنەدا ئەو منداڵەی وەك پەنابەر وەرگرتووە و شەوی ١٤ لەسەر ١٥ی مانگ گەیشتە كەنەدا و لەو وڵاتەش بە شێوەیەكی تایبەت پێشوازیی لێ كرا. لە شارەكانی كەنەدا و لە وێستگەی شەمەندەفەرەكان و شەقامەكان وێنەی عیماد هەڵواسرابوو.

دهۆك/ كاروان باعەدرێ








وشە - سلێمان تاشان